چوار دۆسیەی گرنگ محەمەد شیاع سودانی دەهێنێتە هەولێر

KNN : Kurdish News Network
10:00 - 12/04/2025
کوردستان
+
-

بڕیارە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چوار دۆسیەی گرنگ کۆببێتەوە.

 

 

هەواڵ:KNNC

 

 

بڕیار نامیق، پەیامنێری کەی ئێن ئێن لە سلێمانی رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار دۆسیەی گرنگە، یەکێک لە دۆسییەکان، پرسی پێکهێنانی هاوپەیمانییەتیەکە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی سودانی، ئەمڕۆ ئەو پێشنیارە دەخاتە بەردەم بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.

 

 

هاوکات، دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن تا بگەنە رێکەوتنێک سەبارەت بە دابینکردنی خەرجی ئەو کۆمپانیایانە، چونکە لە ئێستادا هیچ بەرەبەستێک لەبەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە.

 

 

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ، بەوپێیەی لەماوەی رابردو بە نێوەندگیری ئەمەریکا پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا بەرەوپێشچونی باشی بەخۆوە بینیوە.

 

 

پەیامنێری کەی ئێن ئێن راشیگەیاند، دۆسیەی ئەمنی عێراق و ناوچەکە پرسێکی دیکەیە کە سودانی هێناوەتە هەولێر، ئەمڕۆ دانوستانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عوممان بەڕێوەدەچێت، دواین پەسەرەندنە ئەمنییەکان لەگەڵ بەرپرسانی هەریمی کوردستان تاوتوێدەکەن.

 

 

هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆدەبێتەوە.

2745 جار خوێندراوەتەوە