ئەمڕۆ لە جیهاندا رۆژى جیهانیی مامۆستایان بەرز رادەگیرێت و یادى
دەکرێتەوە، لە هەرێمى کوردستانیش یەکێتیی مامۆستایان داوا
دەکات، پێویستە هەرچی زوە، کێشەی موچە چارەسەر بکرێت و مانگانە
لە وادەی خۆی دابەش بکرێت.
هەواڵ:KNNC
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، بەبۆنەى رۆژی
جیهانیی مامۆستاوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوا دەکات، چارەسەری
كێشەی موچە بکرێت و مانگانە لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت، هەرچی زویشە پلەبەرزكردنەوەی
مامۆستایان و فەرمانبەران دەست پێبكاتەوە.
داواش دەکات: مامۆستایانی گرێبەست بە هەمیشەیی
بکرێن و هەمو هەوڵێکیش بدرێت بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەهەمو ئەو پێشینانە
سودمەندبن کە لە بانقە فەرمییەكان دەدرێت.
لە بەیاننامەکەى یەکێتیی مامۆستایاندا ئەوەیش
هاتوە: پێویستە بەزووترین كات، زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش بكرێت و
راستەوخۆ خزمەتگوزاریان پێ بگات.
رێکخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتیش بە بۆنەی رۆژی جیهانیی
مامۆستایانەوە لە بەیاننامەیەکدا داوا لەسەرجەم وڵاتان دەكات، گرنگی بە
دەنگ و بەهای مامۆستایان بدەن و كوالێتیی پەروەردە بەرەوپێش ببەن.
136 جار خوێندراوەتەوە