نرخی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین، بەرزبونەوەی بەرچاوی
تۆمار کرد و نزیک دەبێتەوە لە 100 هەزار دۆلار، ئەوەش هەر پەیوەست دەکرێت بە هاتنەوە سەر دەسەڵاتی
دۆناڵد ترەمپ لە ئەمەریکا.
ئابورى:KNNC
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی دراوی ئەلیکترۆنى بیتکۆین،
بە زیاتر لە 97 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە کرا و یەکەمجاریشە لە مێژوی دراوەکەدا ئەو
نرخە تۆمار بکات.
بەرزبونەوەی نرخی بیتکۆین بەو شێوەیە لە کاتێکدایە،
لە دو هەفتەی رابرودا، بە ڕێژەی زیاتر لە 40% بەرزبوەوە بە تایبەت لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای بردەوە کە لەو کاتەوە بەبەهای زیاتر لە
چوار ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە سندوقی ئاڵوگۆری بیتکۆین کراوە.
لەبارەى هۆکارەکانی ئەو بەرزبونەوە بەرچاوەی
نرخی ئەم دراوە ئەلیکترۆنییەوە ، شارەزایان پێیان وایە، گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوخۆی
ئەمەریکا لە دوای سەرکەوتنی گەورەی کۆمارییەکان، هۆکاری سەرەکییە، چونکە وەک ئەوان
دەڵێن: بازاڕی دارایی گەشبینە بە هاتنەسەرکاری ئیدارەی ترەمپ و دانانی یاسا و رێسای
پەیوەست بە دراوە دیجیتاڵییەکان، لەکاتێکدا چەندین کەسایەتیی تری لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکان
لە هەڵبراردنەکانی ئەمەریکا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.
161 جار خوێندراوەتەوە