ئەگەر بەتەمای مۆڵەتی شۆفێریت.. دەبێت رۆژانە سێ کاتژمێر وانە بخوێنیت

KNN : Kurdish News Network
10:50 - 03/03/2025
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ لەمەودوا هەر کەسێک مۆڵەتی شۆفێری دەربکات دەبێت رۆژانە سێ کاتژمێر وانەی تیۆری بخوێنێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی گۆڕانی سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ئاشکراکردوە و دەڵێت: نۆرەكانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری جۆرەكانی (A B C1) كە چونەتە پڕۆسەی تاقیكردنەوەی تیۆری و پراكتیكی هەر بە سیستەمی بەركاری پێش دەرچونی ئەو بڕیارەیە دەبێت.

 

ئاماژە بەوەکراوە کە هەر نۆرەیەك كە نەچوبێتە پڕۆسەی كرداری هەمو نۆرە گرتنێكی نوێ بۆ دەرهێنانی مۆلەتی شوفێری گشت جۆرەكانی(A B C D T) بە سیستمی نوێ جێبەجێ دەكرێت.

 

هاتوچۆی هەرێم رونی کردوەتەوە کە دەكرێت خاوەنی مۆڵەتی جۆری (B) ئۆتۆمبێلێک لێبخورێت، كە كۆی گشتی (ئۆتۆمبێل و سەرنشین و بارەكەی) لە (3.5) سێ تۆن و نیو زیاتر نەبێت و جۆرەكانی پیك ئاپ و ئۆتۆمبیلی دو تەنیش دەگرێتەوەو هەروەها دەكرێت ئامێرەكانی بیناسازی و كشتوكاڵیش لێبخورێت بە مەرجێك كێشی لە (3.5) سێ تۆن و نیو زیاتر نەبێت و خێرایی ئامێری بیناسازی لە (60)كم لە كاتژمێرێكدا زیاتر نەبێت و ئامێری كشتوكاڵی خێرایی لە (40)كم زیاتر نەبێت.

 

لەبارەی مۆڵەتی شۆفێری و ماوەی وانەکانەوە، هاتوچۆی هەرێم دەڵێت: وانەکانی تیۆری (21) کاتژمێرە و دەبێت ڕۆژانە (3) کاتژمێر وانە بخوێندرێت بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ، جگە لەوەش وانەکانی پراکتیکی (12) کاتژمێر بە کرداری لەگەڵ ڕاهێنەر شۆفێری دەکەن پاشان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە بەشی مۆڵەت شۆفێری تاقی کردنەوەکانی تیۆری ئەنجام دەدەن.

 

هاوکات، جگە لە گۆڕانکاری لە شێوازی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕانکاری لە نرخەکەشی کراوە و تێچوەکەی دەبێتە 400 هەزار دینار.

194 جار خوێندراوەتەوە