بزوتنەوەی گۆران: دوای زیاتر لە (30) ساڵ حكومڕانی كوردی دیموكراسی پاشەكشەی كردوە

KNN : Kurdish News Network
06:28 - 04/03/2025
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: راپەڕین، خەباتی چەکداری بۆ پرۆسەی سیاسیی و دامەزراندنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان گۆڕی، بەڵام دوای زیاتر لە (30) ساڵ حکومڕانیی کوردی، نەک ئامانجەکانی ڕاپەڕین نەھاتونەدی، بەڵکو پاشەکشێ دەبینیرێت لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، ئازادییە کەسی و گشتیەکان.


هەواڵ: (KNNC)

 

بۆ یادی (34)ـهەمین ساڵیادی راپەڕین، بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتوە: راپەڕین، خەباتی چەکداری بۆ پرۆسەی سیاسیی و دامەزراندنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان گۆڕی و لەم یادەدا بەبیردەهێنینەوە؛ كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی  هەلومەرجێکی پڕ ئاڵنگاری و گۆڕانکاری سیاسیی دەبنەوە.


ئەوەیخستوەتەڕو، ئاشکرایە، خەڵک بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و رێکخستنە نهێنیەکان؛ خاوەنی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینن، بەڵام دوای زیاتر لە (30) ساڵ حکومڕانیی کوردی، نەک ئامانجەکانی ڕاپەڕین نەھاتونەدی، بەڵکو پاشەکشێ دەبینیرێت لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، ئازادییە کەسی و گشتیەکان.


بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئێمە لەکاتێکدا، یادی ڕاپەڕین بەرز ڕادەگرین، لە هەمانکاتیشدا داواکارین لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، جۆرێک لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەنێوانیاندا هەبێت، کە ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی ئەو هاونیشتمانیانە بێت، کە دەنگیان بە لایەنەکانی دەسەڵات نەداوە و بژاردەی جێگرەوەی سیاسیان قبوڵکردوە.

 

ئەمەش دەقی راگەیەنراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە...

 

راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یادی (34)ـهەمین ساڵیادی ڕاپەڕین


ئەمڕۆ (34) ساڵ تێدەپەڕێت، بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، کە وەک وەرچەرخانێکی مێژوی هاوچەرخی باشوری کوردستان؛ خەباتی چەکداری بۆ پرۆسەی سیاسیی و دامەزراندنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان گۆڕی، ڕاپەڕینێک لە (5ـی 3ـی 1991) لەڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین دەستیپێکرد و لە کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.


ئەمساڵ لەکاتێکدا ئەم یادە مێژوییە بەبیردەهێنینەوە؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوبەڕووی هەلومەرجێکی پڕ ئاڵنگاری و گۆڕانکاری سیاسیی دەبنەوە، بەشێوەیەک پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسیەکان پێویستیان بە کۆدەنگی گوتاری کوردستانی لەسەر ئاستی ناوچەکە و خزمەتکردنی ڕاستەقینەی هاونیشتمانیان، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە.


ئاشکرایە، خەڵک بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و رێکخستنە نهێنیەکان؛ خاوەنی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینن، لەگەڵ ئەوەشدا، مایەی رەخنەیەکی ڕژد و نیگەرانییەکی قوڵە؛ دوای زیاتر لە (٣٠) ساڵ حکومڕانیی کوردی، نەک ئامانجەکانی ڕاپەڕین نەھاتونەدی، بەڵکو پاشەکشێ دەبینیرێت لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، ئازادییە کەسی و گشتیەکان، سەروەری یاسا، بە نیشتمانیکردنی دامەزراوەکان، بەشداری سیاسیی ڕاستەقینە بە گەنجان و ژنان، دادی کۆمەڵایەتی و بیناکردنی پایەکانی حوکمڕانی دروست، کە جێی متمانەی هاونیشتمانیان و خەڵکی قوربانیدەری هەرێمی کوردستان بێت.


هاونیشتمانیانی سەربەرز..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..

ئێمە لەکاتێکدا، یادی ڕاپەڕین بەرز ڕادەگرین، لە هەمانکاتیشدا داواکارین لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، جۆرێک لە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەنێوانیاندا هەبێت، کە ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی ئەو هاونیشتمانیانە بێت، کە دەنگیان بە لایەنەکانی دەسەڵات نەداوە و بژاردەی جێگرەوەی سیاسیان قبوڵکردوە، ئەمەش خزمەت بە فرەیی سیاسیی و پرۆسەی دیموکراسی و کێبڕکێی و ململانێی نێوان لایەنەکانی دەسەڵات، کە ئێستا لە قۆناغی دانوستانن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم و لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە پڕۆژەی بەدیل و ڕەخنەی سیاسییەکانیان بخرێتە خزمەت داواکاریەکانی هاوڵاتیان و زیادکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پێویستەکان.

بزوتنەوەی گۆڕان

224 جار خوێندراوەتەوە