پشوی ئەو
فەرمانبەرانە درێژکرایەوە کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان
گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان.
هەواڵ:KNNC
هێمن میرانی
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان پشووی سەرژمێری بۆ ئەو
فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانە درێژکردەوە کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی
ئیدارەی هەرێمی کوردستان (سنوری ماددەی 140ن) و بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری گەڕاونەتەوە
ناوچەکانی خۆیان.
دەشڵێت: پشوی
ئەو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانەی خەڵکی ناوچەکانی
سنوری ماددەی 140ن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، تاوەکو
10ـی کانونی یەکەم درێژدەکرێتەوە بۆ ئەوەی فۆرمی دوەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕبکەنەوە.
هێمن میرانی دەشڵێت: لەدوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم
کە لە رۆژانی 20و 21ی مانگ پشتراست دەکرێنەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێدەکات کە پرسیار
و زانیاری زیاتری تێدایە و پێویستە لەو کاتەی بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە
لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی
ئەندامانی خێزانەکەیانی لابێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕبکەنەوە، بۆیە رێگە بەو کەسانەش
دەدرێت لە ناوچەکانیان بمێننەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی ئەو کەسانە بە
کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەرفەتییان دەدرێتێ تا ئەو کاتەی بژمێرەکان دووبارە سەردانیان
دەکەنەوە تاوەکو هەمو پرۆسەی سەرژمێری تەواودەبێت.
1593 جار خوێندراوەتەوە