دیالۆگی كوردی – كوردی مەترسییەكانی پشت ئاڵوگۆڕەكان

زۆرجار بارودۆخی بابەتی، بڕیارگەلێك دەسەپێنێت، كە هەندێكجار بە سود یان بە زیان، تەواو دەبێت.

 

هەلومەرجی دوای (7)ی ئۆكتۆبەر و (8)ی دیسمبەر، وەكو دو بابەتی سیاسی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كاریگەری لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داناوە، ئاڵوگۆڕی گەورە ڕویداوە، كە زۆرینەیان بە قازانجی كوردە و كارت و دەستكەوتی زۆری بۆ خوڵقاندوە، كە دەتوانێت سودیان لێ وەربگرێت.


لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل، دواتر ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر وەكو دیفاكتۆ خۆی چەسپاند، باشوری كوردستان خەریكە دۆسیەكەی زۆرتر دەچێتە پێش، باكوری كوردستان وەكو كارەكتەری یەكەمی ئاڵوگۆڕی هەمو كوردستان پێ دەنێتە قۆناغی سەرەتایی پڕۆسەی ئاشتی، ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە قۆناغی خۆ ئامادەكردندایە، بۆ ئەگەرەكانی داهاتو.


ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە ئێستادا چەقی گۆڕانكارییەكانی كوردستانە، دیالۆگی (كوردی-كوردی) نێوان (ئەنەكەسە-هەسەدە) و دیدارەكانی (بارزانی-كۆبانی) دەخالەتی ئەمریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا هەنگاوی باشی ناوە، ئەگەرچی گرفتی (پارتی و پەكەكە) سێبەری بەسەر ڕۆژئاوا هەیە و بگرە خاڵی سەرەكی گرفتەكەیە، كە ڕەنگە یەكێك لە فاكتەرەكان ئەوە بڕیار لەسەر شكست و سەركەوتنی پڕۆسەكە بدات.


باشوری كوردستان، كە كاریگەری بەسەر ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، دیالۆگی یەكێتی و پارتی خاڵێكی گرنگە لە چارەسەری قەیرانەكان و پرسی دیالۆگی (كوردی-كوردی)، هەرچەند یەكێتی وەكو دۆستی پەكەكە و ڕۆژئاوا دەركەوێت و پارتی-ش نەیار، بەڵام دەكرێت لەسەر مێزی دیالۆگی كوردی قەیرانەكان چارەسەر بكەن.
هەرچەندە پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، واپێدەچێت چانسێكی جیاواتری هەبێت، بەوپێیەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی دوای (7)ی ئۆكتۆبەر، ئێران تێیدا بێ هێز بوە، نەیارەكانی ئێران و هیلالی شیعی سەركەوتون، ئەمەش واتای چانسی كوردەكانی ڕۆژهەڵات.


بێگومان ڕۆژهەڵات، خاوەنی هێزی زۆرن و كاریگەری سێ هێزی سەرەكی یەكێتی، پارتی و پەكەكە-شیان لەسەرە، بەڵام كۆمەڵە، پژاك، دیموكرات و خەبات، جیا لەوەی كە زۆر لەژێر ئەو كاریگەریانەدان، بەتایبەتی (حدكا) زۆر لەژێر كاریگەری پارتی-دایە وەكو پارتی دیموكراتی باكور و ڕۆژئاوا، پژاك-یش بەهەمان شێوە، لەژێر كاریگەری پەكەكە-دایە، ئەو هێزەی تاڕادەیەك سەربەخۆیە كۆمەڵە-یە، ئەوەش ڕەنگە بەهەمان شێوەی ڕۆژئاوا، بەریەككەوتنی (حدكا و پژاك) و و ململانێی (پارتی و پەكەكە) قوڵتر بكاتەوە، كە (حدكا) لە ڕابردودا پژاك-ی وەكو دۆستی ئێران و كوێخای ڕۆژهەڵات و دروستكراوی پەكەكە ناساندوە، ڕەنگە ئەو بۆچونانە لە داهاتودا وەكو ڕابردو دەست بۆ چەك بردنی تێكەوێت، بۆیە دەبێ لە ئێستاوە چارەسەری ڕیشەیی بدۆزرێتەوە گەرەنتی لەو هێزانە وەربگیرێت كە دەست بۆچەك و شەڕی خۆسەپێنی بە وەكالەت نابەن.


جیا لەوانە لە ڕۆژهەڵاتیش لە داهاتودا كە هەر ئەگەرێكی گۆڕانكاری ڕوبدات، مەترسی لەسەر پرسی ڕۆژهەڵات هەیە، بەتایبەتی ئەو گوتار و خیتابەی حزبی دیموكرات (حدكا) كە لە ڕابردودا تا ئێستاش خۆی وەكو حزبی قائید و تاكڕەو دەناسێنێت و پژاكی قبوڵ نییە و لە ڕابردوش شاهیدی ئەو پەلامار و كوشتارانەیان كە دژی هێزەكانی تر كردویەتی مەترسییەكی جدی لەسەر پرسی كورد لە ڕۆژهەڵات و دیالۆگی (كوردی-كوردی)یە.


جیا لەوانە ئینشقاقی چوار ڕیزی نێو كۆمەڵەكان-یش ڕەنگە گرفت دروستبكات و پژاك-یش چاوی لە دوبارەكردنەوەی سیناریۆكانی (پەیەدە)یە لە ڕۆژهەڵات بە سەپۆرتی پەكەكە و سازمانی خەبات-یش چاوی لە سازمانی موجاهیدینە، جگە لە دەیان ڕێكخراوی تر، بەڵام هەمو ئەو گرفتانە هێزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ناچار دەكەن لەم هەلومەرجەدا، دەست بە دیالۆگی (كورد-كوردی) بكەن بە دەردی كۆنگرەكانی (2013) نەچێت.    


96 جار خوێندراوەتەوە