ناسیۆنالیزمی نەژادی لە پرسی کەرکوکدا

گرنگی ناسیۆنالیزم لەوەدایە، هێزی ئەوەی هەبێت نەژاد و کولتورە جیاوازەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە و لە چوارچێوەی یەک نەتەوەدا ڕێکیانبخات، وەک (ئەمریکا و بریتانیا) بۆ نموونە. بوونی ناسیۆنالیزم تەنیا بەمانای ژیانکردن لەسەر فەرهەنگ و مێژووی ڕابردوو نییە، مانای خۆ لە قاڵبدان لە ناو ڕووداوەکانی ڕابردوو و پیرۆزکردنیان نییە، بەڵکو هەندێجار پێویستدەکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕابردووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەروەرییەکانی ئەو مێژووە، سەرلەنوێ و بە فۆرمێکی تازە، نەتەوە بونیادبنرێتەوە، واتە سڕینەوەی کولتوری ڕابردوو مانای لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوە نادات، بەڵکو مانای دووبارە دروستکردنەوە و داهێنانی کولتوریش دەگەیەنێت.


   لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا، ناسیۆنالیزم زادەی ڕۆحی ڕۆشنگەری بوو. ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی پتەوی بە فیکر، چەمکەکانی ئازادی تاکەکەس و ئەقڵانییەت و نیشتمانپەروەرییەوە هەبوو. ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم ڕەنگدانەوەی خواستی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینە مامناوەندەکان بوو. ناسیۆنالیزم لە ڕۆژئاوادا جەختی لەسەر واقیعییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکردەوە، نەتەوەی بە یەکەیەکی زیندوو و ڕاستەقینە دەبینی، نەک وەک نەژادێک.


دواتر و لە سەدەی بیستدا، لە هەندێ لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا، هەروەها لە تەواوی ڕۆژهەڵاتیش، خەریکی بەتاڵکردنەوەی ناسیۆنالیزم لە ڕۆحە ڕۆشنگەرییەکەی بوون.لە ڕۆژئاوادا، نازیزمی ئەڵمانی و فاشیزمی ئیتاڵی، فیکری ناسیۆنالیزمیان تا ئاستی ناسیۆنالیزمی نەژادی و ڕاسیزم برد. لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتیشدا ئەم ڕۆحی ڕۆشنگەرییەی ناسیۆنالیزمیان یان ڕەتدەکردەوە، یان هەر لە بنەڕەتەوە قبوڵیان نەبوو، لە بەرانبەر ئەوەدا لە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت و ئیمان، یان دەسەڵات و نەریتگەراییدابوون. لە سەرزەمین و بیرکردنەوەی ئێمەی کوردیشدا، ناسیۆنالیزم بە مانای ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵات و هەژموونی داگیرکار و ئەویدیکەی بێگانە بوو، بەبێ ئەوەی ئەو ناسیۆنالیزمە بتوانێت دوای ڕزگاربوون لە ئەویدی، ئازادی و دیموکراسی بۆ ناوەوەی خۆی بهێنێت.

لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتی، ناسیۆنالیزم ڕەنگدانەوەی ویستی بنەماڵە خانەدان و نەریتییەکان بوو، واتە پێچەوانەی ڕۆژئاوا، نە ژێرخانێکی فیکری و ڕۆشنگەری هەبوو، نە ڕیشەی لە ناو واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بوو، ڕەنگە هەر ئەوەش هۆکاری بەشێکی گرنگی ئەوە بێت، کە نەتوانیویەتی ئازادی و دیموکراسی بهێنێت، نە متمانەیەکی زۆریشی بەخۆی هەبێت. لێرەوە زۆربەی کات ئاڵوودەی جۆرێک لە گرێی دەروونی بووە، گرێی هەستکردن بە سووکایەتی و بچووک بینین لەلایەن ئەویدیکەی بێگانەوە، سەرەنجام ئەم جۆرە بینینەی لە بەرانبەر خۆیدا، بەشێوازی ڕادیکاڵانە و جوڵەی نائەقڵانی وەڵامداوەتەوە، رێک وەک ئەم وەڵام و جوڵەیەی ئێستای کورد سەبارەت بە دۆخی کەرکوک لەبەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا کاری لەسەر دەکات.


   گرژییەکانی ئەم دواییەی کەرکوک، ڕەنگە هێزی ئەوەی هەبێت زۆر بابەتی زیاتر بۆ ئێمە ڕوونبکاتەوە و لە بەرانبەر هەندێ تێگەیشتنی جیاوازتری ناسیۆنالیزمیشدا ڕامانگرێت. ئەگەر دیقەت بدەین، کاتێک ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایی دێت، زیادتر خەریکی بیرکردنەوە و سەرقاڵییە بە خەونەکانی داهاتوویەوە، هەرچی ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵاتییە، لە ناپیرۆزیدا، خەریکی دروستکردنی پیرۆزی و، سەرقاڵی لە جوڵەخستنی مێژووە. ئەوە ڕوونە، کە زۆرجار بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیاکان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاریکراو لەگەڵ یەکدیدا ململانێ دەکەن، لەم جۆرە ململانێیەدا، ناسیۆنالیزم بە دەگمەن دەبێتە ناسیۆنالیزمی نەتەوە، بەڵکو زیادتر ڕەنگدانەوەی تێگەیشتن و دیدی گروپێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی بچووک دەبێت سەبارەت بە نەتەوە و فۆرمی ململانێکان.


   ئەم چەند ڕستەیەم بۆیە نووسی، تا بزانین، ئەو گوتارە سادەیەی ئێمە، تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاستی عیراق بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی، کاری پێدەکات، بەرەو کوێمان دەبات و چەند دەمانکات بە یاریکەرێکی گرنگ لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدادا. دیارە کە قسە لە کورد و گوتاری کوردی دەکەم، بە هیچ جۆرێک نامەوێ بڵێم، ئەوەی لە بەغداوە دێت، گوتارێکی دروستی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانە. لە ئێستادا بەغدا، تێکەڵەیەکە لە گوتاری نەژادی، تایەفی و مەزهەبی، دینی و نەتەوەیی تاریک، ئەم گوتارە لە هیچ شوێنێکییەوە ناچێتەوە ناو ڕووبەرەکانی خۆشەویستی ژیان و بەیەکەوەژیان. بەڵام قسە ئەوەیە، بۆچی کاتێک ئەو بەغدایە بوونی نەمابوو، ئێمەش وەک کورد هێزی ئەوەمان هەبوو ئامانجی گەورە بەدەست بهێنین، گوتاری ناسیۆنالیستیمان نەرم و دیموکراسی، لە گوتاری غاندی ئاشتیخوازانەتر و لە هی ماندێلاش مرۆڤدۆستانەتر بوو، کەچی لە ئێستادا کە هێز و توانای ناوەکی و دەرەکی بۆ بەغدا گەڕاوەتەوە، پەنا بۆ گوتاری ناسیۆنالیستی توند و نەژادی دەبەین، لە کاتێکدا باش دەزانین ئەم گوتارە هێزی یەکلاکردنەوەی بچووکترین کێشەی بە قازانجی کورد، نابێت.


   دیدگای ناسیۆنالیزمی نەژادی، گەڕانەوەیەکی نازانستی و نائەقڵانییە بۆ ناوەوەی خۆت وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی جیاواز، سەرسامبوونی لە ڕادەبەدەرە بە بوونی نەژادی و مێژوویی و کولتوری خۆت، بەردەوام خۆت لە ئەوانیدی باشتر، پاکتر، بڵندتر دەبینیت و نەژاد وەک ڕەگەزی زاڵ لە خۆبەراوردکردن بە ئەوانیدیکەی دەرەوەی خۆت، ڕۆڵی گرنگ و سەرەکی دەگێڕێت. گوتاری ناسیۆنالیزمی نەژادی، گوتاری دابەشکارییەکی پڕ ترس و تاریکە، لەگەڵ هاتنی ئەم گوتارەدا، بوونی منی گەورە و ئەویدی بچووک، منی ڕەسەن و ئەویدی ناڕەسەن، منی باڵا و ئەویدی نزم، دەستپێدەکات. ئەم جۆرە گوتارە، تەنیا لە ئاستی ڕوانین بۆ نەتەوەی بەرانبەر وەک یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوەستێت، بەڵکو شۆڕدەبێتەوە بۆ مامەڵەی پەیوەندی کۆمەڵایەتیش لەگەڵ تاکەکانی ناو ئەو نەتەوە جیاوازانە، واتە دەبێتە جۆرێک لە ڕوانینی گشتی و فۆڕمێک لە بیرکردنەوە، کە سەرەنجام جگە لە ڕاسیزم و توندوتیژی دژ بە نەتەوە، فۆڕمی بیرکردنەوە و بیروباوەڕەکانی دیکە، هیچی دی بەرهەم ناهێنێت.



   دیدی ناسیۆنالیزمی نەژادی، کۆی جوڵە و بەرەوپێشچوونەکانی مێژوو، ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر ئەو بنەمای نەژادییە لێکدەداتەوە، سەرجەم هەڵە و کەموکورتی و شکستەکانی ناوەوەی خۆی، تێکەڵ بە ناوەرۆکی گوتارەکە دەکات و خەریکی خوڵقاندنی حەماسی نەتەوەیی-نەژادی نائەقڵانی دەبێت. واتە ناسیۆنالیزمی نەژادی وەک سەرپۆشێک بۆ داپۆشینی شکستەکانی ناوەوە بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە شکستی ئێمە لە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی مەدەنی و دیموکراسیانەی دەسەڵات لە کەرکوک، کاتێک پارتی و یەکێتی دەسەڵاتداری یەکەمی شارەکە بوون، شکستی دەسەڵاتی کوردی لە ئابووری سەربەخۆ، لە ئیدارەدانی دادپەروەرانەی سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان و خزمەتگوزاری لە هەرێم، شکست لە دروستکردنی ژێرخان بۆ بونیادنانی دەوڵەت و تا دوایی.


ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکوک دەگوزەرێ، تەنانەت ئەوەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش هاتووەتەپێش، سەبارەت بە کورد، بەرپرسیاری یەکەم دەسەڵاتی کوردییە، نەک بەغدا، ئێمە ڕۆحی شۆڤینییەت و نەژادپەرستی لە بەغدا دەبینین و دەبێت لە دژیشی بوەستینەوە، بەڵام ئەوەی ئەو ڕۆحەی بوژاندەوە، ئەوەی بە تەنیشت ئەو ڕۆحەوە دانیشت و دەستوری نووسییەوە، ئەوەی خەریکی بەهێزکردنەوە و دروستکردنەوەی ئەو ڕۆحە بوو، کورد خۆی بوو. کاتێک تۆ لە بەرانبەر ڕۆحێکی مردوودا، خەریکی بەشینەوەی گوتاری دیموکراسی،بونیادنانەوەی دەوڵەت و بەیەکەوەژیانی، ئەی بە چ لۆژیکێک دوای زیندووبوونەوەی ئەو ڕۆحە و بەهێزبوونەوەی، بۆ گوتاری نەژادی و ناسیۆنالیزمی نەژادی دەگەڕێیتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر مرۆڤ سادەش بیربکاتەوە، نەک خۆی وەک سیاسی و مەرجەع پێناسە بکات، لەو ڕاستییە تێدەگات، کە ئەم گوتارە لە ئێستای پەیوەندی هێزی نێوان هەرێم و بەغدا، چ لە ئاستی ناوەوەی هەرێم و عیراق، چ لە ئاستی پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، ناتوانێت بچووکترین دەستکەوتی سیاسی بۆ کورد وەک نەتەوەیەک بهێنێت.


لێرەوە گرنگ دەبێت ئەو ڕاستییە فیکرییە ببینین، ناسیۆنالیزمی نەژدای، لە هیچ شوێنێکییەوە ناتوانێت خزمەت، نە بە پرسی کورد و نە هیچ نەتەوەیەکی دیکەیش بکات، نە دەتوانێت ئارامی بۆ کورد، نە بۆ عەرەب و تورکمان و ئەوانیدیش بهێنێت. ئەم فۆڕمە لە ناسیۆنالیزم، جگە لە زیادترکردنی ژمارەی کوژراو و بریندار، جگە لە قوڵترکردنی برینەکان و ئاڵۆزترکردنی کێشەکان، جگە لە وێرانکردن و هەڵتەکاندنی سەرجەمی ڕایەڵەکانی پەیوەندی و بەیەکەوەژیان لە نێوان گروپە نەتەوەیی و ئاینیییە جیاوازەکان، ئەنجامێکی دیکە ناهێنێت.


   کێشەی هەرێم و بەغدا، لەناویشیاندا کەرکوک، نە بە گوتاری عروبەی عیراقی، نە بە گوتاری نائەقڵانی و نەژادی تورکمان و ئەردۆغانی مەرجەعی فیکری و سیاسییان، نە بە گوتاری ناسیۆنالیزمی نەژادی کوردی، جارەسەر ناکرێت. دەبێ هەم کەرکوکییەکان، هەم ئێمەیش و باقی گروپە نەتەوەییەکانی دیکەیش، لەوە بەئاگاتر و هۆشیارتر بین، چیتر لە ژێر تایتڵی ئەم گوتارە نائەقڵانی و دژەمرۆییە نەکرێین بە قوربانی. ناسیۆنالیزمی نەژادی، نەک هێزی ئەوەی نابێت هەنگاوێک وەک یاریکەر بمانباتە ناو مێژووی ململانێکانی عیراق و ناوچەکە، بەڵکو دەیان هەنگاو بەرەو پاشەکشەی ترسناکیشمان دەبات. ناسیۆنالیزمی نەژادی، گوتارێکی بەتاڵ لە ڕۆحی ڕۆشنگەری و ژیان و دیموکراسییە، هەموو ئەو ڕووبەرانە خاپوور دەکات، کە دەچنەوە ناو ماڵی بەیەکەوەژیان و ڕێزگرتن لە مرۆڤ. بۆیە ئەنجامی ئەم گوتارە، جگە لە شانازی حیزب بە زیادتربوونی ژمارەی شەهید، جگە لە بەکارهێنانی نائەخلاقییانەی خوێنی گەنجانی ئێمە لە ململانێی هەڵبژاردن، هیچ بەرهەمێکی دیکەی لێسەوز نابێت.

117 جار خوێندراوەتەوە