پرتەقاڵ بە بژاردەیەکى تەندروست بۆ دابەزاندنى
کێش دادەنرێت، بڕێکى زۆر ریشاڵى تێدایە و کالۆرى کەمە، هاوکاری لەش دەکات بە
شێدارى بمێنێتەوە.
تەندروستى:KNNC
بەپێی ئەو زانیارییانەى رۆژنامەى (تاییمز ئۆف
ئیندیا) بڵاویکردوەتەوە؛ پرتەقاڵ پێنوێنى گلایسیمى کەمە و ڤیتامین سی بەرزە، ئەمەش
هاوکاریی گۆڕێنى چەورى دەدات بە هەرشێوەیەکیش بیخۆیت هەمان سود دەگەیەنێت، شەربەت
بێت یاخود بە میوەیی، بەڵام نابێت زێدەخۆرى تێدا بکرێت.
توێژینەوەکان ئاشکرایانکردوە کە پرتەقاڵێکى
مامناوەند بڕى 60 بۆ80 کالۆرى تێدایە، بۆیە دەکرێت وەک سوکەژەمێکى باش دابنرێت بۆ
ئەو کەسانەى دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆى ئەو رێژە بەرزەى
ریشاڵ تێیدایە هەستى تێربون زیاد دەکات و وادەکات بۆماوەیەکى درێژ حەزت بۆ خواردە
نەچێت.
مانەوەى لەش بە شێدارى گرنگییەکى زۆرى هەیە و
پێویستە بۆ بەدەستهێنانى وزەى زیاتر لە ژەمە خۆراکەکاندا رەچاو بکرێت، پرتەقاڵیش
بەهۆى ئەو رێژە زۆرەى ئاو کە تێیدایە هاوکاریت دەکات بۆ مانەوە بە شێدارى و
بەشێوەیەکى گشتى هاوکارت دەبێت بۆ کەمکردنەوەى رێژەى کالۆرى لە لەشدا.
لەگەڵ ئەم سودە زۆرانەى پرتەقاڵ، بەڵام خواردنى
لە رادەبەدەر دەبێتە هۆى دروستبونى کێشە لە سیستمى هەرس و گەڕانەوەى ترشەڵۆک و
نەهێشتنى میناى ددانەکان، بۆیە پێویستە هاوشێوەى هەمو خواردن و میوەکانى دیکە
بەشێوەیەکى رێکوپێک بخورێت و زێدەخۆرى تێدا نەکرێت.
167 جار خوێندراوەتەوە