"پێویستە پەرلەمانی تورکیا مافی هیوا بۆ ئۆجەلان پەسەند بکات"

KNN : Kurdish News Network
08:23 - 28/02/2025
کوردستان
+
-

دوای کۆبونەوەی شاندەکەی ئیمڕاڵی لەگەڵ ئۆجەلان بۆ ماوەی چوار کاتژمێر، پەیامەکەی ئۆجەلان بەشێوەی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە، بەڵام بە هۆکاری لەبەرچاوگرتنی دۆخی ڕای گشتی لە تورکیا بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە پێدەچێت بڵاوكردنەوەی  پەیامەکە بکەوێتە نەورۆزەوە، سەرچاوەیەكی نزیكیش دەڵێت: پێویستە تا هەفتەیەکی دیكە پەرلەمانی تورکیا مافی "هیوا" بۆ ئۆجەلان پەسەند بکات.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

سەرچاوەیەکی نزیک لە دەستپێشخەریەکەی ئۆجەلان کە داوایکردوە ناسنامەكەی بڵاونەکرێتەوە بەدەنگی ئەمەریکای  راگەیاندوە: کۆبونەوەی شاندەکەی دەمپارتی و ئۆجەلان نزیكەی چوار کاتژمێری خایاندوە، دواتر پەیامەکەی ئۆجەلان لەڕێگەی سێ کامێراوە تۆمارکراوە، بەڵام بەهۆکاری تێکنەچونی دۆخی تورکیا و لەبەرچاوگرتنی رەوشەکە، بڕیاردراوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئۆجەلان کە لە ڤیدیۆکەوە وەرگیراوە، لە ئێستادا پەیامەکە تەنها بخوێنرێتەوە.


ئاشكراشیكردوە كە، بڕیاروایە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بخرێتە (2025/3/21) و لە فێستیڤاڵی نەورۆزدا بڵاوبکرێتەوە،  هاوکات پێدەچێت پەیامی نوێشی هەبێت.


دەنگی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئیمڕاڵی، دەبێت تا هەفتەیەکی دیكە پەرلەمانی تورکیا مافی "هیوا" بۆ ئۆجەلان پەسەند بکات، بەپێچەوانەوە پێشێلکارییە بەرامبەر پەیامەکە، بەڵام نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەکە.


مافی هیوا، بریتییە لە یاسایەک یان مافێک کە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەرچوە، بەپێی یاساکە هەر بەندکراوێک ماوەی زیاتر لە (20) ساڵ زیندانی بکرێت، دوای تێپەڕبونی ئەو ماوەیە، مافی ئەوەی هەیە دوبارە پێداچونەوە بە بڕیاری سزاکەیدا بکرێت یان ئازاد بکرێت بە ئازاد بونی مەرجدار.


لەماددەی (سێ)ـی یاساكەدا هاتوە؛ نابێت هیچ کەسێک سزایەک یان ئەشکەنجەیەک بدرێت، کە ببێتە هۆی لە شکۆدانی مرۆیی کەسەکە، بەو پێیەش کە ئامانج لە سزادان بریتییە لە چاکسازیی لە کەسایەتی تاوانبار یان بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، بۆیە زیندانیی مافی ئەوەی هەیە کە هیوای هەبێت و دوای تەواوکردنی (20) ساڵەکە ئازاد بکرێت.

625 جار خوێندراوەتەوە