ئەمڕۆ شەممە (١٢ی ٤ی ٢٠٢٥)، دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان،
لە مەكۆی سەرەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە باژێڕوان و رێكخەرانی ژور و سەرپەرشتیاری مەكۆكان
و نوێنەرانی جڤاتی گشتی كۆبووەوە.
ئامانج لە كۆبونەوەكە، تاوتوێكردنی دواین پەرەسەندنە سیاسیەکانی هەرێم و عێراق
و ناوچەكە لەلایەک و، هەنگاوە پێویستەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی داهاتو بو.
دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لە ئێستادا
بزوتنەوەی گۆڕان بەدۆخێكی سەختی رێكخراوەیدا تێدەپەڕیت، بەڵام كێشەكان چەند گەورەبن؛
ویست و ئیرادەی گۆڕانخوازان بۆ چارەسەرکردنیان و بەهێزكردنەوەی گۆڕان، وەك بزوتنەوەیەكی
جەماوەری ئۆپۆزسیۆن؛ بەهێزتر و گەورەترە، لەبەرئەوە هەمو ئەو كێشانەی هاتونەتە ڕێگەی
گۆڕان بە پشتیوانی هەموان چارەسەر دەبن و بەیانمان لە ئەمڕۆ ناچێت.
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەختیشی كردەوە، گۆڕان ماڵی هەمو گۆڕانخوازانە،
ماڵی هەمو ئەو كەسانەیە لەساڵی (٢٠٠٩)ەوە پشتیوانیان کردوین و دەنگیان پێداوین، هەربۆیە
پێویستە لەسەر هەمومان بەیەكەوە بزوتنەوەی گۆڕان بەهێزبكەینەوە، ڕوانگە جیاوازەکان
بکەینە خاڵی بەهێزکردنەوە و گەڕانەوەی متمانە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ڕێکخەری گشتی ئەو هەنگاوە یاساییانەی كەوتوەتە
سەر بزوتنەوەی گۆڕان لە گرێدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی، لەژێر رۆشنایی یاسا كارپێكراوەكانی
دەوڵەتی عێراق و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای
سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە هەوڵی جێبەجێکردنیانداین.
لەو ڕوانگەیەوە، ڕایگەیاند: كۆنفرانس دەكەینە سەكۆی كۆكردنەوە هەمویان، وێستگەی
دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و وەلانانی خاڵە جیاوازەكان، چونكە خەڵكی كوردستان، گۆڕانخوازان
و هەمو دۆستەكانمان چاوەڕوانی ئەوەن بەئیرادەیەكی هاوبەش، كە خەمی گشتی و بەرژەوەندی
گشتی لەپشتەوەیە؛ ئەم قۆناغەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان تێپەڕێنین و هەموان بەیەكەوە
بزوتنەوەی گۆڕان سەرپێ بخەینەوە.
232 جار خوێندراوەتەوە