شیعەکان پەیوەندییەکی
تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە هەڕەشە دەزانن و لەسەر ئەو پرسە بەنیازن
کۆبونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدەن.
هەواڵ:KNNC
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردوەتەوە،
چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتدار لە عێراق، بەنیازە کۆبونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدات،
بۆ تاوتوێکردنی وردەکاری پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک
وەزیرانی عێراق و مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
ئاماژەبەوەشکراوە، سەرکردەکانی
ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر سیستمی سیاسی لە عێراق،
مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکی قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن.
عودەی خدران، سەرکردە
لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندوە، لەماوەی دو رۆژی داهاتودا، کۆبونەوەیەکی بەپەلەو
گرنگ بۆ تاوتوێکردنی ئەوەی لە پەیامە هۆشدارییەكەی یان هەڕەشەکانی ئەمریکادا هاتووە.
ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە
لەمیانی پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق،
باسیان پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو "لاوازكردنی هەژمونی ئێران"
لە عێراق كردووە، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی
و پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ
راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر.
627 جار خوێندراوەتەوە