تەندروستی كەركوك: رێگە نادەین ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان سەرببڕدرێت

KNN : Kurdish News Network
05:11 - 19/04/2025
کوردستان
+
-

تەندروستی كەركوك ئاشكرای دەكات، بۆ رێگریكردن لەبڵاوبونەوەی تای خوێن بەربون، رێگە نادەن ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان سەرببڕدرێت و ڤێتێرنەری شارەكەش دەڵێت: بەهاوكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری عێراق، رێكارەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكەیان گرتوەتەبەر.


هەواڵ: (KNNC)


لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك رایانگەیاند: بەمەبەستی رێگری كردن لە بڵاونەوەی ڤایرۆسی تای خوێن بەربون لەشارەكەدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیارەكان رێكاری تایبەتیان گرتوەتەبەر كە یەكێكیش لەوانە چیدیكە رێگە نادەن ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان سەرببڕدرێت.


ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەسەرتای ئەمساڵەوە شەش حاڵەتی توشبونیان بەتای خوێن بەربون هەبوە، كە دۆخی نەخۆشەكان جیاوازە، دوانیان گومانیان لێدەكرێت كە هەڵگری نەخۆشییەكە بن، دو كەسی دیكەیان لەژێر چاودێریدان و دو توشبوەكەی دیكە گیانیان لەدەستداوە.


هەروەك ئەوەشیان خستەڕو، بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی شارەكە پێشوازی لە توشبوەكان دەكات و شوێنی جیاوازیان لە نەخۆشەكانی دیكە بۆ دابین دەكەن.


لای خۆشیەوە، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترێنەری كەركوك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەهاوكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری عێراق، رێكارەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكەیان گرتوەتەبەر، بەڵام ئەوەی كەمێك بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی قورس كردوە، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەیە لە نێوان ئاژەڵاندا كە هیچ نیشانەیەكی لەسەر دەرناكەوێت.

 

نوێنەرەكەی ڤێتێرنەری كەركوك، داوای لە هاوڵاتیان کرد، بۆ دوركەوتنەوە لە مەترسییەكانی توشبون بە تای خوێن بەربون، لەکاتی کڕینی گۆشتدا، بۆ ماوەی (48) کاتژمێر لە بەفرگەدا هەڵیبگرن و پاشان بەباشی بیکوڵێنن، هەروەها خانمانیش لەکاتی وردکردن و ئامادەكردنی گۆشتدا، دەستکێش لەدەست بکەن.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، کارمەندێکی نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی دوای توشبونی بە ڤایرۆسی تای خوێن بەربون گیانی لەدەستدا.


تای خوێنبەربون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات کە زیندەوەرێکی بچوک هەڵیدەگرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵی (1914) لە جەنگى جیهانی دوەمدا سەریهەڵداوە و لە شارەکانی ئەفریقا و بەلقان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، ساڵانە زیاد دەکات و بڵاودەبێتەوە، نەخۆشییەکە لەڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، لە (40%) ئەو کەسانەی توش دەبن روبەڕوی گیان لەدەستدان دەبنەوە.

129 جار خوێندراوەتەوە