به‌وێنه‌... دروستكردنی دۆشاوی شۆكه‌ له‌ كوردستان

KNN : Kurdish News Network
06:33 - 18/09/2019
گەلەری
+
-

دێی بێورێ له‌ شارباژێری سه‌خت، سه‌ر به‌ ناحیه‌ی باسنێ، ده‌كه‌وێته‌ دۆڵێكی به‌رته‌سكه‌وه‌ و دوو چیا لێی نزیكه‌، به‌ناوه‌كانی (سه‌رگه‌ و شاخی سه‌رجایه‌)، گوندنشینانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ زیره‌كن له‌ دروستكردنی چه‌ندین جۆری شیرینی به‌هۆی دیارده‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌، وه‌كو (گه‌زۆ و شۆكه‌) هه‌روه‌ها به‌خێوكردنی هه‌نگ و ئاژه‌ڵداریی، چینه‌وه‌ی (مازو و گزگل)، جگه‌ له‌ باخداریی و دروستكردن و فرۆشتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی شیری ئاژه‌ڵ.

تیمی KNN له‌ دۆكیومێنتارییه‌كدا، له‌گه‌ڵ دوو خانمی ده‌ستڕه‌نگینی گوندی بێورێ به‌ڕێكه‌وتون، به‌ره‌و چیای سه‌رگه‌ و له‌وێ دیمه‌نه‌ سه‌رجڕاكێشه‌كانی دروستكردنی (شۆكه‌)یان تۆماركردووه‌، بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا ئه‌م دۆكیومێنتارییه‌ له‌ شاشه‌ی KNNه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌.

ئه‌م دوو خانمه‌ ناویان (ئامینه‌ حه‌سه‌ن و حه‌پسه‌ ئه‌حمه‌د)یه‌ و خه‌ڵكی گوندی بێورێن، له‌ وه‌رزی هاویندا (به‌تایبه‌تی له‌ناوه‌ڕاست و كۆتایی وه‌رزه‌كه‌دا) ته‌ورداسێك و چه‌ند گوێنییه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌ن و به‌دوای ئه‌و دار به‌ڕووانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ شیله‌ی (شۆكه‌)ی له‌سه‌ر نیشتوه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ دیارده‌ سروشتییه‌كان و مه‌رج نییه‌ هه‌موو ساڵێك دابارێته‌ سه‌ر گه‌ڵا و به‌ری دار به‌ڕوو.

ئه‌م شیله‌یه‌ له‌سه‌ر چوار جۆر به‌رهه‌می دار به‌ڕوو ده‌نیشێت، ئه‌وانیش (قشكه‌، به‌ڕوو، مازوو، جه‌وت) گوندنشینان زۆر باشیان ده‌ناسنه‌وه‌ و جۆره‌كانی له‌یه‌كتر جیاده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ك له‌ فۆتۆكاندا ده‌ركه‌ون و دواتر له‌ كه‌ناڵی KNN دۆكیومێنتارییه‌كه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م دوو گوندنشینه‌، ئه‌و په‌لانه‌ ده‌بڕن كه‌ شیله‌كه‌ی له‌سه‌ر نیشتوه‌ و ده‌یخه‌نه‌ گوێنییه‌ پاكه‌كه‌ی ده‌ستیانه‌وه‌، ده‌مه‌و ئێواره‌ كۆڵه‌كانی خۆیان ده‌هێننه‌وه‌ و به‌ ئاوی شله‌تێن شیله‌كه‌ له‌ گه‌ڵاكه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یكه‌نه‌ ناو مه‌نجه‌ڵێكه‌وه‌ و به‌ ئاگری دار خه‌ستی ده‌كه‌نه‌وه‌ و پاشان ده‌یكه‌نه‌ ناو شوش و ده‌فری جیاجیاوه‌.

پێشتر كه‌ناڵی KNN به‌وێنه‌ قۆناغه‌كانی دروستكردنی (شۆكه‌)ی له‌ بناری چیای كوڕه‌ كاژاوی شارباژێر ئاماده‌ كردبوو.

له‌كورده‌واریدا زۆر وه‌سفی جوانی سروشتی گونده‌كانی كوردستان كراون و به‌ به‌سته‌ و گۆرانی باسی سفره‌ی جوتیاری كورد كراوه‌، یه‌كێك له‌ گۆرانییه‌كانی (مه‌زهه‌ری خالیقی) كه‌ شیعری (عابد سراجەدینی) له‌و باره‌یه‌وه،‌ به‌شێكه‌ له‌ یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكی كوردستان.

سفره‌ی جوتیار ره‌نگینه‌//
دەنگی دەنگی نەی بەسۆزە، لە دۆڵ و کۆساران
جوان دەزانێ حاڵی من، ژوانی شەو زیندە داران
وەخت خۆشی و هەڵپەڕینە
مەزار چەند کەسک و شینە
سفرەی جوتیار ڕەنگینە
وەتەن سەربەرز و شادە، ئەمڕۆ لەدەم ڕزگارە
وەختی سەیران و شادی، ڕۆژ ئازادی جوتیارە
من ڕۆڵەی بن بەردانم
گیان لە ڕێی نیشتمانم
دەیپارێزم بە گیانم
جوتیاری کوردم، هەستە بگرە جەژنی ئازادی
بەسەرچوو دەوری خەفەت، وەختی سەیران و شادی
بە ساڵان ڕەنجەرۆیە
دڵ پڕ لە داخ و سۆیە
بەهاری شادی تۆیە
موژدە بێ لە تۆ جوتیار، ئیتر غەمت نامێنێ
شەماڵ لە دەشت و مەزار، بۆنی خۆشبەختی دێنێ
وەخت خۆشی و شادییە
مەزار چەند کەسک و شینە
سفرەی جوتیار ڕەنگینە


4903 جار خوێندراوەتەوە