ئەمەریکا هۆشداری دەدات... هەوڵەکانمان رادەگرین

KNN : Kurdish News Network
11:08 - 18/04/2025
جیهان
+
-


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاندوە؛ واشنتۆن  دەستبەرداری هەوڵەکانی دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا، ئەگەر هیچ ئاماژەیەکی ڕون نەبێت بۆ رێککەوتن.

هەواڵ: KNNC

ئەمرۆ هەینی مارک ڕۆبیۆ،  وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا ڕایگەیاندوە، لە چەند رۆژی داهاتودا دەزانین کە ئایا دەتوانرێت ئاشتی لە ئۆکرانیا بەدی بهێنرێت  یاخود نا.

ناوبراو لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا و ئۆکرانیا لە پاریس، باسی لەوەکردوە و ڕونیشکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ تا ئێستاش ئارەزوی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات، بەڵام لە سەرانسەری جیهاندا، روداوی دیکەش هەن کە گرنگن بەلای ئەمەریکاوە.

جەختی کردوەتەوە ئەگەر نیشانەی بەرەوپێشچون نەبێت لە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان مۆسکۆ و کێیڤدا، ئەوا واشنتۆن دەستبەرداری هەوڵەکانی دەبێت بۆ ڕاگرتنی جەنگ.


وەزیرەکەی ئەمەریکا  ئاماژەی بەوەشداوە؛ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا "دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پێشخستنی" ئاشتی لە ئۆکرانیا و راگرتنی جەنگ.


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نایەوێت شەڕی ئۆکرانیا بەردەوام بێت و بینەری ئەوە بن لە ساڵی داهاتوشدا هەزاران  کەس ببنە قوربانی ئەو جەنگە.


453 جار خوێندراوەتەوە