ئایا حوسییەکان پارویەکی ئاسانن بۆ ئەمەریکا؟

KNN : Kurdish News Network
09:05 - 20/03/2025
ڕاپۆرت
+
-


ململانێ نێوان حوسییەکان و ئەمەریکا چوەتە قۆناغێکی نوێوە، ئەمەریکا گروپەکەی خستوەتە لیسی تیرۆرەوە و ترەمپیش لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشی لەناوبردنیان دەکات بەتەواوەتی،  لە بەرامبەریشدا حوسییەکان بێگوێدانە ئەو هەڕەشانەی لێیان دەکرێت بەردەوامن لە هێرشەکانیان و دەڵێن؛ تا ئیسرائیل دەستهەڵنەگرێت لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، بەردەوام دەبن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا ئەمەیان سەلماندوە.

ڕاپۆرت:KNNC

دوای 10 ساڵ شەڕی ڕاستەوخۆ لە گەڵە سعودییەدا، ئاڕاستەی چەکەکانییان ڕوی لە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کرد، بەتایەبەت لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە،  حوسییەکان هێرشەکانیان  بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا  و ئیسرائیل لە دەریا سوردا و بەرژەوەندییەکانی ئەو دو وڵاتە چڕترکردەوە، لە نوێترین لێدوانیدا ترەمپ بەڵێنی لەناوبردنی یەکجاریی ئەو بزوتنەوە چەکدارییە داوە و چەندین ئۆپراسیونی ئاسمانی تەنها لەم هەفتەیدا لە دژیان بەڕێوەچو.



لە نوێترین لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند: بۆردومانی حوسییەكانی یەمەنیان كردوە و زیانێكی زۆری بەر ئەو گروپە بەربەرییە كەوتوە و ئەمجارە بەتەواوی ئەو گروپە لەناودەبەن، هەر دوابەدوای لێدوانەکەی ترەمپ و هێرشەکەی ئەمەریکا حوسییەکانیش رایانگەیاند؛ بۆ جاری چوارەم کەشتییەکەی سەربازی ئەمەریکایان کردوەتە ئامانج و دوجار بە موشەکی دور مەوداش چەند پێگەیەکی ئیسرائیلیان پێکاوە.


حوسییەکان یاخود یارانی خودا کێن؟


حوسییەکانی یەمەن لە ڕاستیدا گروپێکی چەکداری ئیسلامی شیعە مەزهەبن لە تایەفەی حوسییەکان، بەڵام لە جیهاندا هەر  بە چەکدارانی حوسییەکان ناسراون و لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو دروستبون، کە ئەو کات بە گوتەی خۆیان بەرەنگاری گەندەڵییە بەرفەراوانەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی  یەمەن ببنەوە.

ئەم گروپە کە خۆیان بە ئەندامی "بزوتنەوەی ئەنسار الله" ناودەبەن، لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری یەمەن سەریان هەڵداوە و ئێستا بەشێک لە ناوچە هەژارەکانی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردوە.

 حوسییەکان توانیان بەرگەی دە ساڵ شەڕ لە دژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی سعودیە بگرن، ناوی گروپەکە لە حوسێن ئەلحوسی دامەزرێنەری ئەم بزوتنەوەیە هاتوە،  بەخۆشیان دەڵێن؛ ئەنساروڵا یان یارانی خودا.

دوای پڕۆسەی بەناو ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمەریکاوە، حوسییەکان دروشمێکی نوێێان هەڵگرت کە  بریتی بو لە  "اللە و ئەکبەر - مردن بۆ ئەمەریکا - مردن بۆ ئیسرائیل - نەفرەت لە جوەکان- سەرکەوتن بۆ ئیسلام".

لەو کاتەوە ئەوان بە ئاشکرا شەڕیان دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاگەیاندوە، ئەم گروپە، وەک حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان، خۆیان وەک بەشێک لە "میحوەری بەرخۆدان" دەزانن کە ئێران  لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیان دەکات.



بەهێزبونی حوسییەکان


گەرچی لە ساڵی نەوەدەکانەوە دروست بون، بەڵام لە کۆتا مانگەکانی 2014 شەڕی نێوخۆی لە یەمەن دەستیپێکرد، حوسییەکان سەنعای پایتەختی یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کرد و ئەوە سەرەتایەک بو تا وەک گروپێکی چەکداری بەهێز ناو دەربەکەن.

بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانییەوە سەبارەت بە زیادبونی دەسەڵاتی شیعە لەسەر سنورەکەی، سعودیە لە مانگی سێی ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دامەزراند و دەستیوەردایە جەنگەکەی ناو یەمەنەوە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات، بەڵام لەم کارەیدا سەرکەو تو نەبو.

حوسییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی باکور و ناوچە گەورەکانی ناوەڕاستی یەمەنییان کرد، سەرەڕای بەردەوامی بونی گرژی سعودییەش ناچار بو بە ڕێکكەوتن لەگەڵیاندا.

 

چەکدارەکانی بزوتنەوەی ئەنسار الله خاوەن ژمارەیان زۆرە و لە لوتکەدان، بە جۆرێک بەهۆی بونی موشەکی دورمەودا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی پێشکەوتوەوە لە روی سەربازییەوە لە چەندین دەوڵەت بەهێز ترن . 



حوسییەکان یاخود چەتەکانی دەریا

بەهۆی پێگەکەیانەوە کە ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان بە دەریای سوردا لە ژێر سێبەری چەکەکانی حوسییەکانەوە تێپەڕدەبون، تەواوی ئەو کەشتیانەی دەیانویست بیکەنە ئامانج دەکەوتنە بەر هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفرۆکەوانەکانیان، هاوشێوەی چەتەکانی دەریا هەر کەشتییەکیان بویستایە دەیانتوانی زەفەری پێبەرن، بە جۆرێک لە ساڵانی ڕابردودا دوو کەشتی گەورەیان بەتەواوەتی نوقمی دەریا کرد، ئەوان دەڵێن؛ ئەم کارەیان وەک وەڵامێک  بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و حەماس ئەنجام دەدەن.


یارانی خودا یاخود ئەنساروڵا ، بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوام بونەتە هۆی تێکدانی بازرگانی جیهانی و کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی ناچار کردوە ڕێڕەوێکی دورتر بگرنەبەر بە دەوری ئەفەریقای باشوردا، ئەوەش بۆ ئەوەی  سەلامەت بن  و خۆیان لە هێرشەکان بە دوربگرن، بەمەش  بە گۆڕینی ڕێڕەوە ئاوییەکان خەرجییەکان زیاتر بوە و بەتەواوەتی بونەتە کێشە بۆ بازرگانی لە جیهاندا.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەمەریکا  بە هاوبەشی لەگەڵ ئوستڕاڵیا، بەریتانیا،  بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا پێکەوە چەندین  ئۆپەراسیۆنیان  کردوە دژی حوسییەکان،  بەمەبەستی گەڕاندنەوەی هاتوچۆی ئازادی بازرگانی لە دەریای سوردا، کە ڕێڕەوی سەرەکیی نێوان ئەوروپا و ئاسیایە و لە سەدا 15 ی بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێ، بەڵام تا ئێستا بەتەواوەتی سەرکەوتو نەبون لەو هەوڵەیان.


حوسییەکان کۆتا دەستی ئێرانن لە ناوچەکەدا؟


ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە تشرینی دوەمی 2024دا دەرکەوتوە کە حوسییەکان بەهۆی پشتیوانی دەرەکی بێوێنە و بەتایبەتی لەلایەن ئێران و حزبوڵڵاوە بونەتە "رێکخراوێکی سەربازی بەهێز".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حوسییەکان پرۆژەیەکی بەرفراوانی دامەزراندنیان دەستپێکردوە کە لە ئەنجامدا تا ناوەڕاستی ساڵی 2024 هێزێکی 350 هەزار کەسی بەدەستهێناوە، بەمەش بەراود بە ساڵانی ڕابردو ڕێژەکە زۆر زیاتر بوە.

گەرچی ئێران وحوسییەکانیش ڕەتی دەکەنەوە، بەڵام بەردەوام سعودییە و  ئەمەریکا،  ئێران تۆمەتباردەکەن و پێیان وایە ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە باشترکردنی توانای موشەکی دژە کەشتیی  و سەرچاوەی سەرەکی چەکەکانیانە.

تاکە گروپی چەکداری جیهانیشن موشەکی بالیستی و موشەکی کروزیان هەیە کە مەودای دەگاتە دوو هەزار کیلۆمەتر، هەروەها خاوەنی  فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن کە دەتوانن مەودای دورتر ببڕن، بەردەوامیش ئێران تۆمەتباردەکرێت بەوەی هاوکارییان دەکات بە ناردنی چەک و پێشخستنی موشەکەکانیان، بەمەش ئەگر حوسییەکانیش بە دەردی حزبوڵا و حەماس بچن ئەوا ئێران بەتەواوەتی لە ناوچەکەدا هەژمونی نامێنێت، ئێستا حوسییەکان تاکە هیوای ئێرانە، لە دوای لاوز بونی حزبوڵا و حەماس لە ناوچەکەدا.



ئایا حوسییەکان پارویەکی ئاسان دەبن بۆ ئەمەریکا؟

سەرەڕای هەرەشەی بەردەوامەکانی ئەم کۆتاییەی ترەمپ و هەرەشەکانی پێشوتریی بایدنیش بۆ لەناوبردنیان، بەڵام بە گوتەی شارەزایان، پێویستە سوپای ئەمەریکا ئاگاداری ئەوە بێت کە دوای چەندین ساڵ لە شەڕکردن لە بەرەکانی جەنگی زەمینی سەخت و بەرگەگرتنی هەزاران هێرشی ئاسمانی، هێشتا حوسییەکانی یەمەن دوژمنێک نین بە کەم سەیر بکرێن، بەتایبەت بەهۆی چەکەکانی دەستیان و پێگەکەیان، هەروەها نەبونی زانیاری تەواوی هەواڵگری لەسەریان، لەنابوردن و لاوازکردنیان هاوشێوەی حەماس و حزبوڵا  ئەستەم کردوە.


سەرەڕای بۆردومانە قورسەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا  بە فەرمانی ڕاستەوخۆ  دۆناڵد ترەمپ، کە بوە هۆی کوژرانی  53کەس و برینداربونی نزیکەی 100 کەسی دیکە، بەڵام حوسییەکان  بەردەوامن لە هێرشەکانیان و تەنها لەم هەفتیەدا چوار جار کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکایان کردوەتە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی شەوی سێشەممە 18-3ی بە موشيکی بالیستی بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیلیان کردە ئامانج.

لەبەیاننامەیەکدا حوسییەکان هۆشداریشیان دا کە لە ڕۆژانی داهاتودا بازنەی ئامانجەکان لە ئیسرائیل فراوانتر دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژییەکانی  بۆ سەر غەززە نەوەستێنێت.



ئاڵنگارییەکانی بەردەم شکستپێهێنانی حوسییەکان


لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، گروپی حوسییەکان سەدان هێرشیان بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستپێکردوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، بەڵام دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لە غەززە لە 19ی مانگی یەکی ئەمساڵ، بۆ ماوەیەک ئەم هێرشانەیان ڕاگرت. هاوکات شۆن پارنێل وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکردوە، حوسییەکان لە ساڵی 2023ەوە 174جار هێرشیان کردوەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و 145 جار هێرشیان کردوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

بە گوتەی بەرپرسانی حوسی، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا لە ڕۆژی شەممە 15ی ئازار  بوە هۆی کوژرانی 53 کەس و برینداربونی 98 کەسی دیکە، بەڵام  ئەو گروپە ڕایگەیاندوە کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا ، بێدەنگ نابن و چەندین هێرشیان کردوەتە سەر کەشتی فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمەریکا و بەردەوامیش دەبن و بازنەی هێرشەکانیان فرواناتر دەکەن.

ئامانجی ئەم دواییەی  ئۆپراسیۆنی ئەمەریکا کۆتاییهێنانە بە هەڕەشەی حوسییەکانە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوردا، لەبەرامبەردا هەڕەشەکانی گروپەکە کە وەک هاوسۆزییەک بۆ غەززە دەستیپێکردوەتەوە، بەتایبەت لەدوای شکاندی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە و کوشتنی زیاتر لە 400 کەس، حوسییەکان دەستیان کردەوە بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و  ئەمەریکا، جگە لە کەشتییە سەربازییەکەی ئەمەریکا کە چوار جار کردویانەتە ئامانج،  بە موشەکێکی بالیستیکی بنکەی "نەڤاتیم"ی ئیسرائیلیان بۆردومان کرد.

ئەمە جگە لەوەی، دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئەمەریکا، بەدەیان هەزار کەس لە خۆپیشاندانێکدا کە لەلایەن حوسییەکانەوە ڕێکخرابو دژی هێرشەکانی ئەمەریکا، ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەگوتەوە.


حوسییەکان هاوشێوەی حاماس و حزبوڵا نین

لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بە هاوبەشی ئەمەریکا، بوەتە هۆی کوشتنی چەندین سەرکردەی دیاری  حەماس و حزبوڵا و ئەو دو گروپەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بەتەواوەتی  لاواز کردوە ، بەڵام ئەم ئەنجامانە بۆ حوسییەکان تەواو پێچەوانەیە، ئەوان هاوشێوەی حەماس و حزبوڵا، سەرکردەکانیان نەکراوەت ئامانج، ئەویش بەهۆ نەبونی زانیاری هەواڵگری پێویست لەسەریان، هەر ئەمەش وایکردوە لەناوبردنی حوسییەکان ئاسان نەبێت، لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، ئەمە جگە لەوەی ناتوانێت هێرشی زەمینی بکرێتە سەریان بەهۆی پێگەکەیانەوە، هەمو ئەمانەش پێمان دەلێن هاوکێشەکە بۆ حوسییەکان جیاوازە، ئەمەریکاش ئەمە دەزانێت بۆیە ترەمپ بۆ دەربازبونی لە هێرشەکانی حوسییەکان هەڕەشەی لە ئێران کرد و پێ وتن هەر گوللەیەک حوسییەکان بیتەقێنن ئێمە وای دادەنێین ئێران تەقاندویەتی.

 

ئەمە جگە لەوەی بە سەرنجدان لەوەی کە یەمەن لە مێژە بە کێشەیەکی ناوچەیی بۆ ڕیاز و ئەبوزەبی دادەنرێت، سعودییە و ئیمارات سەرکەوتو نەبون لە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری تایبەت لەسەر گروپە چەکدارەکەی یەمەن و توانای چەکەکانیان و سەرکردەکانیشیان، ئەمەش وایکردوە  لەنابوردنیان  دژوار بێت.



هۆکاری بەهێزیان و ئاسان دەستڕانەگەیشتن پێیان



هەڵکەوتەی جوگرافیای یەمەن و بەکارهێنانی شاخ لەلایەن حوسییەکانەوە، خاڵی بەهێزی گروپەکەیە، یەمەن لە ڕوی ستراتیژییەوە لە سەر ڕێڕەوی سەرەکی کەشتیوانی نێوان ئەوروپا و ئاسیا هەڵکەوتوە و ئەمەش ڕێک ئەو شوێنەیە کە حوسییەکان ناوچە شاخاوییەکانیان کردوە بە شوێن و پێگەی خۆیان و کارەکەیانی ئاسانتر کردوە.

گروپەکە هێرشەکانیان زۆرینەی جار بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دروستکراوی خۆیان ئەنجام دەدەن، گەرچی لە چاو وڵاتانی زلهێزدا هێرشەکانیان سادەن، بەڵام کاریگەرن و قەبارەی هاتوچۆی کەشتیوانی دەریای سوریان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەمکردوەتەوە، کۆمپانیاکانی کەشتیوانیش خۆیان لەو ناوچەیە بەدور دەگرن.

حوسییەکان لە ماوەی ڕابردودا چەندین جار هێرشیان کردوەتە سەر سعودیە، لەوانە دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ، هەروەها لە سەرەتای ساڵی 2022 دا هێرشی کوشندەیان بۆ سەر ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی ئەنجامداوە.

لە کاتێکدا حوسییەکان ناتوانن ڕکابەری هێزی سەربازی ئەمەریکا بکەن، بەڵام ئەوان سروشتی ناهاوسەنگی ئەم ململانێیە دەقۆزنەوە، بە هێرشی لەناکاویان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، وەک ئەوەئ لەم هەفتەیەدا ئەنجامیاندا.

بەردەوامی لە لە هەڵدانی موشەکی دور مەودا  و بەکارهێنانی  فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەریا سوردا، هەروەها موشەکەکانیان کە بە ئاسانی ئێستا دەگاتە خاکی ئیسرائیل، ئەگەر  ئەمانە هێرشی سەرەتاییش بن، بەڵام  هێشتا بازرگانی دەریایی جیهانی و ئازادی گەشتی کەشتیەکان تێکدەدات و مەترسین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییانی لە ئیسرائیلدا.

حوسییەکان بەدەردی حزبوڵا و حەماس دەچن؟

گەرچی ئەمەریکا بە چڕی هێرشی بۆ سەر حوسییەکان دەستپێکردوە، لای خۆشیەوە ئیسرائیلیش کەمتەرخەمی نەکردوە، بەڵام بەهۆی نەبونی زانیاری هەواڵگری لەسەریان هاوشێوەی سەرکردەکانی حەماس  و حزبوڵا تا ئێستا، نەتوانراوە گورزی کوشندە لە حوسییەکان بدرێت بەتایبەت سەرکردەکانیان،  هاوشێوەی  ئەوەی لەگەڵ حەماس و حزبوڵا دا کرا.

 

ترەمپ بە ئاشکرا  بەڵێنی لەناوبردنی تەواوەتی گروپەکەی داوە و  پێیوتون کاتتان تەواو بوە، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی هەفتەیەکە بەرەوامە لە هێرشکردنە سەریان و بە دەیان کەسی لێ کوشتون و چەندین پێگەی سەربازیشی بۆردومان کردوە، بەڵام تا ڕادەییەک حوسییەکان دەستیان لەگەڵ ئەم ڕوداوانەدا نەرم کردوە، بە پێی ئامارەکان سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا زیاتر لە 25 هەزار هێرش کراوە سەریان  ئەوان نەک لاواز نەبون، بگرە بەهێزتیش بون، بەتایبەت لە بواری فڕۆکەی  بێڕۆکەوان و موشەکی دورمەودادا.

 

حوسییەکان  تاکە گروپی چەکدارین خاوەن موشەکی بالیستین و لە ڕوی سەربازییەوە لە چەندین دەوڵەت بەهێزترن، هەمو ئەمانە کاری ئەمەریکا  و ئیسرائیلیان قورس کردوە، تا بتوانن ئەوەی  لەگەڵ حەماس  و حزبوڵا کردیان بەهەمانشێوە لەگەڵ حوسییەکاندا دوبارەی بکەنەوە.

 

لەگەڵ هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەریان حوسییەکان بێ وەڵام نابن و هێرش دەکەنەوە  و لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دوایەیی ئەمەریکاشدا  یەحیا ساریا، وتەبێژی سەربازی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاندوە؛ "هێزەکانیان  دوپاتی دەکەنەوە کە شکست بە دوژمنەکەیان کە ئەمەریکایە دەهێنن و بەردەوامیش دەبن لە هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل  لە کاردانەوە ئەو کۆمەڵکوژییانەی دژی گەلەکەمان لە غەززە ئەنجامی دەدات.

 

وتەبێژی حوسییەکان لەبارەی هێرشە چڕەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەریان وتویەتی کە چڕبونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان و دەستپێکردنی هەڵمەتی زیاتر، یەمەن و یەمەنییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکی ئایینی و ئەخلاقییەکانیان ڕاناگرن، بەڵکو زیاتر سور دەبن لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان و بە ئامانج گرتنی ئەمەریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا.

 

کۆتایی لای کاتە

 

لە کۆتایدا  دەبیط چاوەڕێی کات و پلانی داهاتوی ئەمەریکا و ئیسرائیل بین بۆ ئەوەی بزانین چارەنوسی حوسییەکان بەکوێ دەگات، لەگەڵ ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکا، بۆ ئەوەی بزانین  ئاخۆ ترەمپ دەتوانێت ئەوەی بایدن و هاوپەیەمانەکانی نەیان توانیت بیکات؟ بەتەواوەتی حوسییەکان لەناو ببات وەک ئەوەی بەڵێنی داوە؟ گەرچی ئەستمە حوسییەکان بەدەردی حزبوڵای لوبنان بچن، بەڵام وەک دەردەکەوێت ترەمپ هەمو هەوڵ خۆی خستەوەتەگەڕ بۆ ئەوەی بەڵێنەکەی بباتە سەر.

 

لە کۆتایدا ئەوە کاتە دەری دەخات کە  ترەمپ وەک سەرۆکی گەورەترین و بەهیزترن وڵاتی جیهان سەرکەوتو دەبێت یاخود لەبەردەم چەکدارە بێ جلە و ناعل لەپێکانی حوسییەکاندا شکست دەهێنێت.

 

 

ڕاپۆرت - بڵند عەبدولکەریم

 

947 جار خوێندراوەتەوە