ئەمڕۆ شەممە (27ى 7ى 2024)، ژورى رۆژنامەوانى لە
مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى، کۆڕێکى ناساندنى بۆ کتێبى (ناوچە دابڕێندراوەکان
لە نێوان هەڕەشە و سڕینەوەى ئاسۆى پێکەوە ژیان لە عێراق و ناوچەکە) بۆ نوسەر نەسرەدین
مەحمود ئەحمەد رێکخست و ژمارەیەکى بەرچاو لە خوێنەران و هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان
و تیمى حکومەتى هەرێم و حکومەتى خۆجێیى ئامادەى بون.
کتێبەکە لە دوتوێى (347) لاپەڕەدا پشت بەست بە
کۆمەڵێک سەرچاوەى گرنگ و چەندین بەڵگەنامە و نەخشە ئامادەکراوە و سێ بەشى سەرەکى لەخۆدەگرێت
پەیوەست بە مێژوى ناوچەکە و قۆناغەکانى راگواستنى کورد لە ناوچەکە و عێراق لەگەڵ یەکلایی
کردنەوەى ناوچە دابڕێنرادوەکان.
نەسرەدین مەحمود، لەبارەى کتێبەکەیەوە رایگەیاند؛
هەوڵدراوە کتێبەکە بەشێوەیەکى زانستى و پشتبەست بە سەرچاوە و بەڵگە ئاگادار بکرێ،
ناوەڕۆکەکەى باس لە هەڕەشە و مەترسییەکانى سەر ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان دەکات
لە خواروى بەدرە تا رۆژئاواى پارێزگاى موسڵ، ئیستا هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر کەرکوک
و خانەقین زیاترە و بەشێکى زۆرى ئەو ناوچانە تەعریب کراون و لەناوچەى دابڕێنراوەوە
کراونەتە ناوچەى داگیرکراو، ئەم مەترسیە لەسەر خاک و زەویە کشتوکاڵییەکان هەیە و بەردەوامى
هەیە.
پەیوەست بە هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان نوسەر
وتى: هەمیشە بزوتنەوەى گۆڕان لە بەرنامەى سیاسى و پڕۆژە و ئۆرگانەکانیەوە هەڕشە و
مەترسیەکانى خستەوەتەڕو، هەڵوێستى جدى لەسەریان هەبوە و داواى کردوە حیزبە دەسەڵاتدارەکان
بەرپرسیارێتى نەتەوەیی و نیشتمانییان هەبێت لەو روەوە هاودەنگبن و کاربکەن بۆ
راگرتنى ئەو هەڕەشە و مەترسییانە و ئەو پرسە بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتى و حیزبیەکانیانەوە،
چونکە ئەوە کێشەى مێژوى و خاک و خەڵکى کوردستانە".
نیگەرانى خۆشى خستەڕو لەوەى ئەو ناوچانە لەروی
سامانی سروشتی و كشتوكاڵەوە دەوڵەمەندن و چاوى لایەنە ناکوردەکانى ناوچەکەیان لەسەرەو
مادەی (140)ى دەستوریش بەمەبەست پەکخراوە و پارتى و یەکێتیش لەو روەوە بێدەنگ و بێ
هەڵوێستن.
245 جار خوێندراوەتەوە