کامەران عوسمان: تورکیا جگە لە پەکەکە گوندەکان دەکاتە ئامانج و دەیەوێت چۆڵبکرێن

KNN : Kurdish News Network
03:03 - 07/07/2024
کوردستان
+
-

ئەندامێکى رێکخراوى سی پی تى ئاشکرایدەکات، تورکیا جگە لە روبەڕوبونەوەى پەکەکە ژێرخانى ئابورى گوندەکان و شوێنەوار و ژینگەى هەرێمى کوردستان دەکاتە ئامانج و ئاشکراشیدەکات کە وڵاتەکە لە هەوڵى دامەزراندنى سەربازیی زیاتردایە بۆ درێژەپێدانى ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانى.

 

هەواڵ:KNNC

 

کامەران عوسمان، ئەندامى رێکخراوى سی پی تى ئەمەریکى لە میانى بەشداریکردنى لە گەشتى ناوەندى هەواڵى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ لە 15ـى حوزەیرانەوە نوێترین ئۆپەراسیۆنى تورکیا لە خاکى هەرێمى کوردستان دەستپێکردوە و لەو ماوە کورتەشدا حەوت بنکە و بارەگاى نوێی دروستکردوە و 300 تانک و زرێپۆش و هەزار سەربازى هێناوەتە خاکى هەرێم.

 

جەختیکردەوە کە تورکیا لەم لەشکرکێشیانەى بۆ خاکى هەرێمى کوردستان مەبەستى داگیرکاریی هەیە و تا ئێستا 71 بنکە و بارەگاى ئەو وڵاتە لە هەرێمى کوردستان دروستکراون، ئەمە جگە لەوەى تۆپخانە و تاوەرى تێلیکۆمیونیکەیشنیان هێناوەتە خاکى هەرێم کە دەتوانێت تەشویش بخاتەسەر هێڵەکانى پەیوەندیکردن و کەناڵەکانى راگەیاندن و لە هەوڵیشدایە بۆ دامەزراندنى سەربازیی زیاتر بۆ درێژەپێدانى ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانى.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە تورکیا، جگە لە پەکەکە ئامانجى دیکەى هەیە لە خاکى هەرێمى کوردستان و ژێرخانى ئابورى گوندەکان دەکاتە ئامانج و وتى: هی سوپایەک لە دونیا نییە بانگەشەى بەکارهێنانى درۆنى ئاکنجى بکات کە درۆنێکى زۆر وردە و لەماوەى 33 ساڵدا 702 هاوڵاتیی مەدەنى شەهید بکات کە 194یان منداڵى خوار تەمەنى 18 ساڵین و بەشێکى زۆریشیان لەناو ماڵ و لەکاتى کشتوکاڵکردندا شەهیدکراون.

 

ئەو ئەندامەى رێکخراوە ئەمەریکییەکە ئەوەشى وت کە لەم هێرشانەى تورکیا زەرەرمەندى یەکەم هەرێمى کوردستان و عێراقن و پێویستە هەردو حکومەت بێدەنگیان بەرامبەر ئەم هێرشانە بشکێنن.

 

ئەو هۆشداریشیدا لە زیانە ژینگەییەکانى هێرشەکانى تورکیا لە خاکى هەرێم و رایگەیاند؛ راستە تورکیا دەیەوێت جموجوڵەکانى پەکەکە نەهێڵێت، بەڵام بونى ئەم هەمو بنکە و بارەگا سەربازییانە و بڕینى ئەو هەمو دارە و شەهیدکردنى ئەو ژمارە زۆرەى هاوڵاتییانى مەدەنى پێویست نین و ئەو وڵاتە جگە روبەڕوبونەوەکانى لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان، پرۆژەى ئاو ، پرۆژەى کارەبا، قوتابخانە، کەنیسە و مزگەوت و نەخۆشخانەکانى بە ئامانج گرتوە.

 

ئەوەشى ئاشکرا کرد کە هەمو وڵاتان بەرپرسن لەوەى چى لە هەرێمى کوردستان رودەدات و لەبارەى بێدەنگى ئەمەریکاش لەم هێرشانە وتى: هەرێمى کوردستان و عێراق خۆیان بێدەنگن، هەربۆیە ئەمەریکا ناتوانێت هیچ لەوبارەیەوە بڵێت.

 

بریارە لە هەفتەى داهاتو رێکخراوى سی پی تى ئەمەریکى، بچنە بەغداد و لەگەڵ بەرپرسانى باڵا کۆببنەوە و تەواوى داتا و هێرشەکانى تورکیا و زیانەکانیان بۆ هاوڵاتییان مەدەنى بخەنەڕو، بەپێی زانیارییەکانى کامەران عوسمان، ئەندامى ئەو رێکخراوە؛ سەردانەکەیان بۆ قەرەبوى هاوڵاتییانى زیانلێکەوتو دەبێت.

286 جار خوێندراوەتەوە