پەیامەکەی ئەمڕۆی سەدر

پەیامەکەی ئەمڕۆی سەدر، هێندەی سیاسی بوو، هێندە دینی نەبوو. راستە لە ڕواڵەتدا بۆنەکە دینی بوو، نوێژی هەینی بە پۆشینی کفنەوە، کە مانا و هێمای ئاینین، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامەکە شتێکی جیاوازتر بوو. ئەمڕۆ دین ڕووپۆشێک بوو بۆ گووتنی پەیامێکی جیاوازتر لە دین،  ئەمڕۆ سیمبولەکان لە ناو دینەوە دێن، بەڵام پەیام و گوتارەکان سیاسیین، پەیامی سیاسی و نمایشی پێگەی سیاسی و جەماوەری، پەیامی هەڕەشەکردن بە زمانێکی نەرم و سەردەمیانە، پەیامێک هەڵگری نامەی هەمەجۆری چەندبارە بوو بۆ جارێکی دی لەرزاندنی قاچەکانی ئەو کورسییەی کە ڕەنگە بەشێک لە نەیارە پلە یەکەکانی ئێستای  سەدر، هیوا و خەونی ڕەنگاڵەییان لەسەر هەڵچنیبێت.

سەدر لە پەیامەکەیدا هیچی نوێی نەگووت، تەنیا ئەوەی بە بیر گروپی چوارچێوەی هەماهەنگی هێنایەوە: «بیر لە مالکی و هاوکارەکانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەکەنەوە، ئەگینا ئەم حەشاماتە چۆن ئامادەن بە تویتێکی من ڕێگە بەرەو  جەهەننەم ببڕن، ئامادەیشن ئێستای ئێوە بگۆڕن بە دۆزەخ».

سەدر گووتی: بێوەرگرتنی ڕەزامەندی پێشوەختەی من، هیچ سەرۆک وەزیرانێک بە ئارامی توانای دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات لە بەغدای نابێت و هیچ حکومەتێکی تەمەن درێژیش بوونی نابێت.

پەیامی سەدر ڕوون بوو، ئێمە لە پەرلەمان کشاینەوە، بەڵام هێشتا هیچ فراکسیۆن و هێز و فیگەرێکی سیاسی و دینی، لە دەرەوەی متمانەی دەرەوەی پەرلەمانی ڕەوتی سەدر و خودی موقتەدادا، توانای هەناسەدانی بە ئاسوودەیی نابێت!
وتى،" ئەوە ئێمەین لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەتدا، شوناس و مانا بە بوونی سیاسی ئەو دامەزراوانە دەدەین و هێزی مانەوەیان پێدەبەخشین. کورت و پوخت، ئەوەی تا ئێستایش لە عێراقدا، بڕیار لە شەخسی سەرۆک وەزیران و فۆرمی ئیدارەدانی وڵات و فیگەرە سیاسی و ئیدارییەکانی دەدات، تا ڕادەیەکی گەورە، (حەنانە)یە نەک (بەغدا).

282 جار خوێندراوەتەوە