هەڵەبجە پڕیەتی
لە چیرۆکی نەبیستراوی تراژیدی کە مرۆڤ بە بیستنیان ناخی دەکوڵێت بۆ حاڵی گەلێکی
ستەمدیدە کە بەدەست ڕژێمی لەناوچوی بەعس ئازار و ناڕەحەتی زۆریان چەشتوە، ساڵانە لەگەڵ
هەمو یادێکی هەڵەبجەی شەهیددا کە لە چیرۆکی نوێ دەبیسترێت کە چۆن ژیان لە سەدان خێزانی
شارەکە تێکدراوە.
راپۆرت:KNNC
شاری هەڵەبجە
سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بەردەوام ڕوبەڕوی
بۆردومان ببووەوە، لە کۆتا ساڵی جەنگەکەدا کیمیاباران کرا و دانیشتوانەکەی
کۆمەڵکوژ کرا، بەهۆی ئەو نەهامەتی و بۆردومان و کیمیابارانەی بەسەریاندا هات، ژمارەیەکی
زۆر لە خێزانەکانی شارەکە شەهید بوون و ئەوانەشی ڕزگاریان بوو ئاوارە و دەربەدەربون،
ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی شارەکە بەهۆی ئاوارەبوونەوە بێسەروشوێن بون.
لە ساڵیادی
کیمیابارانی هەڵەبجە، چیرۆکی خێزانێک دەگێڕینەوە و یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە بەم شێوەیە باس لە رۆژی کیمیابارانی شارەکە دەگێڕێتەوە...
گەشاو موراد
محەمەد یوسف تەمەن 49 ساڵ، کاتی کارەساتی کیمیابارانەکە تەمەنی تەنها 12 ساڵان
بووە و، یەکێکە لە ڕزگاربوان، کە دوای شەهید بونی دایک و باوکی ئەرکی چاودێری و
بەخێوکردنی چوار برای لە خۆی بچووکتری بەسەردا کەوتوە.
دەڵێت:
"ئێمە پێش کیمیابارانەکە خێزانێکی زۆر بەختەوەر بووین، نۆ سەرخێزان بووین، لە
ناو شاری هەڵەبجەدا دەژیاین، هەتا ئەو ڕۆژەی کیمیابارانی هەڵەبجە کرا، کاتژمێر 11ـی
پێش نیوەڕۆ بوو، هەتا ئێوارەی پێش ڕۆژی کیمیابارانەکە ئێمە لە ماڵی خۆماندا دەژیاین،
دایکم و باکم و چوار برا و سێ خوشک بەیەکەوە دەژیاین" .
"بە حوکمی ئەوەی هەڵەبجە هەمیشە بۆردومان
دەکرا، باوکم دوو ساڵ پێشتر ژێرزەمینێکی لە ماڵەکەی خۆماندا دروست کردبوو بۆ
پاراستنی خۆمان، خانەوادەی
ماڵی باپیرم زۆر بون، مامەکانم هەمو نزیک خۆمان بون، نزیکەی 70 کەس لەو
ژێرزەمینەدا بووین بە منداڵ و گەنج و پیرەوە".
"باوکم
وەک بڵێی شتێکی بیستبێت هەر زوو زوو دەهاتە دەرەوە لە ژێر زەمینەکە و دەیویست
هەواڵی ناو شاری هەڵەبجە بزانێت، لەبەرئەوە
باوکم زۆر نەدەهاتە ناومانەوە، هەر لە حەوشەکەدا دەهات و دەچوو، زوو زوو دەهاتە ژێرزەمینەکە و دەچووە
سەرەوە، دایکیشم سەرقاڵی نان دروستکردن بوو بۆ ئەو کەسانەی لە ژێرزەمینەکەدا بوون،
ئیتر من بەڕاستی دایکمم نەبینی، دواتر باوکم هاتەوە ژێر زەمینەکە و یەک یەک بانگی
کردین، گوتی گەشاو ڕۆڵە کوان منداڵەکانی دیکە، منیش وامزانی بۆ نان خواردنە، یان
دایکم ئیشی پێمانە، کە هاتینە سەرەوە، باوکم هەر لە گەڕەکی خۆماندا ئۆتۆمبێلێکی
ڕاگرتبوو، من و چوار برام کە هەمویان لە من بچووکتر بوون یەکە یەکە خستە ناو
ئۆتۆمبێلەکەوە، ئۆتۆمبێلەکە هی دراوسێیەکمان بوو کە تەنیا خۆی و خێزانەکەی بون، لەبەرئەوەی ماڵی باپیرم قەرەباڵغ بوو باوکم ئێمەی
لەگەڵ ئەو دراوسێیەمان نارد بۆ ئەوەی خۆشیان لەو ئۆتۆمبێلانەی دێن بەشوێنیاندا
جێگەیان ببێتەوە، من و
چوار براکەمی خستە ناو ئەو ئۆتۆمبێلەی دراوسێکەمانەوە و، من زۆر سەرمسوڕما کە
دایکم نەهات لەگەڵمان و تەنها من و چوار براکەم بووین".
"ئەو
کاتەی باوکم ئێمەی خستە ناو ئۆتۆمبێلەکە، من پێش ئەوەی سەرکەوم دەستم گرت بە پشتێنەکەی
باوکمەوە و گوتم باوکە کوا دایکم، گوتی ڕۆڵێ دایکیشت دێت، باوکم کە زانیبووی
کیمیاباران کراوە، زۆر شڵەژابوو، گوتی ئێمەیش دێین بە دواتاندا، کاتێک وشیاری
برامی خستە باوەشم ئیتر لەو کاتەدا هەستم بەوە کرد ئەمە ئامانەتێکە باوکم خستیە
باوەشم، باوکم ئەوەشی گوت گەشاو ئاگات لە منداڵەکان بێت، ڕۆڵە ئێوە بڕۆن، ئێمەیش
دێین بە دواتاندا، ئەو کاتە تەمەنم تەنیا 12 ساڵ بوو، منداڵبوم".
"دوای
ئەوەی چووینە ناو ئۆتۆمبێلەکە، هەتا لە گەڕەکەکەی خۆمان دەرچووین هەر
ئاوڕمدەدایەوە بۆ دواوە و دەمگوت ئێستا دایکم و باوکم لە ئۆتۆمبێلەکەی دواوەی
خۆمانن، هەتا هاتینە عەنەب (گوندێکە لە نزیک هەڵەبجە)، ئیتر من باوکمم نەبینیەوە،
کە هاتینە عەنەب لەوێ من زانیم هەڵەبجە کیمیاباران کراوە، کاتێک بە ڕێگادا تێدەپەڕین
بەرەو عەنەب لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە چەندین کەسم بینی لە قەراغ شەقامەکە ڕایاندەکرد،
لەبەرئەوە ترسام دەمگوت تۆ بڵێی دایکم و باکم بێن".
"لە عەنەب
پاسدارێکم بینی ئەو کاتە سوپای ئێرانی لێبوو من نەمدەزانی پاسدارە یان چییە، بەڵام
ئەوەندەم بینی (دەمامک)ی بەستبوو، لەگەڵ شۆفێرەکەمان قسەی کرد، خێرا کاک سەڵاح
پێیگوتین دەم و لووتان دابپۆشن، ئەو کاتە دەیگوت دەرمانە (ڕێژراوە)، تەنانەت
دەیگوت بۆنی غاز دێت، نازانم غازتان پێ نییە، غاز لە ئۆتۆمبێلەکەدا نییە، ئێوە
هەست ناکەن بۆنی غاز دێت، کەمێکی دیکە ڕۆیشتین هێشتا لە عەنەب تێنەپەڕیبووین، بۆنی
سێومان کرد، ئیتر شۆفێرەکەمان پێی گوتین دەم و لووتتان بگرن و ئاگاتان لەخۆتان
بێت، من وشیار لە باوەشم بوو، بە پەڕۆیەک کە باوکم پێیدام خستمە سەر دەم و لووتی،
هۆشمەند بە کۆڵمەوە بوو، ئەو کاتە تەمەنی چوار ساڵ دەبوو، دەستێکم بە دەم و لووتی
هۆشمەندەوە بوو، دەستێکیشم بە دەم و لووتی وشیارەوە بوو، هەتا ڕۆیشتین نەوەستاین
هەتا گوندی بەڵخە، ئەو شەوەی لە گوندەکە بووین، نزیکەی سێ کاتژمێر لەوێ ماینەوە، دەمەو
بەیانی شۆفێرەکەمان ئێمەی بەڕێکرد بۆ وڵاتی ئێران".
"کاتێک
گەیشتینە وڵاتی ئێران، لە شاری پاوە من هەر ئەو قسەیەی باوکم پێیگوتم گەشاو ئاگات
لێیان بێت هەتا ئێمە پێتان دەگەین، هەتا دوو مانگ لەوێ لە ئۆردوگا بووین".
"ڕۆژانە
دەهاتین و چاوەڕێ دایک و باوکمان دەکرد خاڵۆژنێکی باوکم بەتەمەن بوو، هەموو
بەیانیەک وشیاری بە کۆڵمەوە دەبەست، دەهاتینە ناو شاری پاوە و، چاوەڕێم دەکرد،
هەتا دوای 20 ڕۆژ، ئینجا هەواڵی دایک و باوکمم بیست، خزمێکی خۆمان هات و گوتی
ئەوان کۆچی دواییان کردوە و شەهید بون لە هەڵەبجە جێماون، بەتەمای ئەوان مەبن، ئەو
کاتە ئیتر دڵنیابوم".
"من
نەمدەزانی خوشکەکەی دیکەم کە ئەویش لە دایکم و باوکم دابڕاوە لە ژیاندا ماوە،
ئەویش لەگەڵ ماڵی مامم هاتبوو، وامدەزانی ئەویش لەگەڵ ئەواندا شەهید بوە، هەتا دوو
مانگ لە ئۆردوگای سەریاس لەوێ مامەوە، لە ناو خێمە و ئاوارەییدا، دۆخێکی زۆر ناخۆش
و غەریبی، من لە خێمەیەکدا دەژیام لەگەڵ ئەو چوار برایەم، هەتا دوای دوو مانگ
لەگەڵ خوشکەکەم یەکترمان بینیەوە، ئەو خوشکەم دوو ساڵ لە من گەورەتر بوو، ئەوییش
هەر هیوایەکی دیکە بوو بۆ من، هەتا ساڵی 1991 لەوێ لە ئۆردوگای ئێران بەیەکەوە
ژیاین".
"دوای
ئەوەی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە، خوشکەکەم کە لە من گەورەتر بوو، ئیزنی لێوەرگرتم و
هاوسەرگیریی کرد، دوای ئەوە من ئەو هێز و توانایەم هەبوو کە باوکم چۆن ئەم
برایانەمی بە ئامانەت خستە باوەشم، هەستم بەوە کرد کە دەبێت ئەو ئامانەتەی باوکم
کە هەتا ئێستا هێناومە خودا نەیبڕێ پێگەیشتون، هەر ئەو قسەیەی باوکم لە دڵمدا بوو
ئەو هێزەی پێبەخشیم، دەبێت ئەم منداڵانە داهاتویەکیان هەبێت".
"ساڵی
1991 کە گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە، هەڵەبجەیەکی وێران کراو نە خانومان هەبوو، نە دۆخی
ئەو کاتەی نەوەدەکان کە گرانیی بو، زۆر سەخت بوو بەلامەوە بەڕاستیی، ئەو کاتە براکانم
چوونەوە بەر خوێندن و من کاتی کیمیابارانەکە لە پۆلی شەشی بنەڕەتی بووم، بەڵام
بەبۆنەی (براکانم) نەمتوانی بەردەوام بم لە خوێندن و تەواوی بکەم، ئەو خەونەم لە
خۆمدا هێشتەوە و دام بە براکانم، بەو هیوایەی داهاتویەکیان هەبێت، زۆر سەخت بو
بەلامەوە ڕۆژانە کەسێک نەبوو خەرجیمان دابین بکات، گرانیی بوو، خزم و کەسوکار هەر
فریای خۆیان دەکەوتن، منیش لەگەڵ ژنانی گەڕەک دەچووم بۆ ئیشی دەشت و دەر، بە
شەویشدا کڵاشم دەچنی".
"ئەو
ساڵانە پێداویستی قوتابخانە ئەوەندە گرانبو و ئینجا نەبونی بوو، کاتێک قەڵەمێکی
دارم بۆ براکانم دەکڕی، دەمکرد بە دوو کەرتەوە، بە قەڵەم دادەر دامنەدەدا، دەمگوت نەوەک
نوکەکەی بشکێت، بەڵکو بە چەقۆ دامدەدا، بە شەودا دەمخستە ناو ئەو خێمەیەی لە بری
چانتا بە دەست بۆم دووریبوون، هەتا 2005، ئەو کاتەی براکانم چوونە زانکۆ، زۆر زۆر
خۆشحاڵ بووم کە نەمهێشتووە لە هاوڕێکانیان دوابکەون، هەردەم پۆشتەوپەرداخ بوون،
سوپاس بۆ خودا هەم شوێنی دایک هەمیش شوێنی باوکم بۆ گرتنەوە".
"دایک
و باوک نازیان جیاوازە بەڵام من نەمهێشتووە کە بێنازی دایک یان باوکیان پێوە دیار
بێت، ئەو کاتەی ئەوان چوونە زانکۆ خۆشحاڵی من لەوەدا بو کە دوانەکەوتن ئەم
برایانەم".
"ساڵی 2010-2011
ئەو کاتەی برا بچوکەکەم کە لە هەمومان بچووکتر بوو (وشیار) زانکۆی تەواو کرد،
هاتەوە ماڵ گوتی گەشاو ئیتر سەرەی تۆیە بخوێنیت، ئێمە هەر چوار براکە دەتوانین
پشتیوانت بین، هەتا ئێستا تۆ بوی بە دایک، بووی بە باوک بۆمان، ئەرکێکی ئێمەت
لەسەر شان بووە، ئیتر دەبێت تۆش ئەو خەونەت بهێنیتە دی کە لەبەر ئێمە تۆ لە
قوتابخانە دابڕاوی ئێمەش هەرهەمومان دەبێت یارمەتی تۆ بدەین، ئیتر ئەو کاتە زۆر
خۆشحاڵ بووم، چونکە سوپاس بۆ خودا براکانم خوێندنیان تەواو کردبوو".
"لە
2010-2011 کە چومەوە بەر خوێندن، ئەو کاتەی کیمیابارانەیەکی هەڵەبجە من لە شەشی
بنەڕەتی بوم و تەواوم نەکرد، کە چومەوە بەر خوێندن لە شەشی بنەڕەتیەوە دەستم
پێکردەوە و، دوای تەواو کردنی قۆناغی بنەڕەتی خێرا قۆناغی ناوەندیشم بڕی، دوای
ئەوەی مامۆستا هۆشمەندی برام هاتەوە ماڵ گوتی گەشاو بڕیارە کۆمپیوتەری ناحکومی لە
هەڵەبجە بکرێتەوە، ئەگەر دەتوانی و حەزت لێیە لەوێ بخوێنیت ، زۆر حەزم لێیبوو
خۆشحاڵ بووم بەو قسەیەی مامۆستا هۆشمەند، کە چوومە ئەوێ و فۆڕمم پڕکردەوە،
وەرگیرام''.
''لە 2014-2015
چومە پەیمانگای کۆمپیوتەری هەڵەبجە و ئەو ساڵەی لەوێ بووم مامۆستا هۆشمەند هەم
مامۆستام بوو، هەمیش دوو ساڵ لەوێ بەڕێوەبەرم بو، ئەو کاتەی براکەمم دەبینی دەهات
وانەی دەگوتەوە بە خۆمم دەگوت ئەو زەحمەتەی من کێشاومە ئێستا بەرەکەی دەخۆم، برایەک
ئەو کاتەی چوار ساڵ بوو بە باوەشمەوە بوو بە زەحمەت بەخێوم کرد، ئێستا ئەو وانەم
پێدەڵێتەوە و هەم بەڕێوەبەرمە''.
87 جار خوێندراوەتەوە