وەزیری پلاندانانی هەرێم: هاوڵاتییانی ناوچە دابڕێنراوەکان ئەمڕۆش دەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان

KNN : Kurdish News Network
10:40 - 20/11/2024
کوردستان
+
-

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێشتا دەرفەت ماوە و ئەوکەسانەی خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی 140ـن ئەمڕۆ دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بۆئەوەی سەرژمێرییان بۆ بکرێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

د. دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری گرنگییەکی زۆری بۆ کورد هەیە، چونکە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی عێراق دیاریدەکات، ئەوەش پاڵنەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان چیدیکە یاری پێنەکرێت و بەپێی مەزاجی سیاسی دیارینەکرێت.

 

وتیشی: ئەو داتایانەی لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەدوای پرۆسەی سەرژمێری دەستدەکەون داتای زۆر ورد دەبن و دەتوانرێت لە داهاتو لەسەر بنەمای ئەو داتایانە پلانی باش لە هەمو بوارەکان دابنرێت.

 

وەزیری پلاندانانی هەرێم راشیگەیاند، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەمڕۆش دەرفەت ماوە و دەتوانن بگەڕێنەوە، تاکو بە خەڵکی رەسەنی ناوچەکانی خۆیان ناونوس بکرێن.

 

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکو سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024 بەردەوام دەبێت، بۆئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرجەم، شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت.

132 جار خوێندراوەتەوە