مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كرایەوە

KNN : Kurdish News Network
07:15 - 04/10/2024
کوردستان
+
-

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبونی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەكالەت، بەبەشداری بەشی هەرە زۆری سەركردە سیاسی و هەڵسوڕاوە دیارەكان و جڤاتی نیشتمانی و گشتی و ژمارەیەكی زۆر لە هەڵسوڕاوان، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی كرایەوە.

هەواڵ: (KNNC)


چۆمان محەمەد، سەرۆكی لیستی (114)ـی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی لە وتەیەكدا كە لە رێوڕەسمی كردنەوەی مەكۆی نوێی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان پێشكەشی كرد رایگەیاند: سەرباری ئەو ئاڵنگارییانەی خراونەتە سەررێی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بەئامانجی سەرەتایەكی نوێ كار بۆ خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی دیموكراسی، دەست پێدەكاتەوە، گۆڕان بەجیاواز لە حزبە سیاسییەكانی هەرێم؛ داوای لێبوردنی لە دەنگدەران، لایەنگران و هاوڵاتیانی هەرێمی كردوە.


كاندیدی ژمارە (1)ـی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی رونیكردەوە؛ بەپێچەوانەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی هەرێم كە ژیانیان پڕە لە خیانەتی نیشتیمانی ودروستكردنی كێشە و قەیران بۆ ژیانی هاوڵاتیان، گۆڕان بۆ كەموكورتییەكانی داوای لێبوردنی كردوە ئەوەش جێگەی شانازییە بۆ بزوتنەوەكە و گۆڕانخوازان و تیشی: بەڵێن دەدەین بەهەمان گڕوتینی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ساڵی (2009) و لەژێر بەیداخە نیلییەكانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا لەگەڵ كەسانی دڵسۆز و هەڵسوڕاوانی زویر كە رۆژانە پشتیوانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن كۆببینەوە و لە بەرەی گەندەڵی و شكستخواردو دوربكەوینەوە.


دواتر كاندیدانی بزوتنەوەی گۆڕان جەختیان لە پێداگری لە بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان كردەوە و دوپاتیان كردەوە درێژە بەو رێباز و خەباتە دەكەن كە بزوتنەوەكەی لەسەر دامەزراوە.

490 جار خوێندراوەتەوە