ئاوایا سەرکردە!

پێناسەکانی سەرکردە زۆرن و ئاڵۆزن، بينيس نوسه‌ر و شاره‌زا و لێکۆڵه‌ره‌وه‌ له‌ بواری سه‌رکرده‌ و خاوه‌ن کتێبی (چۆن ده‌بیت به‌ سه‌رکرده‌) زیاتر له‌ 350 پێناسه‌ی سه‌رکرده‌ی کردوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لە هه‌مو پێناسەکان‌ له‌سه‌ری کۆکە، (سه‌رکرده‌ ئه‌و که‌سایه‌تیه‌یه‌ ئه‌رکی راسته‌قینه‌ی ئه‌وه‌یه‌ میللەتەکەی به‌ره‌و رێگایه‌کی ڕاست دروست ببات).

 

 

سه‌رکرده‌ی راسته‌قینه‌ ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌یە بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکه‌که‌ی و دابین کردنی ژیانێکی شه‌رە‌فمه‌ندانه‌ بۆ گه‌له‌که‌ی فه‌راهه‌م بکات، به‌مه‌ش سۆز و خۆشه‌ویستی گه‌له‌که‌ی به‌ده‌ست دێنێت، ده‌بێته‌ هێزێکی مه‌عنه‌وی گه‌وره‌ بۆ سه‌رکرده‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌توانێ روبه‌ڕوی هه‌مو کێشه‌ و نا ئومێدیه‌ک ببێته‌وه‌ و گه‌له‌که‌ی به‌ره‌و که‌ناری ئارام ببات.

 

سه‌رکرده‌  ده‌بێ خاوه‌ن که‌سایه‌تییه‌کی کاریگه‌ر بێت، توانای کاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری و خاوه‌ن بیر و ژیریه‌کی زۆربێ له‌ کاتی هه‌ر ته‌نگه‌ژه‌یه‌ک حه‌کیمانه‌ رێگاچاره‌ی گونجاو بگرێته‌به‌ر بۆ دورخسته‌وه‌ی گه‌له‌که‌ی له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو، سه‌رۆک پله ‌و پایه‌ نییه‌، به‌ڵکو به‌رپرسیارێتیه‌.

 

 به‌رپرسیارێتییه‌کی زۆر گه‌وره ‌و هه‌ستیاره،‌ چاره‌نوسی گه‌له‌کی له‌به‌رده‌سته، زۆر جار سه‌رۆک وه‌ک باوکی گه‌ل ناوزه‌ند دەکرێت.

 

بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا خاوەن ئەم جۆرە سەرکردەیە نین، ئەوەی هەن بە پێچەوانەی پێناسەی سەرکردەن، ئەوەی لەلایان گرنگ نییە بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگا و وڵاتە ئەوان هەمو بەهایەک و مۆڕاڵێکی کۆمەڵگایان خستوەتە ژێر پێیان لە پێناو خۆیان و حیزبەکەیان. نەیانتوانی لەڕێگای کاری باش و دڵسۆزیان بۆ خاک و نەتەوە و میللەتەکەیان سۆزی خەڵک بەدەستبێنن، پەنا دەبەن بۆ توندوتیژی و تۆقاندن .

 

ئەوەی لەو ماوەیە بینیمان لە بانگەشەی هەڵبژاردن، لوتکەی نەفامی و بێ باکی ئەوانە بو کە ناویان لە خۆیان ناوە سەرکردە، تەنها شێوازی بانگەشەکەیان پێویستی بە دەیان ساڵ ئیشکردنە لە بواری پەروەردە لەلایەن کەسانی دڵسۆز و شارەزا لە بواری پەروەردە بۆ ئەوەی ئەم نەوەیە بهێنێتەوە سەر رێگای راست و ببن بە خاوەن پەروەردەیەکی دروست. 

 

سەرکردە پێشەنگە و پێشڕەوە، ئەوانەی ئێستا وەک سەرکردە لە هەرێمی کوردستان دەناسندرێن، پێشەنگێکی زۆر خراپن، کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر نەوەی ئێستا و داهاتویان هەیە. ئەوانە پێناسەی بەها و موڕاڵیان شێواندوە، کۆمەڵگایان سەلێشواندوە، لە جیاتی ئەوەی فێری راستگۆی و پارەستی باهاکانیان بکەن. 

 

گەلی کورد شایەنی سەرکردەیەی دڵسۆز و پاکە، سەرکردەیەک حکیمانە کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد بکات. 

 

سەرکردەیەک ژیانێکی سەربەرزانەیان بۆیان دەبین بکات و شکۆیان بپارێزێت. 

 

سەرکردەیەک ببێت بە پێشەنگ نەوەی داهاتو شانازی پێوەبکەن.

282 جار خوێندراوەتەوە