مێژو ئەوە لەبیرناکا، ئەو نەتەوەیەی قوربانیدا؛ جەلادەکەی پاداشت کرد!

دوای سی و پێنج ساڵ لە یادی تاوانی بەدناوی ئەنفال و کۆمەڵکوژی کورد، ئەوەی لە تاوانی ئەنفال بە ئازارترە، ئەم ڕاستیە تاڵانەیە:

یەکەم/ بەرەی کوردستانی و عەقڵیەتی ئیدارەدانی پارتی و یەکێتی تۆمەتبارانی بەشدار لەو تاوانەیان پاداشت کرد!

دووەم/ هەزاران سەرۆک جاش و موستەشار و جاشیان بێ مەرج لە بڕیاری لێبوردنی گشتی بەخشی!

سێیەم/ وەکچۆن، لەدوای ڕاپەڕین (١٩٩١)، تۆمەتبارانیان پاراست و داڵدەدا، ئەوهاش دوای پرۆسەی ڕزگاری عێراق (٢٠٠٣)، بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقیان خستە لاوە و ئەو (٢٥٨) موستەشارەی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچو، نەک ڕادەستی دادگا نەکران، بەڵکو ئیتمتیازباران کران!

چوارەم/ قوربانیان و کەسوکاری ئەنفالکراون لە ماف و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بێبەشکران، لەبەرامبەردا تاوانبار و تۆمەتباران بە دەیان پاسەوان، موچەی بەرز و خانەنشینی، دیوەخانانە و ئیمتیازاتی بەهەشتی پاداشت کران!

پێنجەم/ بە کردار ڕەوایەتی درا بە پرۆسەی بەشداری لە پرۆسەکانی تاوانی ئەنفالدا، ئەمەش نەک لەبەرئەوەی تۆمەتباران ڕادەستی دادگا و لیژنەی لێکۆڵینەوە و ئیجباری داوای لێبوردن و خۆخستنەژێر پرسیار نەکران، بەڵکو نفوز و دەسەڵات و قەڵەمڕەویان فراوانکرا.
کەواتە، مێژو ئەوە لەبیرناکا، ئەو نەتەوەی قوربانیدا، جەلادەکەی پاداشت کرد!

300 جار خوێندراوەتەوە