نیوەڕۆی ئەمڕۆ
(9/2/2025)، هێزێکی نەناسراو بەناوی ئاسایشی هەولێر و بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمبێلی
بێ ژمارە، هەڵیانکوتاوەتە سەر نوسینگەی کەناڵی KNN لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دوای
ئەوەی دەستیان گرتوە بەسەر کامێرا و مۆبایلی کارمەندەکانمان، سویچ و ساڵيانەی ئۆتۆمبێلەکانیان
لێوەرگرتون و بەشێک لە وێنە و ڤیدیۆی تۆمارکراوی ناو مۆبایلەکانیان سڕیوەتەوە،
دواتر هێزە نەناسراوەکە نوسینگەکەیان بەجێهێشتوە.
ئەم هێرش و پەلامارەی
بەناو ئاسایشی هەولێر لەکاتێکدایە، ئاستی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەهۆی نەبونی موچە
و نادادپەروەریی، گەیشتوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتیی
بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان.
کەناڵی کەی ئێن ئێن وەک
ئەرکی لەپێشینەی خۆی، هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە، لەگەڵ دەنگی خەڵک و
خواست و داواکارییەکانیان بوە و بۆ هیچ کاتێکیش پشت ناکاتە خەڵکی بەشخوراوی
کوردستان، بۆیە دامەزراوەی میدیایی گۆڕان، بەتوندی هێرش و پەلاماری چەکداریی بۆ سەر
نوسینگەی هەولێری کەی ئێن ئێن سەرکۆنە دەکات و پاراستنی کارمەندان و کەلوپەلەکانیشیان
دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، لە هەمان کاتدا داوا لە رێکخراوەکانی رۆژنامەنوسان
و مافی مرۆڤ دەکەین، رێگا لەم جۆرە رەفتارە ناشیرینانە بگرن.
جارێکی تر ئەوەی دەمانەوێت
لە میدیای گۆڕان دوپاتی بکەینەوە، ئەوەیە هیچ رەفتارێکی لەم جۆرە ناتوانێت بۆ ساتێکیش
لە گواستنەوەی راستییەکان و خەم و ئازاری خەڵک جیامان بکاتەوە.
دامەزراوەی میدیایی گۆڕان
9-2-2025
531 جار خوێندراوەتەوە