"دەرماڵەی هاوسەر و منداڵمان بۆ خەرج ناکرێت"...خانەنشینانی سەربازی لە سلێمانی گردبونەتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 15/04/2025
کوردستان
+
-

بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی لە سلێمانی گردبونەوە و دەڵێن: ماوەی چەند مانگێکە دەرماڵەی هاوسەر و منداڵ لە موچەکانیان بڕدراوە و تا ئێستا بۆیان خەرج نەکراوەتەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

 

بەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە خانەنشینانی سەربازی لەبەردەم بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی گردبونەوە، بەشێک لەو خانەنشینانە بە کەی ئێن ئێنیان راگەیاند، ژمارەی خانەنشینانی سەربازی لە یەکەی 70 و 80 لە هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 13 هەزار خانەنشینە، بەڵام زیاتر لە پێنج هەزار خانەنشین بەبێ هیچ بیانویەک لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەرماڵەی خێزان و منداڵیان لێبڕاوە.

 

 

دەشڵێن: لە نێوان هەولێر و سلێمانی جیاوازییەکی زۆر لە موچەی خانەنشینان هەیە، چونکە زانیارییان هەیە کە ئەو دەرماڵەیە لە هەولێر بۆ خانەنشینان خەرج دەکرێت و نازانن چۆن بەو جیاوازییەوە لیستی موچە بۆ بەغداد دەنێرن.

 

 

باسیان لەوەشکرد، فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگەیان هەیە بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەڵام وەزارەتی دارایی پێیان دەڵێت، گرفتەکە لای وەزارەتی پێشمەرگەیە و وەزارەتی پێشمەرگەش رەوانەی وەزارەتی داراییان دەکاتەوە و لەو نێوەندەدا دەرماڵەکەیان بۆ خەرج ناکرێتەوە.

 

 

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکی خانەشینانی سەربازی، خەرجکردنی پاداشتی خزمەتە، کە بە وتەی خۆیان فەرمانی وزاری هەیە بۆ خەرجکردنی ئەو پاداشتە، بەڵام بۆیان خەرج ناکرێت.

 

 

هاوکات، لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد، خانەنشینانی سەربازی رایانگەیاند، ئەمە کۆتا جارە هۆشداری دەدەنە حکومەت، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکەیان نەداتەوە وەڵامی توندیان دەبێت.

91 جار خوێندراوەتەوە