گرنگی دوواناوەندیە پیشەییەکان بۆ کۆمەڵگا

هەموو جۆرە پیشەیەک گرنگی و بەهای خۆی هەیە و پێویستە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگا. بۆ ئەوەی کار و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان ئاسان بێت، پێویستیان بە پیشەجیاجیاکان دەبێت.

 

خوێندن و فێرکردنی پیشەکان بەشێکە لە سستمی پەروەردە و فێرکردن. لە وڵاتە پێشکەوتووەکان گرنگیەکی زۆر بەم بەشە دراوە، بەهۆی درک پێکردنیان بە گرنگی و زەرورەتی گەشەپێدان بە پیشەجیاجیاکان لە کۆمەڵگا و گرنگی فێرکردنی پیشەوەرەکان پیشەکەیان بە شێوازێکی زانستی.

 

لە سستمی پەروەردە و فێرکردی هەرێمی کوردستان ئەم بەشەش وەک کۆی سستمی پەروەردە و فێرکردن وەک پێویست نییە و دەکرێ بڵێن فەرامۆشترین بەشە لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان. فێرخواز لە دوای تەواو کردنی قۆناغی ناوەندی، چەند هەڵبژادەیەکی کەمی لەبەردەستە بۆ ئەوەی بتوانێت پیشەیەک بخوێنێت و بیکات بە پێشەی و کاری سەرەکی خۆی.

 

گرنگە هەموو پیشەوەرێک بڕوانامەی هەبێ لە پیشەکەی و بەشێوازێکی زانستی پیشەکەی فێرببێت. ئەوەی هەیە لە هەرێمی کوردستان کەمترین گرنگی بە بڕوانامە و خوێندی پیشەیی دراوە، تەنانەت ئەم بەشە پیشەییانەی هەن، ئەو کەسانەی دیخوێنن کە حەز بە خوێندن ناکەن، لەناو کۆمەڵگاش گرنگی بەم بەشەپیشەییانە نادەن و بە کەم بەها سەیردەکرێت.

 

هەر هەموو پیشەیەک گرنگی و بەهای خۆی هەیە لەناو کۆمەڵگا. ئەگەر ئەم پیشەوەرەی سستمی غازی ئەم ماڵەی دانا لە سلێمانی و پیشەوەرێک بایە خاوەن بڕوانامەی پیشەیی با؟

 

ئەم کارەساتە گەورەییەی لێدروست نەدەبوو. ئەگەر پیشەکان گرنگ نەبن و وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی  و بەها بۆ خاوەن بڕوانامەی پزیشک و ئەندازیار دادەنێن، لەبەرامبەردا پزیشکەکان نەیاتوانی قوربانییەکانی ئەو کارەساتەی پیشەوەرە بی بروانامەکە دروستی کرد ڕزگاربکەن ، ، بۆیە وەک چۆن پێویستمان بە پزیشکی خاوەن بڕوانامەی بەرز هەیە، ئاوا پێویستمان بە پیشەوەرەکانی ترهەیە خاوەن بڕوانامەی بەرز و زانیاری دروست بن لە پیشەکەیان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکەمان و خەڵکەکەمان باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت کە شاییستەین.

 

 لێرەدا باسی سسستمی خوێندنی پیشەیی لە وڵاتی نەرویج دەکەم بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە ئەزموونی ئەم وڵاتە پێشکەوتووە وەربگرین. لە نەرویج هەموو پیشەوەرێک دەبێ بڕوانامەی لە پێشەکەی بەدەستهێنابێت، دەنا بۆی نییە کار بە پیشەکەی بکات، هەرچەند شارەزاییشی زۆریشی هەبێ لە پیشەکەی.

 

خوێندنی پیشەیی پینج ساڵە، سێ ساڵ تیۆری دەخوێنن و دوو ساڵ بە کرداری لە شوێندک پیشەکە پەیڕەودەکەن، دوایی ئەوە بڕوانامە بەدەست دەهێنن و دەتوانن کاری پێبکەن.

 

 لە دووای خوێندنی ناوەندی فێرخواز زیاتر لە ١٥ بەشی پیشەیی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بچێت پیشەیەک فێربێت و لەڕێگاییدا بژێوی ژیانی خۆی پەیدابکات. لە وڵاتی نەرویج توانیویانە بەها بۆ پیشە جیاجیاکان دابنێن وکۆمەڵگا بە گرنگیەوە سەیری پیشە و پیشەوەرەکان دەکات، هیچ پیشەیەک بە گرنگتر نازاندرێت لە ئەوەی تر، هەر هەموویان گرنگن و پێویستن و تەواوکەری یەکترن، ئەوەش وایکرد لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێژەی ئەو فێرخوازانەی ئارەزوویان هەبوو بۆ خوێندنی پیشەیی گەیشتە ٩١% واتا تەنها ١٠% فێرخوازەکان بەشی گشتیان هەڵبژادبوو تیایدا بخوێنن، تا ئێستاش بەم ڕێژەیە بەردەوامە.

 

یەکێک لەو هەڵەنەی لە پەروەردەی منداڵ دەکرێت لەناو کورد ئەوەیە هەر لە یەکەم ساڵی دەست بەخوێندنی منداڵەکەیان، فێری دەکەن بڵێ کە گەورەبووم دەبم بە دکتۆر یان ئەندازیار، ئەو تێڕوانینە گەورەدەبێت لە زهنی منداڵ و گەورەکانیش، وایلێدێ ئەوەی ئەو کۆلێژانە نەخوێنێت ئەو بەهایەی نابێت لەناو خەڵک کە دەیخوازێت، بە چاویکی کەمتر سەیری پیشەکانی تردەکریت، بۆیە هەموو دایک و باوکێک هەوڵی زۆردەدەن وپارەیەکی زۆر بەکاردێنن و زەختێکی دەرووی زۆر دەخەنە سەر منداڵەکەیان بۆ ئەوەی زۆر بخوێنی و نمرەیەکی بەرز بهێنێت بە هەر شیوازێک بێت بۆ ئەوەی یەکێک لەو کۆلێژانە وەربگیرێت کە بەهای هەیە لەناو خەڵک.

 

خێزان نابی بەهیج شێوەیەک باس لە دوارۆژی منداڵەکەیان بکرێت، ئەوەی گرنگە فێربوونە، دواتر کە منداڵەکەیان گەورەبوو بەخۆی حەز و ئارەزوەکانی لە کام بواربوو ئەو بوارە هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لەو کارەی بەخۆی هەڵیبژاردوە.
وەزارەتی پلاندانان ئەرکیەتی ساڵانە دەستنیشانی ئەو پیشەیە یان بڕوانامەیە بکات کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی و هەلی کارکردنی زیاترە و پێش چاوڕوونی بدات بە فێرخوازان بۆ ئەوەی ئەم بەشە بخوێنن، دوای تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە هەلی کارکردنیان زیاتربێت. ناکرێ هەموومان منداڵەکانمان هاندەین بۆ ئەوەی ببن بە پزیشک یان ئەندازیار یان پارێزەر، ئەوە پێداویستی کۆمەڵگا بڕیاردەدات چ پیشەیەک لە ئێستادا کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی، ئەگەر زۆربەی دەرجوان لە بوارێک بوون ئەی پیشەکانیتر کە پێویستن لە کوێ بیانهێنین؟ دەبێ هاوسەنگی لە نێوان پیشەکان دروست بێت، ئەوەش کاری حکومەتە.

 

ئەرکی حکومەت وپەرلەمان و وەزارەتی پەروەردەیە گرنگی و بەها بۆ خوێندنی پیشەیی دروستبکەن و بەشەکان زیاد بکرێت بەشێوەیەک هەموو پیشەیەک بخوێندرێت و بە شێوەیەکی سەردەمیانە وزانستیانە فێربکرێن، هیج پیشوەرێک بێ ئەوەی بڕوانامەی هەبێ لە پیشەکەی بۆی نەبێ کارەکەی بکات. ئەمەش بە یاسا دەبێ بچەسپێ.

84 جار خوێندراوەتەوە