بۆ یه‌که‌م جار، وشه‌ی کوردی له‌سه‌ر کاغه‌زی رۆژنامه
له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر چاپ ده‌کرێت، رۆژنامه‌که‌ش ناوی نیشتمانی کورده‌کان
هه‌ڵده‌گرێت و به ناوی "کوردستان"ه‌وه بڵاو ده‌کرێته‌وه. یه‌که‌م ئه‌زمونی
رۆژنامه‌نوسی کوردیش، به‌پێچه‌وانه‌ی رۆژنامه‌نوسی دراوسێکانی، وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی
ئه‌هلیی و ئازاد دێته به‌رهه‌م و، خه‌م و خواستی نه‌ته‌وه و کێماسیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی
عوسمانی و فه‌سادی دائیره‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه.
سه‌ره‌تای په‌یدابونی رۆژنامه‌نوسی هه‌مو گه‌لێک
مێژوی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ئه‌و مێژووه به ستراوه به گه‌لێک هۆکاری جیاوازه‌وه،
رونکردنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه پێویستی به رونکردنه‌وه‌ی زۆر لایه‌نی ژیانی سیاسی
و کۆمه‌ڵایه‌تیه. به نیسبه‌ت په‌یدابونی رۆژنامه‌نوسی کوردی یه‌وه جگه‌له هۆکاره‌کانی
ناوه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ، چه‌ند هۆیه‌کی ده‌ره‌وه ده‌وری زۆریان تێدا بینیوه، یه‌کێک له‌و
هۆیانه بریتیه له په‌یدابونی رۆژنامه‌نوسی و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌وری له ژیانی
روناکبیری و سیاسی گه‌لانی دراوسیی کورد دا.
یه‌که‌مین رۆژنامه به زمانی عه‌ره‌بی ناپلیۆن
له قاهیره و، یه‌که‌مین رۆژنامه به زمانی تورکی له ئه‌سته‌مول بابی عالی و، یه‌که‌مین
رۆژنامه به‌زمانی فارسی له‌ئێران ده‌رباری قاجار ده‌ریان کردوه، به‌ڵام یه‌که‌مین
رۆژنامه به زمانی کوردی، کوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌کی زۆرلێکراو، به‌ڵام شۆڕشگێڕ و گه‌وره،
به پاره‌ی خۆی، له وڵاتێک‌دا کە هی خۆی نه‌بوه، ده‌ریکردوه. ژماره‌ی یه‌که‌می
غه‌زه‌ته‌ی "کوردستان" له22ی نیسانی 1898دا له قاهیره له‌لایه‌ن میقداد
مه‌دحه‌ت به‌گی کوڕی به‌درخان پاشاوه ده‌رکراوه. که ئه‌م به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه
ده‌س له‌کاره‌که‌ی هه‌ڵئه‌گرێ و عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی برای درێژه به ده‌رکردنی
ئه‌دا و، له‌تاو ته‌نگپێهه‌ڵچنینی پیاوه‌کانی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید گواستویه‌تیه‌وه
بۆ جنێڤی سویسرا و فۆلکستۆن له بریتانیا، تا ساڵی 1902 به هه‌موی 31 ژماره‌ی لێ
ده‌رچوه.
ئاشکرایه هۆکاره سیاسیی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان،
په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به بواری رۆژنامه‌نوسیه‌وه هه‌یه، ئه‌م هاوکێشه‌یه ده‌رباره‌ی
ده‌رکردنی یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی کوردیش راسته.. له ره‌هه‌ندی سیاسیه‌وه، ئه‌وکات
کۆمه‌ڵی کوردستان له قۆناغی دوای شکستی میرنشینه کوردییه‌کانه‌وه بو، میرنشینی
سۆران (1784-1836)، میرنشینی بادینان (1837)، میرنشینی به‌درخان (1847)، میرنشینی
بابان (1851) و راپه‌ڕینه‌کانی شێخ عه‌بیدوڵڵای نه‌هری (1878-1882) ، به له‌ناوبردنی
ئه‌و سه‌ربه‌خۆیه ناوخۆییانه‌ی کورد، سه‌رده‌می میرنشینه‌کان کۆتای هات،
کوردستان-یش که‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دام و ده‌زگای
ده‌وڵه‌تی له‌ناوچه کوردییه‌کان به‌رقه‌رار کرد، له شوێن میر و ده‌سه‌ڵاتدارانی
کورد، پاشا و موته‌سه‌ڕیف و قائیمقام و فه‌رمانبه‌ری عوسمانی دانران و ئه‌زمونێکی
خراپی ئیداره‌کردنیان به‌ڕێوه‌برد، هاوکاتیش هه‌لومه‌رجی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای
کوردیش به دۆخێکی نه‌خوازراودا تێده‌په‌ڕی و نه‌خوێنده‌واری و نه‌زانی وه‌ک په‌تایه‌کی
کوشنده بڵاوببوه‌وه.
سه‌رچاوه مێژوییه‌کان، سه‌روبه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی
یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی کوردی؛ به‌ساته‌وه‌ختی سانسۆری بڵاوکراوه‌کان و رۆژنامه‌کان
ده‌ده‌نێن له سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی و قاجاری دا، له‌کاردانه‌وه‌ی ته‌نگهه‌ڵچنین
به رۆژنامه‌نوسانیش ژماره‌یه‌کی به‌رچاویان وڵاته‌کانیان جێ ده‌هێڵن و به‌ره‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وی
ژێری ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز له‌وانه قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر و که‌لکته و به‌مبه‌ی
هندستان و وڵاته ئه‌وروپیه‌کان کۆچ ده‌که‌ن.
به‌تایبه‌ت، کاتێک که "سوڵتان عه‌بدولحه‌مید"
هاته سه‌ر ته‌ختی سه‌ڵته‌نه‌ت، ئه‌و ئازادییه سنورداره‌ی که رۆژنامه‌کان هه‌یان
بو، زیاتر کۆت و پێوه‌ند کرا، گرتن و ڕاونان و کوشتن و دزی و به‌رتیلخۆری زیادی
کرد. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوبه‌ناو هه‌ندێ رێنمایی له بابی عالیه‌وه ئه‌نێردرا بۆ
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆژنامه‌کان که به‌ته‌واوی ئازادی لێ زه‌وت ئه‌کردن، له‌وانه:
*ئه‌بێ به باشی
ته‌ندرستی سوڵتان و پێشکه‌وتنی به‌روبومی کشتوکاڵ و پیشه‌سازی و بازرگانی له مه‌مله‌که‌ت
دا باس بکرێ.
*نابێ به‌بێ ره‌زامه‌ندی
وه‌زیری مه‌عاریف هیچ بابه‌تی بڵاوبکرێته‌وه.
*نابێ رێ بدرێ به
تانه‌لێدانی هیچ که‌سایه‌تیه‌ک و، نابێ رێ بدرێ باسی دزی و به‌رتیلخۆری و کوشتن
بدرێته پاڵ هیچ والی و موته‌سه‌ڕیفێ.
*قه‌ده‌غه‌یه زۆرلێکرانی
که‌س و کۆمه‌ڵ له ئه‌نجامی ره‌فتاری خراپی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت دا باس بکرێ.
* بۆئه‌وه‌ی هه‌لپه‌رسته‌کان
نه‌توانن ئه‌م رێنماییانه به‌کاربهێنن، نابێ له‌رۆژنامه‌کان باس بکرێ و هیچی له‌سه‌ر
بنوسرێ.
سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دوه‌م که سه‌ره‌تا خۆی
به ده‌ستورپه‌روه‌ر داده‌نا، له راستیدا پیاوێکی غه‌داری ترسنۆک و فێڵباز بو، له‌گه‌ڵ
هاتنه سه‌رته‌ختی له(1876) که‌وته گیانی هه‌ر شتێک بۆنی ئازادی و دیموکراستی و
پێشکه‌وتنی لێ ده‌هات. فه‌لسه‌فه‌ی حوکمڕانی ئه‌م سوڵتانه دانانی وه‌زیر و کاربه‌ده‌ستی
گه‌وره‌ی نیمچه خوێنده‌وار بو، خۆی ده‌یگوت "ده‌زانم ده‌ور و به‌رم به دز
ته‌ندراوه... به‌ڵام من وای به باش ده‌زانم ئه‌م پیره دزانه له‌سه‌ر کار بهێڵمه‌وه،
ئه‌مانه بۆ من دڵسۆزن". حوکمڕانی ئه‌م سوڵتانه که هاوکاته له‌گه‌ڵ ده‌رکردنی
یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردی، وه‌ک تاریکترین سه‌رده‌می ئازادی و کاری رۆژنامه‌نوسی ده‌ناسرێت،
کار ده‌گاته ئه‌وه‌ی ده‌وترێت هه‌موو قوژبنێکی شارێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئیستانبوڵ
به پیاوی خۆی و فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌تی ده‌خاته ژێر چاودێریه‌وه و "برا خه‌به‌ری
له برا داوه و پاداشتێکی چه‌وری وه‌رگرتوه".. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره به
بواری رۆژنامه‌نووسیش هه‌موو جۆره بڵاوکردنه‌وه‌یه‌ک که بۆنی ره‌خنه، یان ده‌رخستنی
خراپیه‌کانی دائیره‌ی عوسمانی ته‌واو یاساغ و قه‌ده‌غه کراوه... ئه‌م جه‌ور و
سته‌مه به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له ته‌واوی (33)ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدولحه‌مید
دا به‌رده‌وام بوه و ته‌نانه‌ت دوای هێنانه خواره‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی خه‌لافه‌ت
(1909) خۆزگه‌ی خواستوه رۆژێ له رۆژان بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات بۆئه‌وه‌ی
" سه‌رتاپای رۆژنامه‌نووسان بخاته ته‌ندروره‌وه ".
ئاماژه‌کردن به‌م پاشخانه مێژوییه، ته‌نیا بۆ
رونکردنه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یه، بۆچی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تری ژێرده‌ستی
عوسمانی نه‌یانتوانیوه له خاکی خۆیان رۆژنامه ده‌رکه‌ن و رویان له ئاواره‌یی
کردوه، هه‌ڵبژاردنی شاری قاهیره له‌لایه‌ن سه‌رنوسه‌ره‌وه بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌که‌ی،
په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بو، کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا پایته‌ختی نه‌بوه و، هیچ هێزێکی
سیاسی (حیزبی) یان هیچ ده‌سه‌ڵات و رێکخراو و ده‌زگایه‌کی له هیچ له پایته‌خته‌کاندا
نه‌بوه و له شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا نه‌بوه، ته‌نانه‌ت به‌پێجه‌وانه‌وه رێگه‌شیان
له کورد گرتوه بتوانن چالاکیه‌کی له‌م جۆره بنوێنن. له‌و سه‌رده‌مه‌شدا قاهیره،
لاچه‌پ و دووره‌ده‌ست و که‌مێک دوور بوه له‌ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری عوسمانی، نه‌ک
ته‌نیا روناکبیرانی کورد، به‌ڵکو روناکبیرانی ئۆپۆزسیۆنی فارس و ئه‌رمه‌ن و تورکیش
روویان تێده‌کرد. له‌و واقعه نه‌خوازراوه‌دا، میقداد-مه‌دحه‌ت یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی
کوردی ده‌رده‌کا، هه‌ربۆیه ئه‌و جگه‌له‌وه‌ی یه‌که‌مین رۆژنامه‌نوسی کوردییه، که
یه‌که‌مین رۆژنامه له تاراوگه بڵاوده‌کاته‌وه، هاوکاتیش یه‌که‌مین که‌سیشه که
چاپخانه داده‌مه‌زرێنێت و، ژماره (4 و 5) له‌چاپخانه‌که‌ی به‌ناوی
"کوردستان" چاپ ده‌کات.
له 22\4\1898 میقداد-مه‌دحه‌ت به‌درخان له‌سه‌ر
ئه‌رکی خۆی یه‌که‌مین رۆژنامه و یه‌که‌مین چاپخانه به‌ناوی (کوردستان) له قاهیره
داده‌مه‌زرێنێت. میقداد-مه‌دحه‌ت، ده‌یویست سوڵتان ته‌نیا ئازاری کوردان نه‌دات و
لێیان گه‌ڕێ بۆ خۆیان به زمانی کوردی بنوسن. عه‌بدولڕه‌حمانی برای، له ژماره پێنجه‌می
هه‌مان رۆژنامه‌وه ستراتیژ و وتاره‌کانی خۆی له‌هه‌مبه‌ر سوڵتان توند‌وتیژتر کرد و
داوای ریفۆرمی ده‌کرد .
له‌و چوارچێوه مێژوییه‌وه، خوێنه‌ر بۆی ده‌رده‌که‌وێت،
روانگه‌ی ده‌سه‌لاتی عوسمانی بۆ رۆژنامه‌نوسی چه‌ند سه‌رکوتکه‌ر بوه و ده‌ستبردن بۆ بابه‌تی خه‌مساردی ئیداری و گه‌نده‌ڵی-یش
به پێی رێنماییه‌کان یاساغ کراوه، له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌شدا ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌کانی
رۆژنامه‌ی کوردستان، به‌تایبه‌ت دوایئه‌وه‌ی عه‌بدولره‌حمان به‌درخان له ژماره (6)ه‌وه ده‌بێته سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌که،
زۆر بابه‌تی کێماسی ئیداری به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کورد و چه‌وساندنه‌وه‌ی هاوڵاتیان و
فه‌سادی ده‌رباری سوڵتان و دامه‌زراوه ئیدارییه‌کانی بڵاوکردۆته‌وه.
کوردستان سه‌ره‌تا به زمانێکی نه‌رم له‌گه‌ڵ
سوڵتان و ده‌سوپێوه‌نده‌کانی ئه‌دوێ و تکا ئه‌کا و ئه‌پاڕێته‌وه، به‌ڵام که ئه‌م
زمان سودی نابێت، ژماره له دوای ژماره زمانه‌که‌ی توند‌وتیژتر ئه‌بێ و، گۆڕینی
سوڵتان ئه‌بێته ئامانجی سه‌ره‌کی و هۆی چاره‌سه‌ری زوڵم و فه‌ساد له ده‌وڵه‌تی
عوسمانی دا . به‌راوردکردنی تێکست و نوسراوه‌کانی ژماره‌کانی (1 تا 5)ی رۆژنامه‌ی
کوردستان به ژماره‌کانی (6-31) ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ که میقداد-مه‌دحه‌ت (سه‌رنوسه‌ری
یه‌که‌م) زمانێکی نه‌رم و لیبڕاڵی و چاره‌سه‌رخوازانه و ته‌نانه‌ت زۆرجار (تکا) و
(پاڕانه‌وه)شی له‌هه‌مبه‌ر سوڵتان عه‌بدولحه‌مید به‌کارهێناوه، ئه‌مه له کاتێکدایه
که عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان (سه‌رنوسه‌ری دووه‌م) زمانێکی توند و تیژ و شۆڕشگێڕانه‌ی
هه‌بوه و داوای فیدڕالیزمی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا بۆ نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی
وه‌ک کورد، کردوه . له‌و ژمارانه‌ی میقداد سه‌رنوسه‌ر بوه؛ خۆی لاداوه له
باسکردنی خراپیه‌کانی دار‌و ده‌ست و ئیداره‌ی سوڵتان و ئه‌مه‌ش بۆ پاراستنی رۆژنامه‌که
له فشاره به‌رده‌وامی داروده‌سته‌که‌ی؛ ته‌نانه‌ت له ژماره (5)ی رۆژنامه‌که‌دا
نامه‌یه‌کی (تاهیر بۆتانی) دانیشتوی شاری ئه‌ده‌نه هه‌یه، که باسی زیاتر له هه‌زار
و پێنج سه‌د کۆڵهه‌ڵگری کورد ده‌کا که چۆن له‌ده‌ست باری سه‌خت و کاری نامرۆڤانه‌ی
ده‌ستگاکان ده‌ناڵێن و داواده‌که‌ن ده‌رباره‌ی ژیانی کوله‌مه‌رگیان بنوسرێ و نیشانی
لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بدرێ، له‌و کاته‌دا ئه‌گه‌رچی میقداد زانیویه‌تی "به‌هۆی
به‌دکرداریی فه‌رمانبه‌ران و خراپی ئیداره له قه‌ڵه‌م داوه" به‌ڵام ئامۆژگاری
سکاڵاکارانی کردوه رو له سوڵتان بکه‌ن.
رۆژنامه‌ی (کوردستان) له سه‌ره‌تاوه به‌ناوی
زانست و هاندانی کورد بۆ خوێنده‌واری خۆی ناساند، هه‌تا له میسریش مایه‌وه رێڕه‌وه
رۆشنبیرییه‌که‌ی زاڵبوو به‌سه‌ر لایه‌نی سیاسیی و لایه‌نه‌کانی دیکه‌وه، به‌ڵام
دوای ده‌ستبه‌کاربوونی عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان، رێڕه‌وی رۆژنامه‌که زیاتر به‌ره‌و
سیاسه‌ت چوو و به راشکاوی زوڵم و زۆری سوڵتانی ده‌ستنیشان ده‌کرد و دژی فه‌سادی ئیداری
ده‌وڵه‌تی عوسمانی وتاری بڵاوده‌کرده‌وه.
سه‌رده‌می عه‌بدوڵره‌حمان سه‌رده‌می ره‌خنه‌گرتن
و ده‌رخستنی گه‌نده‌ڵی که به "فه‌ساد" ناوی هاتوه بڵاوکراوه‌ته‌وه و
ره‌خنه‌ی کاریگه‌ر له سوڵتان و داروده‌سته‌که‌ی گرتوه. "عه‌بدولڕه‌حمان ده‌یزانی
هۆی دواکه‌وتوی کورد بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومه‌تی عوسمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه که ماڵ
له کورد ده‌ستێنن و له تورکه‌کانی سه‌رف ده‌که‌ن، رۆژنامه‌که به‌گوێره‌ی روداوه‌کان
ده‌یسه‌لمێنێ که هۆی نه‌زانین و دواکه‌وتوی کورد ده‌وڵه‌تی عوسمانیه؛ چونکه به‌رژه‌وه‌نی
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته واده‌خوازێ کورد به نه‌زانی و دواکه‌وتوی بمێنێته‌وه.
له‌سه‌روتاری ژماره 11ی ساڵی 1899ی رۆژنامه‌ی
کوردستان دا، هاتوه "گه‌لی کوردان! ئه‌گه‌ر ئێوه ئیتفاق نه‌که‌ن، له ژێر
زوڵمدا؛ وڵات و دین و ناموسی خۆتان ون ده‌که‌ن. پێتان بڵێم ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌ی
خونکار(مه‌به‌ست سوڵتان عه‌بدولحه‌میده) ده‌یاننێرێته کوردستان، چۆن تاعین ده‌کرێن
و له چ فکرێک دان و چی ئه‌که‌ن: "خونکار بیست و سی هه‌زار زێڕ به به‌رتیل
له وه‌زیرێک ئه‌سێنێ ئه‌یکاته سه‌دری ئه‌عزه‌م، دوای یه‌وه سه‌دری ئه‌عزه‌م چه‌ند
هه‌زار زێڕ به‌رتیل ئه‌سێنێ وه‌زیر ئه‌کاته نازر، پاشان پاشایه‌ک هه‌زار زێڕێک به‌رتیل
ئه‌داته سه‌دری ئه‌عزه‌م ئه‌بێته مه‌سه‌له‌ن والی دیاربه‌کر. ئه‌و والی یه بۆئه‌وه‌ی
ئه‌و پاره‌یه‌ی دوایه‌تیه سه‌دری ئه‌عزه‌م ده‌ربهێنێته‌وه ئه‌بێ به‌رتیل بخوا.
هه‌رچی به‌رتیلی زۆردایه ئه‌یکا به موته‌سه‌ڕیف، ئینجا موته‌سه‌ڕیف بۆئه‌وه‌ی
پاره‌که‌ی خۆی ده‌ربهێنیه‌وه ئه‌وه‌ی پاره‌ی زۆری بداتێ ئه‌یکا به‌قایمقام، قایمقامیش
بۆئه‌وه‌ی پاره‌که‌ی که‌دواێتی به موته‌سه‌ڕیف ده‌ریبهێنێته‌وه له کوردی به‌سزمانی
ئه‌ستێنێ". دواتر نمونه ئه‌هێنێته‌وه که چۆن له جزیره قایمقام ئه‌کاته
سه‌ر کابرایه‌ک که ڕانه‌مه‌ڕێکی هه‌بوه؛ دوای گرتن ئه‌وه‌نده ئه‌یهێنن و ئه‌یبه‌ن
و به‌رتیلی لێ ئه‌سێنن، نابوت ئه‌بێ.
یه‌کێک له بایه‌خه‌کانی رۆژنامه، پرسی ئه‌رشیفکردن
و حساب کردنیه‌تی، وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی زیندویی مێژویی. ئه‌م وتارانه‌ی رۆژنامه‌ی
کوردستان و ناوه‌ڕۆکی به‌شێک له بابه‌ته‌کانی تر، ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنن که
گه‌نده‌ڵی به جومگه‌کانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا بڵاوبۆته‌وه و به‌رتیلخۆری و گزیکردن
به‌رپرسه‌کان بووه‌ته دیارده و قوربانی ئه‌و جۆره خراپ به‌کارهێنانه‌ش، باجه‌که‌ی
هاوڵاتی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تری ژێر ده‌ستی عوسمانی داویانه.
له چه‌ند وتارێکی تری رۆژنامه‌ی کوردستان دا،
سوڵتان عه‌بدولحه‌مید به تاوانباری گه‌وره و چڵه‌پۆپه‌ی فه‌ساد ناوی براوه،
هاوکات ئاماژه به‌وه‌شکراوه عه‌رشی سوڵتان بۆگه‌نه و هه‌موی بێ ره‌وشتیه و
ئاماژه به جۆری به‌ندایه‌تی ئافره‌ت و که‌نیشکه‌کان ده‌کات، رۆژنامه‌که ده‌ڵێ
" لای گرنگ نیه له کوێ و چۆن ماڵی ده‌ست ده‌که‌وێ و ئاماده‌یه له یه‌ک
کاتژمێردا هه‌زار لیره‌ی ره‌شادی بۆ رابواردنێکی چووک خه‌رج بکا. هاوکات زانیاری
له‌باره‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی جوتیارانی کورد و خراپبه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته ئیدارییه‌کانی
سوڵتان له کۆکردنه‌وه‌ی باج بڵاوکراوه‌ته‌وه، که بۆ سودی دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت
(دادگاکان، سوپا، به‌ندیخانه‌کان) ستێندراوه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی رۆژنامه‌ی
کوردستان، جگه له هه‌بونی گه‌نده‌ڵی سیاسیی و دارایی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئاماژه
به گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی سوڵتان و ده‌ستوپێوه‌نده‌که‌ی کراوه، ئاماژه به ژیانی
که‌نیزه‌ک و کچه‌کانی ناو کۆشکی سوڵتان و ده‌سه‌ڵاتداران کراوه، ئاماژه به ژیانی
کوله‌مه‌رگی خه‌ڵک و خۆشگوزه‌رانی به‌رپرسانی ئیداری کراوه.. باس له‌وه کراوه، چۆن
داهاته‌کان بۆ چه‌ند که‌سێک به فێرۆده‌چێت و نه‌خوێنده‌واری و نه‌بونی فێرگه و
نه‌زانی په‌ره‌ی سه‌ندوه.
ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی رۆژنامه‌ی (کوردستان)ه‌وه، جێی
سه‌رنجه، وه‌ک ده‌وترێت له مێژوی رۆژنامه‌وانی جیهانیش ده‌گمه‌نه؛ رۆژنامه‌ی
نه‌ته‌وه‌یه‌ک، سه‌رباری راکردنی له نیشتمان و بڵاوکردنه‌وه‌ی له تاراوگه، له‌وێش
به‌رده‌وام له‌ژێر فشار دابێت و (6) وڵاتی جیاواز بۆ ده‌رکردنی ته‌نیا (31) ژماره
بکات. ئه‌وه‌تا ژماره (1-5) له قاهیره ده‌رده‌چێ و (6-19) له جنێڤ و (20-23)
ده‌گه‌ڕێته‌وه قاهیره و ژماره (24) له له‌نده‌ن و ژماره (25-29) له فۆلکستۆن
و ژماره (30 و 31) جارێکی تر له جنێڤ. سه‌ره‌ڕای ئه‌و حاڵه‌ش، ئه‌و رۆژنامه ده‌ورێکی
زۆر گرنگی بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌و قۆناغه‌دا گیڕاوه و هه‌ردو
سه‌رنوسه‌ر دوکه‌سی منه‌وه‌ری سه‌رده‌می خۆیان بون، به زۆر رێگا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی
کورد دواون و باسی بایه‌خی خوێنده‌واری و زانین-یان بۆ خه‌ڵک و میر و ئاغاکانی
کورد کردوه و به په‌یامی ئاینی و ئایه‌ت و فه‌رموده به‌رپرسیارێتی ده‌ستڕۆیشتوه‌کانی
کوردیان رونکردۆته‌وه، که پێویسته عیلم و سنعه‌ت به‌ره‌و پێشببه‌ن، به‌گژ هه‌ژاری
و ده‌رده‌سه‌ری و بێده‌ره‌تانی و گه‌نده‌ڵی دا بچنه‌وه.
کاروانی رۆژنامه‌نوسی کوردی، دوای ده‌رچونی سێ
خولی رۆژنامه‌ی کوردستان (1898-1902-1917) ده‌یان و سه‌دان بڵاوکراوه و رۆژنامه
و گۆڤاری به‌دواداهات.. ئه‌م بزاوته کوردییه، دوای شۆڕشی (1908)ی تورکیا و،
دواتر له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئینگلیز له‌ناوچه‌ی سلێمانی و سه‌رده‌می حوکمداری
شێخ مه‌حمود و دامه‌زراندنی کۆماری مهاباد و شۆڕشه‌کانی کورد له پارچه‌کانی
کوردستان و کوردستانی عێراق به‌تایبه‌تی؛ له گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وامدا دابوه و
قۆناغی پڕ مه‌ترسیداری شاخ و شاری تێپه‌ڕاندوه، ئه‌م زنجیره ته‌قه‌لایانه‌ی رۆشنبیر
و رۆژنامه‌نوسانی کورد قۆناغه‌کانی مێژو و ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌رێی رۆژنامه
و بڵاوکراوه‌کانه‌وه پێ نوسیوه‌ته‌وه، قۆناغ به قۆناغ ده‌ستاوده‌ستی کردوه و
تا گه‌یشتۆته ئه‌زمونی حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان-عێراق و لێکۆڵینه‌وه له رۆڵی
رۆژنامه‌نوسی له‌و ئه‌زمونه کوردیه‌دا.
** بەشێکە لە کتێبی
"گەندەڵی و ڕەنگدانەوەی لە رۆژنامەنووسی کوردی‌دا"، کە لە ناوەڕاستی
(٢٠١٥)دا بڵاومکردووەتەوە.
101 جار خوێندراوەتەوە