بۆچی ترەمپ پاشەکشەی لە بڕیاری باج کرد؟

KNN : Kurdish News Network
08:48 - 10/04/2025
ئابوری
+
-

دوای هەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی باج لەسەر دەیان هاوبەشی بازرگانی ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکەوە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ناوبراو ڕاگرتنی بڕیارەکە بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕاگەیاند.

هەواڵ:KNNC

ڕۆژی چوارشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترو سۆشیال، سەرۆکی ئەمریکا لە هەنگاوێکی کتوپڕدا، بڕیاری بەشێک لە باجەکانی ڕاگرت و رێژەی باجی 10٪ی هێشتەوە تاوەکو ڕێگە بە دانوستان بدات، بەڵام باجی نوێی لەسەر کاڵا چینییەکان بۆ 125٪ بەرزکردەوە.

 

هۆکارەکان چین؟
ئەوەی پرسیاری زۆری لەسەر هۆکارەکان دروستکرد، دوای ماوەیەکی کەم سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەرکەوت بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات و ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هەنگاوی ڕاگرتنە یەکشەممەی ڕابردوو لە میانی کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو کەسەدا گفتوگۆی لەسەر کراوە.

 

بێسنت لە کۆشکی سپی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: بە دور و درێژی قسەمان کرد، ئەمە ستراتیژیەتی ترەمپ بووە لە سەرەتاوە.

 

هەروەها ڕوونی کردەوە کە زیاتر لە 75 وڵات پەیوەندییان بە واشنتۆنەوە کردووە و لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی باج، لەسەرو هەمویانەوە وڵاتی ژاپۆن.

تەرکیز لەسەر دانوستانەکان
لە کاتێکدا کەم کەس بە ئاشکرا هۆکاری بڕیارەکەی ترەمپیان ئاشکرا کردووە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە هۆکاری ئەم پاشەکشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆرێک لە وڵاتان دانوستان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دەکەن لەبارەی ئەو بڕیارەوە.

 

جگە لەوەش وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا هانی ترەمپی داوە کە سەرنجی لەسەر دانوستانەکان بێت.

 

زانیارییە رۆژنامەوانییەکان ئەوەیان ئاشکراکردوە، کە ترەمپ لە سەرەتاوە کاریگەری لەسەر بووە بەهۆی دابەزینی بازاڕی بۆرسەوە، هەروەها هەندێک لە سەرکردە بازرگانییەکانیش نیگەرانبون لە زیادکردنی باجەکان.

 

هاوکات یاریدەدەرێکی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەلەفۆنەکەی سوزی وایڵز، سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی سەدان نامە و پەیامی بۆ رۆشتوە و کە جەختیان لەوە کردەوە لەوەی "دەرچەیەک بۆ دەربازبون لەو دۆخە بدۆزرێتەوە".


ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا دوای هەفتەیەک لە گێژاوی بازاڕ دێت، کە بەهۆیەوە بۆرسەکانی جیهان بە سەدان ملیار دۆلار زیانیان تێدا کرد.

4003 جار خوێندراوەتەوە