کەی ئێن ئێن وادەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئاشكرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
07:44 - 07/07/2024
کوردستان
+
-

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە مامۆستایان و فەرمانبەران بەوەی کە خزمەتیان لە هەشت ساڵ و بەرەو سەرەوە بێت، زەوییان پێ دەدرێت، دەشڵێت پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی خێراتر کراوە و تا پێش کۆتایی ئەمسال تەواوی فەرمانبەران بەپێی رێنماییەکان سودمەنددەبن لە دابەشکردنی زەوی.

 

هەواڵ:KNNC

ئاوات عەزیز، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (پرسی رۆژ)ی کەناڵی کەی ئێن ئێن ئاماژەی بە دواین هەنگاوەکانی بڕیاری دابەشکردنی زەوی کرد بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران و وتی: لە ئێستادا فەرمانبەران دەستیانکردوە بە پڕکردنەوەی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی و لەلایەن لیژنەیەکەوە پێداچونەوە بە فۆڕمەکان دەکرێت.

 

لەبارەی ئەوەی زەوی هەیە تا بەسەر تەواوی فەرمانبەران و مامۆستایان دابەش بکرێت، ئاوات عەزیز ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر لە سنوری شارەوانییەکەش زەوی بەش نەکات ئەوا زەوی دیکەی بۆ ئیفراز دەکرێت.
دڵنیاییشی دایە فەرمانبەران بەوەی کە هەمو ئەوانەی کە 8 ساڵ و بەرەو سەرەوە خزمەتیان هەیە، دابەشکردنی زەوی دەیانگرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، دابەشكردنی زەوی تەواوی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی، هەروەها خانەنشینی شارستانی و سەربازیی دەگرێتەوە.

 

 

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی باسی لەوەکرد، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستیان گەیشتوە، تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی فەرمانبەران زەوییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت.

1848 جار خوێندراوەتەوە