یەکێک لە کێشەکانی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان کەمی خوێندنگایە، زۆرێک لە خوێندنگاکان دوو دەوام و سێ دەوام هەیە، ئەوەش وایکردوە کە خوێندکار وەک پێویست ئەم بەشەوانانەی کە دەبێ لە ساڵی خوێندن بیخوێنێت کە مافیەتی ئەستەمبێت.
من ئێستا خەریکی نووسینی پرۆژەیەکم کە لە ڕێگایەوە بتوانین کەسانی هەبوو و دەوڵەمەند و خاوەن پرۆژە لە هەرێمی کوردستان هانبدەین خوێندنگا دروست بکەن.
لە یاسای باج، یاسایەک هەیە کە هەر کەسێک مزگەوت دروست بکات لێخۆشبوونی بۆ دەردەچێ لە باج دان، پرۆژەکەی من ئەوەیە، لەگەڵ مزگەوت خوێندنگا و بنکەی تەندروستی زیاد بکرێت، بەو مانایەی هەر کەسێک خوێندنگایەک، بنکەیەکی تەندروستی، مزگەوتێک دروست بکات لە باجدان لێخۆشبووونی بۆ دەرچێت. بەمەش دەوڵەمەندەکان هاندەدەین و هەلیان بۆ دەرەخسێنین خزمەت بە کۆمەڵگاکەیان بکەن و هەروەها یەکێک لە کێشە گەورەکانی بواری پەروەردە و فێرکردنمان بۆ چارەسەردەبێت.
ناکرێ هەڵگری دروشمی خزمەت ودڵسۆزی وڵات بیت و خوێندن و خوێندنگا هەڕاج بکەیت. گرنگی دان بە خوێندن و زانست ئاستی هوشیاری و دڵسۆزیت بۆ گەل و وڵات نیشاندەدات. هەر حکومەتێک گرنگی دا بە خوێندن حکومەتێکی سەرکەوتوو دەبێت وڵات و کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتوویی دەبات، بەداخەوە لە ماوەی حکومڕانی کوردیدا ئەوەی گرنگ نەبوو لەلای حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات کەرتی پەروەردە و فێرکردن بوو، ساڵ بە ساڵ خوێندن پاشەکشەی کردوە، هەر حکومەتێک و وەزیرێکی تازە هاتووە بە ئارەزووی خۆی دەستکاری سستمی پەروەردەی کردوە بێ ئەوەی زانیاری هەبێت یان بۆچوونی شارەزایان و دڵسۆزانی بواری پەروەردە بەهەند وەربگرێت، تا وایلێهات ئاستی خوێندن و زانست بگاتە ئاستێکی زۆر نزم.
گرنگی دان بە خوێندنگای تایبەت و گوێنەدان بە خوێندگاکانی گشتی وای کرد خوێندنی گشتی بەهای نەمێنێت و زانست و مەعریفەت هەڕاج بکرێت لە بازاڕ، ئەرکێکی ئابووری قورسیش بخرێتە سەر خێزان، خێزانەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێربن و خوێندنێکی جێگیریان هەبێت ناچارن بیاننێرنە خوێندنگای تایبەت.
تەنانەت لە وڵاتانی سەرمایەداریش کەرتی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی بە تایبەت ناکرێن، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس یەک خوێندنگای تایبەت هەبوو بە ناوی (ڕاهیبات) کە بە پارەیەکی ڕەمزی بوو، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەو خوێندنگایە بە حکومی کراو بڕیاردرا کە نابێت هیچ خوێندنگایەکی تایبەت بوونی هەبێ لە عێراق.
فرۆشتنی خوێندنگا پەیامێکە پێمان دەڵێت، حکومەت کەرتی پەروەردە و فێرکردن و زانست ومەعریفە وهوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بە خوێندەواری کردنی نەوەی داهاتووی لەلا گرنگ و مەبەست نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە بەرژوەندی دەسەڵاتدایە گەلێکی نەخوێندەوار و بێ ئاگا هەبێ و توانای پرسیارکردنی نەبێت، گەلێک هاوار نەکات بەیەک دەنگ بڵی ئەو هەموو سەروەرت پارەیەتان لە كوێ بوو لە کاتێکدا بە جلێکی دڕاوەوە هاتنەوە ناومان.
ئەرک و بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کە بێدەنگ نەبین بەرامبەر بە هەراج کردنی خوێندن و خوێندنگاکان، بێدەنگ بوون بەرامبەر بە بێ بەهاکردنی خوێندن زۆر مەترسیدارترە لەوەی ئەو ماوەیە بێدەنگ بووین بەرامبەر بە دزینی داهات وقووتی خەڵک، هەڕاج کردنی خوێندن و خوێندنگاکان واتای ئەوەیە تا چەندین نەوەی تر کۆمەڵگایەکی دەستەمۆ وبێدەنگ و ماف خوراو بەرهەم دەهێندرێت، نەوەیەک بەرهەمدێت درک بە ئەرک و مافەکانی ناکات، توانای بەشداری کردنی نابێت لە بەرەوپێشجوون و گەشەکردنی کۆمەڵگا، بەمەش مەیدان چۆڵ دەبێت بۆ کەسانی هەلپەرست و نەخوێندوار و بێ توانا بەڕێوەمان ببەن.
کوردستانی ئێمە زۆر قوربانی داوە و نەهامەتی زۆر بینیوە، شاییستەی زۆر لەوە زیاترە گرنگی پێبدریت وهەوڵ بدرێت لە ڕێگای سیستمێکی پەروەردە و فێرکردنێکی هاوچەرخ و پێشکەوتوو نەوەیەکی خوێندەوار، پڕ زانست، هوشیار، خاوەن دید و پرسیار، دڵسۆز و کوردپەروەر بەرهەم بێنین کە خەون و ئاواتی شەهیدەکانمان و ئێمەش بێننەدی.
747 جار خوێندراوەتەوە