ئەگەرەکان لەبارەی توشبوەکەی ئیدارەی راپەڕین

 ئەمڕۆ ٢١ی٣ی٢٠٢٠، راگەیاندنی حاڵەتێکی توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناحیەی سەنگەسەری ئیدارەی راپەڕین، وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ دامەزراوە تەندروستیەکانی هەرێم و خۆفێکی زیاتر بۆ سایکۆلۆژیای خەڵک لێدرا.

توشبوەکە تەمەنی ٣٧ ساڵە و ئەندامی خانەوادەیەکی دەستکورتی سەنگەسەرە. زیاتر لە ١٨ساڵە کرێکاری بەنزینخانەیە. هیچ سەردانێکی ئێران و هیچ وڵاتێکی دیکەی نەکردوە.کەسوکاری دوچاری نەخۆشی کۆرۆنا نەبون. هەمو ئەم زانیارییانە خاڵی جیاکەرەوەی ئەم حاڵەتەن لەگەڵ حاڵەتەکانی پێش خۆی!

هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی و تیمە تەندروستیەکان دژوارتر بو، ترسی خەڵکیش زیاتر و خۆپارێزیش پێویستە بچێتە دۆخێکی چڕتر! پرسیارەکە ئەوە، ئایا توشبوانی کۆرۆنا ئێستا دانیشتوانی گەڕەک و شار و شارۆچکەکانی هەرێم و رۆژانە بەرمان دەکەون، ڤایرۆسەکە گەیشتوە پێمان؟ یاخود ئەم حاڵەتی توشبوەی سەنگەسەر دۆخێکی ریزپەڕ و ئیستسنائی هەیە؟ یان ئەگەرەکانی توشبونی چیە؟

توشبوەکە، بەهۆی ئەوەی مانگێک لەمەوبەر دایکی لەدەستداوە و پرسەکەی لە هەریر بوە، (١٠) رۆژ پێشتریش باوکی گیانلیەدەستداوە و لەماڵەوە لە سەنگەسەر ژمارەیەک خەڵک بۆ دڵنەوایی سەریان داوە، دەکرێ لەناو ئەو ژمارەیەدا کەسێک هەبێت لەرێی قاچاخ گەڕابێتەوە بۆ هەرێم و خۆی لە کەرەنتینە دزیبێتەوە و ئەم درمەی بە دیاری بۆ ئەم قوربانیە هێنا بێتەوە.

ئەم ئەگەرە، لەبەرئەوەی قەزای پشدەر(قەڵادزێ) دواین ناوچەی سنوری نێوان ئێران و هەرێمە و، چەندین رێگا و مەرزی نافەرمی بۆ هاتوچۆ هەیە، هاوکاتیش لەسەرەتای دەرکەوتنی ئەم نەخۆشیەش خاڵە سنورییەکان وەک پێویست توندوتۆڵ نەبون و دەکرێ چەند هاوڵاتیەک لە ئێرانەوە بەقاچاخ لەدەرچەکانی:

# هەڵشۆ
# کێلێ
# باوزێ
# نۆکان قاسمەڕەش
# گۆڕەهێلکێ
# ئیسێوە و چەکوان و ئەشکەنە و ..
داخڵی ئیدارەی راپەڕین بووبن و نەچونە ژێرباری رێنمایی و رێوشوێنەکانی خۆپارێزی! یەکێک لەوانە بۆ پرسەی باوکی توشبوەکە سەردانی کردبن و هەڵگری ڤایرۆسەکە بوبێت.

ئەگەرەکەی دیکەش ئەوەیە، هەڵگرێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یان گومانلێکراوێک بەریەککەوتنی لەگەڵ توشبوەکە لە شوێنی نیشتەجێبون، یاخود لە بەنزینخانەکە لەرێی بەدەستەوەگرتنی دەمانچەی بەنرین، یان هەر هۆکارێکی بەریەککەوتن هەبوبێت و ڤایرۆسەکەی بۆ گواستبێتەوە.

دوای ئەگەرەکان، پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی دڵخۆشکەریش بکەین، تیمەکانی سنوری قائیمقامیەتی قەزای پشدەر، جگەلەوەی رێوشوێنی توندوتۆڵیان بۆ چایخانە و خواردنگە و بەنزینخانە و نانەواخانەکان داناوە، هاوکاتیش بەشێوەی عەشوائی تێست و پشکنینان بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک و کرێکاری شوێنە گشتیەکان کردوە و ئەنجامی پۆزەتیڤی ئەم حاڵەتەش لەو میکانیزمەوە سەرچاوەی گرتوە، واتە رێوشوێنە پێویستەکان گیراونەتەبەر.

بەڵام پێویستە دیسان سیگناڵە مەترسیدارەکەمان بیرنەچێ، یاخود خۆمان لەوەڵامی پرسیارەش نەدزینەوە، ئاخۆ جگە لەم کەیسە، چەند حاڵەتی توشبوی دیکەش لەناومانن و بەرمان دەکەون و پێیان نازانین؟! ئالێرەوە پێویستە لە ماڵەوەبونمان ببێتە ئەولەویەتی سەرەکی ژیانی ئەم ماوەیەمان.

پێویستە دۆخی کەرەنتینەکردن بچێتە ئاستێکی توندوتۆڵتر بەتاییەت لە قەزا و شارۆچکەکانی دەرەوەی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و دهۆک، ناوچە ئیدارییەکانی دەرەوەی هەرێمیش.

 پێویستە خەڵک و حکومەت بەیەکەوە شان بدەنە بەر ئەم بەرپرسیارێتیە و هەوڵبدەین کۆمەڵگاکەمان بە کەمترین مەترسی لە نەخۆشی کۆرۆنا دەربازی بێت.

2634 جار خوێندراوەتەوە