وتەبێژی خانەنشینانی
كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەو (100) هەزار دینارەی كە بۆ خانەنشینان تەرخان كراوە،
بۆ سەرجەمیان خەرج ناكرێت و ئومێدیان وایە كە لە نزیكترین كاتدا وەڵامی خەرجكردنی وەربگرنەوە.
هەواڵ: (KNNC)
لە بەرنامەی پرسی رۆژدا سادق
شێخ عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان بە (KNN)ـی راگەیاند: ئەو (100) هەزار
دینارەی بۆ خانەنشینان كە وەك هاوكارییەك بۆ بەرزكردنەوە ئاستی ژیان تەرخان كراوە،
بۆ سەرجەمیان خەرج ناكرێت، بەڵكو تەنها بۆ ئەو كەسانەیەكە بە موچەی خانەنشینیان لە
یەك ملیۆن دینار كەمترە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەغدادەوە وەری گرتوە، پێدەچێت
لە ئەم مانگەدا ئەو بڕە بۆ خانەنشینانی هەرێم بگەڕێندرێتەوە.
وتیشی: چەند ساڵێكە بڕیاری
خەرجكردنی (100) هەزار دیناری بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی خانەنشینان لەعێراق جێبەجێ
دەكرێت و ساڵانە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بڕیارەكە نوێ دەكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا
سودانی رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی (100) هەزار دینارەكەی بۆ خانەنشینانی هەرێم
نەداوە.
رونیكردەوە، بەپێی بڕیاركەی
دادگای فیدراڵی، نابێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم و عێراق هچ جیاوازییەكی هەبێت، بۆ
ئەو مەبەستەش، حكومەتی هەرێم و نوێنەرەكانی كورد لەبەغداد نوسراویان ئاڕاستەی
بەغداد و نوسینگەی سەرۆك وەزیران كردوە، بەڵام وەڵامی نوسراوەكان نەدراوەتەوە.
وتەبێژی یەكێتی
خانەنشینانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی چاوەڕێن و ئومێدیان وایە كە لە نزیكترین كاتدا
رەزامەندی وەربگرنەوە، بەڵام ئەگەر تا ماوەی مانگێكی دیكە بەغداد وەڵام نەداتەوە، خانەنیشان
دەتوانن سكاڵا بكەن بۆ گەڕاندنەوەی مافەكانیان كە نزیكەی (50) هەزار خانەنشین (100)
هەزار دینارەكەیان بڕدراوە.
1549 جار خوێندراوەتەوە