گرژبوونی ماسولکەکان
کە تەشەنوجیشی پێدەڵێن، حاڵەتێکی ئازاربەخشە و ماسولکەکان
ناتوانن خاو ببنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی ئازار لەو ماسولکەیەدا، حاڵەتەکە
باوە و پێشبینینەکراویشە.
تەندروستی: KNNC
هەمو گرژبونێکی
ماسولکەکان مەتریسدار نییە، ڕەنگە یەک ماسولکە یان چەند ماسولکەیەک پێکەوە توشی
ئەم حاڵەتە ببن، دکتۆرێکی پسپۆڕی هۆکارەکانی توشبونی ئەم حاڵەتە دەخاتە ڕو
دكتۆرە هەڤین كەمال شاە محمد، پسپۆڕ لە زانستی
ئازار و بەنج، دەڵێت؛ یەکێک لە هەرە کێشە باوە تەندروستییەکانی ئەم سەردەمە، دروستبونی
گرژی ماسولکەکانە، بەتایبەت ماسولکەکانی پوز و شان ومل.
هۆکارەکانی توشبون بە گرژی ماسولکەکان چین؟
دكتۆرە هەڤین دەڵێت؛زۆر هۆکار هەن بۆ توشبون بە گرژی ماسولکەکان، بەشێکی زۆریان دەگەڕێتەوە بۆ ماندوبون و لایف ستایلی خراپ، هەروەها کەمی خواردنەوەی ئاو و زیاد خۆری لە
خواردنی ناتەندروست و فاست فوددا.
هەریەکە لە نێرگەلە
کێشان، جگەرەی ئەلەکترۆنی و جگەرەی ئاسایی بەهەمان شێوە کاریگەرییان هەیە، هەروەها
خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆریش لە چا، قاوە و
خواردنەوە گازییەکان کاریگەری خراپیان هەیە و هۆکارن بۆ توشبون بە گرژبونی ماسولکەکان.
ئەو خواردن و خواردنەوانە
چین کە دەبنە هۆی کەمبونەوی توشبون بە گرژیی ماسولکەکان؟
پەتاتەی شیرین؛
لەبەرئەوەی ماددەی کالسێۆم و مەگنیسێۆم و پۆتاسێۆمی تیادایە، هاوکار و یارمەتیدەرە
بۆ ئەوەی گرژی و ڕەقبوونی ماسولکە نەهێڵێت.
ئەڤۆکادۆ؛ میوەکە
ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆمی تیادایە کە هۆکارە بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان.
پاقلەمەنیەکان،
فاسۆڵیا، لۆبیا، کەڕێژەیەکی زۆر مەگنیسێۆمییان تێدایە و هاوکارن بۆ نەهیشتنی ئازاری ماسولکەکان.
شوتی یاخود
شەربەتەکەی کە ناھێڵێت ماسولکەکان وشک ببنەوە،
لە بەر ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە و هۆکارە بۆ هێشتنەوەی ماسولکەکان بە
شێداری.
شیر یاخود
شیرەمەنیەکان کە ڕێژەیەکی زۆر پرۆتین لە
پێکهاتەکەیاندا هەیە و یارمەتی دروست بونەوەی
خانە تێکشکاوەکانی ماسولکەکان دەدەن.
سرکەمەنی یاخود ترشیات و خەیار شۆر ، کاریگەرییان ھەیە لە پارێزگاریکردن لە
دەمارەکان کەئەویش دەبێتە ھۆی نەھێشتنی ئازار و نەهێشتنی ڕەقبونی ماسولکەکان .
سەوزە گەڵا
تۆخەکانی وەکو سڵق و کاھوو و سپێناغ و ..ھتد ، کەڕێژەیەکی زۆر کالسێۆم و
ماگنیسێۆمیان تێدایە.
میوەکانی پرتەقاڵ
و نارنج و سەندی ، لەبەر ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئاو وپۆتاسێۆمیان تیادایە یارمەتی خاوکردنەوە و
باشتر بونی ماسولکەکان دەدەن .
ماسی، بەتایبەتی
جۆری سەلمۆن کە چەوریەکەی هانی چالاک بونی سوڕی خوێن دەدات، کە کاریگەری ھەیە
لەسەر باشتر کارکردنی ماسولکەکان.
تەماتە، کە
ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆم لە پێکهاتەکەیدایە، یارمەتی خاوکردنەوەی ماسولکەکان دەدات .
ئاو، خواردنەوەی
ئاو بەڕێژەی زۆر 12 پەرداخ و زیاتر لەڕۆژێکدا، ڕێگری دەکات لە وشکبونەوەی
ماسولکەکان و ئیش و کاریان چالاک دەکات .
1080 جار خوێندراوەتەوە