میللەتی کورد بە گشتی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهان دادەنرێت، کە خاوەن خاکێکی فراوانە بە ناوی کوردستانی گەورە، ئەم میللەتە دێرین و مەزنە بە شێوەیەکی سەرەکی و بێ ویستی خۆیان دابەشکراون بەسەر ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا دا، بەگشتی لەم شوێنانەدا دەژین.
ڕاپۆرت: KNNC
جگە لەوەی دابەشکردنى خاکى کوردستان بەپێی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان بوە بەسەر ئەو چوار وڵاتەدا، لە هەندێک قۆناغی دیکەی مێژوییدا لە زۆربەی ئەو شوێنانەش کە خاکی کوردن و تێیدا دەژین هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیایان دراوە.
کورد بەهۆی سەختی و نالەباری ژیانەوە تەنها لەو ناوچانە نەژیاون کە خۆیان خاوەن خاکن، بەڵکو ئێستاشی لەسەر بێت لە چەندین وڵاتی دیکە؛ ئەوروپا و ئەمەریکا و روسیا .. هتد دەژین، یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی کورد تێیدا ژیاوە و خاکی خۆی نەبوە، تا ڕادەیەکیش مێژویان لەو وڵاتەدا هەیە ئەفغانستانە، کە بە پێی دەقە مێژوییەکان، بەهۆی کۆچی زۆرەملێ و شەڕ و دەربەدەری و روداوی نەخوازراو کوردەکان رویان تێکردوە.
کوردەکان چۆن چونەتە ئەفغانستان؟
هۆکار و کاتی چونی کوردەکان بۆ ئەفغانستان، قسەی زۆر لەسەرە و بە چەند شێوازێک باسکراوە، بەهێزترینیان ئەوەیە کە لە هەندێک لە سەرچاوە مێژوییەکاندا هاتوە؛ باس لەوە دەکەن لە ساڵانی 1500دا کورد لە باکوری رۆژئاوای ئێرانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەفغانستانی ئێستا بردراون بۆ بەرگریکردن لە هێرشی شەڕانگێزی مەغۆلەکان و ئیدی لەوێ ماونەتەوە، ئەم باسە تەنها گێڕانەوە نییە سەبارەت بە بونی کورد لە ئەفغانستان، بەڵکو گێڕانەوەی دیکەی نوێش هەن کە پشتڕاستی دەکەنەوە کورد لە سەردەمی جیاوازدا هاتونەتە ئەفغانستان و لەوێ ژیاون.
بە هەر هۆکارێک هاتبن، راستییەکە ئەوەیە کورد لە ئەفغانستان ژیاون و لە چوار شاری بەناوبانگی ئەو وڵاتەدا بڵاوبونەتەوە، ئەوانیش شارەکانی غەزنی، قەندەهار، مەزار شەریف و کابوڵن.
گەڕەکی چنداوڵ.. شوێن کوردەکانی کابوڵ
چنداوڵ یەکێکە لە هەرە گەڕەکە کۆنەکانی کابوڵ و بە گەڕەکی کوردەکان ناسراوە، زیاتر لە 30 ساڵە کوردەکان ئێرەیان جێهێشتوە، دەقە مێژوییەکان باس لەوە دەکەن لە ڕابردودا 50 خێزانی کورد لەم گەڕەکەدا ژیاون و گەڕەکەکەش هەر بەناوی "کوردانی چنداوڵ" خۆیانەوە بوە، ئێمە بە مەیدانی چوینە گەرەکەکە و بە پێی ئەو سۆراغانەی کردمان، بەشکێکیان هەر چونەتە دەرەوەی وڵاتەکە، لە ئێستاشدا چەند خانەوادەیەکی کەم لە کابوڵدا ماون، گەرچی لە گەڕەکەکەی خۆیاندا ناژین، بەڵام ئەوان هەمو ڕۆژانێکی هەینی دێنەوە بۆ مزگەوتەکەیان، لەوێ نوێژی هەینی دەکەن.
بە پێی دەقە مێژوییەکان کوردەکانی کابوڵ بە پێچەوانەی ئەو ئەو بۆچونەی لەسەر کورد هەیە و بە شەڕکەری ئازا وەسفیان دەکەن لەجیهاندا،
زیاتر سیاسی بون و لە
تەواوی حوکومەتەکانی ئەفغانستانی پێش تاڵیبان دەسەڵاتیان هەبوە و کاربەدەست بون.
مەزهەبی کوردەکانی کابوڵ
کوردەکانی ئێرە لەسەر مەزهەبی شیعەن و لە تەواو حکومەتەکانی ڕابردودا شوێنیان هەبوە، بە پێچەوانەی ئەو بۆچونەی پێی وایە کورد تەنها شەڕکەری ئازان، کوردەکانی ئەفغانستان خەڵکی سیاسی بون و زۆرینەیان لە ئەفغانستان بەرپرسی کاری مەدەنی، حکومی و سیاسەتی دەرەوە بون لە ڕابردودا، گەرچی کوردەکان گەڕەکەکەیان جێهێشتوە ، بەڵام تا ئێستاش مزگەوت و حەمامی کۆڵانەکە و خودی کۆڵانەکەش هەر بەناوی ئەوانەوەیە، هەموان بە گەڕەکی کوردەکان دەیناسنەوە.
مزگەوت و حەمامەکەی چنداوڵ... پارێزەری ناوی کوردەکان
جگە لەناوی گەڕەکەکە، دو شوێنی دیکە کە گەواهیدەر و نیشانەی بونی کوردەکانی کابوڵن ئەوانیش، مزگەوت و حەمامی چنداوڵە، کە هەر دەکەونە ناو خودی گەڕەکەکەوە و تا ئێستاش خەڵکی ناوچەکە سەردانیان دەکەن.
شێوازی بونیادنانی مزگەوتەکە تەواو جیاوازە لە مزگەوتەکانی دیکەی کابوڵ، زیاتر لە خانەقا دەچێت نەک مزگەوت، مزگەوتەکە بە تەلارسازی ناوازە و بە کەڵک وەرگرتن لە دار دروست کراوە، هەروەها تەلارسازی مزگەوتەکە ئەوە دەردەخات کە ئەم مزگەوتە لە بنەڕەتدا پەرستگایەکی سۆفیگەری بوە بۆ کوردانی دانیشتوی کابول.
لەبارەی مێژوی مزگەوتەکەوە چەندین بۆچون هەیە، پێلوان مەنسور کە مێژونوسێکە شارەکەیە؛ پێی وایە ئەم مزگەوتە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەکە، بەڵام شارەزایانی وەزارەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، شتێکی دیکە دەڵێن و پێیان وایە ئەم مزگەوتە تەمەنی 200 ساڵ زیاترە، راستییەکەش هەر ئەوەیە بە وردی نازانرێت تەمەنی تاکە مزگەوتەکەی کورد لە کابوڵ چەندە، بەڵام ناوەکەی کە تا ئێستاش بەناوی کوردەکانی چنداوڵەوەیە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، بۆ مێژوی کوردەکان لە کابول.
بەڵگەیەکی دیکە؛ بونی حەمامی کوردانی چنداوڵ لە کابوڵ، بە هەمان شێوەی مزگەتەکە، تا ئێستا خەڵکی سەردانی دەکەن و دانەخراوە.
کوردەکان لە زیهنی کابوڵییەکاندا
ئەوەی جێی سەرنجە سەرەڕای ڕۆشتنیان و لێرە نەمانیان بۆ ماوەیەکی زۆر، بەڵام جێپەنجە و مێژوی کوردەکان هەر لە گەڕەکەکەدا ماوە، جگە لەوەی ناوی حەمام و مزگەوتەکە و تەنانەت کۆڵانەکەش هەر بەناوی ئەوانەوەیە، ئێمە لەوێ لە هەر کەسێکمان دەپرسی ئێرە گەڕەکی کوردەکان، هەموان یەک وەڵامیان هەبو، "بەڵێ ئێرە گەڕەکی کوردانی چنداوڵە".
ئامادەکردن - بڵند عەبدولکەریم
978 جار خوێندراوەتەوە