سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: پەیوەندییەكی
مێژویی و درێژمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا هەیە و دەكرێت كوردەكانی رۆژئاوای
كوردستان سود لە ئەزمونی حكومەتی هەرێم وەربگرن.
هەواڵ: (KNNC)
لە میانی گفتوگۆیەکی تایبەتدا، لە
نۆیەمین دیداری سلێمانی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
رایگەیاند: پەیوەندییەكی مێژویی و درێژمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا هەیە، بەڵام
ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی پەیڕەوی سیاسییەكی جیاوزا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكەن.
وتیشی: دەكرێت كوردەكانی رۆژئاوای
كوردستان سود لە ئەزمونی حكومەتی هەرێم وەربگرن كە ئەزمونێكی دەوڵەمەندە، ئەوەشی بەلای
هەرێمەوە گرنگە؛ ئەوەیە كە کوردانی سوریا یەکگرتوو بن بەو جۆرە دەتوانن زیاتر
داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن.
لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، وتی: پێشتریش
هەوڵ دراوە كە ئاشتی ببێت بەجێگرەوەی شەڕ، بەڵام ئاشتی بەتەنها یەك لایەن ناکرێت،
ئەم جارە گۆڕانکاریی هەیە و ئێستا لایەنە توندەكانیش باسی پڕۆسەی ئاشتی و نزیکبونەوە
دەکەن، بۆیە هەرێكی كوردستان هەوڵ دەدات فاكتەری نزیكبونەوەی لایەنەكان بێت لەگەڵ
یەكتری.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم و
كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێران هەیە
و لەگەڵ ئەمەریکاش دۆستایەتیمان هەیە؛ رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و
ئەمەریکاش دەگرین، لە بەرژەوەندیی کورددا نییە ببێتە بەشێک لە کێشە.
101 جار خوێندراوەتەوە