وەزارەتى ئەوقاف رێنماییە شەرعى و کارگێڕییەکانى بۆ مانگى رەمەزان بڵاوکردەوە

KNN : Kurdish News Network
10:19 - 26/02/2025
کوردستان
+
-

وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى رێنماییە شەرعییەکانى بۆ مانگى رەمەزان بڵاوکردەوە و جەختیش دەکاتەوە کە دیاریكردنی یەكەم رۆژ و كۆتا رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز تەنها لە دەسەڵاتی لێژنەی باڵای بینینی مانگە.


هەواڵ:KNNC

 

بەپێی رێنماییەکانى وەزارەتى ئەوقاف، لە مانگى رەمەزان وتارەکانى دواى عەسر نابێت لە 20 خولەک زیاتر ببن و داواش دەکات هەموان پابەندى ئەو فەتوایەیان بن کە نیسابی زەكات و بڕی سەرفترە و فیدیەى تێدا دیاریکراوە.

رێنماییەکانى وەزارەتى ئەوقاف:


یەكەم: دیاریكردنی یەكەم ڕۆژو كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز تەنها لە دەسەڵاتی لێژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەبێت.

 

دووەم: پابەندبوونی تەواو بە ئیمساكیە و خشتەكانی كاتی بانگدان لەسەرجەم مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن (بینراوو بیستراو).

 

سێیەم: وتارەكانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی ڕۆژووەوان لە (20) بیست خولەك زیاتر نەبێت، وە تەنها لەلایەن مامۆستای مزگەوت پێشكەش بكرێت، بەبەكارهێنانی میكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، وە لەم ووتارانە مامۆستای مزگەوت تیشك دەخاتە سەر بابەتەكانی ئەحكام و عیبادات و معاملات و بابەتی پەروەردەیی هۆشیاری هەڵمەتی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان+ كاریگەری كارەكتەرە عەقلیەكان+ پێكەوەژیان).

 

چوارەم: ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی ئیمساكیەی پارێزگاكەوە دەبێت بەهیچ شێوەیەك نابێت بەپێچەوانەوە كاربكات.

 

 پێنجەم: تەنها لە (10) شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی بەمەرجێك ڕەزامەندی پێش نوێژو ووتارخوێنی مزگەوت.

 

شەشەم: تەنها پێش نوێژو وتارخوێنی فەرمی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح بەتایبەتی ئەنجام بدات بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك بۆی نیە چالاكی ئەنجام بدات.

 

حەوتەم: پابەندی تەواو بە فەتوای دیاریكردنی نیسابی زەكات و بڕی سەرفترەو فیدیە،كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە دیاری دەكرێت.

 

هەشتەم: پاش بانگدانی شەوان (عیشا) لەدوا (15 بۆ 20) خولەك دواتر نوێژ ئەنجام دەدرێت لەبەربارودۆخی ڕۆژووەوان، وە ڕەچاوی كاتی گونجاو بكرێت  لەڕووی درێژی و كورتی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعی ئەنجام بدرێت.

 

 

رێنماییە كارگێڕییەكان

یەكەم: پێویستە چێشتخانە و كافتریار و دوكان و بازاڕەكان رەچاوی حورمەتی ئەم مانگە پیرۆزە بگرن و هەستی رۆژوەوان بپارێزن.

دووەم: لەم مانگە پیرۆزەدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك لە دامودەزگا فەرمییەكان پێشكەش ناكرێت.

سێیەم: پێویستە گشت كەناڵەكانی راگەیاندن تایبەتمەندی و پیرۆزی ئەم مانگە لەبەرچاو بگرن شتێك بڵاو نەكەنەوە، كە لەگەڵ گەورەیی و پیرۆزی ئەم مانگە نەگونجێت.

چوارەم: رێنمایی تایبەت بە مزگەوت و  مامۆستایانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەرچوە، پێویستە هاوكاری جێبەجێكردن و پراكتیزەكردنی ناوەڕۆكی بدرێت.

پێنجەم: هەر مەراسیمێكی تایبەت بەم مانگە ئەنجام بدرێت لەسەرجە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و قەزا و ناحیەكان پێویست لەژێر چاودێری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی/ یان بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان/ بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئەوقاف بێت.

شەشەم:داواكارین لایەنەكانی پەیوەندیدار لە پارێزگا و یەكە ئیدارییە سەربەخۆكان سەرپەرشتی و بەدواداچونی جێبەجێكردنی ئەم رێنماییانە بكەن.

حەوتەم: سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن بەرپرسن لە هەر هەواڵێكی نادروست سەبارەت بەڕاگەیاندنی یەكەم رۆژ و كۆتا رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز.

هەشتەم: لەكاتی پێشكەشكردنی بابەتی ئایینی دەبێت كەسێكی پسپۆڕ لە بواری ئایینی و مامۆستایانی ئایینی كە بە فەرمی كار دەكەن میوانداری بكرێن.

298 جار خوێندراوەتەوە