کازمی لە سعودیە

بڕیارە دووشەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی سعودیە بکات، لە دوای دەست بەکاربوونییەوە، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی کازمی دەبێت بۆ دەرەوەی عیراق.

ھەڵبژاردنی سعودیە رەنگە چەندین ئاماژەی رەمزی رۆشنی لە پشت بێت، لە پێش ھەموویانەوە، دوور نییە:

1/ ھەوڵێک بێت بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ باوەشی عەرەبی و بایەخی پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ ریاز بکرێتە سەرەتای چەسپاندنی گەڕانەوە بۆ ئەم بیرۆکەیە.

2/ نامەیەک بێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی عێراق بە شوناسی سەربەخۆیی خۆی و ناسنامە عەرەبییەکەی.

3/ بەغداد و ریاز، سیاسەتی میحوەری و دەست خستنەناوەوەی بیانی و وڵاتانی دەوروبەر لە کاروباری یەکدی رەتدەکەنەوە، کە دوورنییە ئەمە نامەیەکیش بێت بۆ تورکیا.

4/  سعودیە و عێراق (900)کم سنوری ھاوبەشیان ھەیە، واتە ھەر جۆرێک لە نائارامی و بوونی تیرۆر ناڕاستەوخۆ دەبێتە دوژمنی ھاوبەشی ھەردوولا، بۆیە پێویستیان بە ھاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری دەبێت، ھەروەکچۆن ئاسایشی ھەر دوو وڵات پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە یەکدییەوە ھەیە.

5/ ئەم سەردانە وەک یەکەم سەردان، دەبێتە نامەیەکیش بۆ ئێران و ناڕاستەوخۆش کەمکردنەوە لە ھەژمون و دەسەڵاتی تارانە لە بەغدا.

6/ کازمی وەک بەڵێنیداوە، دەیەوێ عێراق بەرەو دەوڵەتی دامەزراوەیی ببات، واتە بڕیاری سیاسی عێراقی دوور بێت لە ھەژمونی وڵاتانی تر، سیستمی سیاسی لەسەر بنەمای نیشتیمانی و دوور لە پشک پشکێنە و تائیفییەت دابمەزرێنێتەوە، میلیشیا ھەڵوەشێنێتەوە و سوپا لەسەر بنەڕەتی باوەڕێکی نیشتیمانی بونیاد بنێتەوە.

7/ کازمی دەیەوێ ئەو پەیامەش بۆ ئێران و تورکیا بنێرێ، کە پەیوەندی لەگەڵ ھەر وڵاتێک ئاساییە، بەڵام نابێ ئەم پەیوەندییانە لەسەر حیسابی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو بێت.

8/  بڕیارە کازمی دواتر سەردانی ئێران و ئەمریکاش بکات، نامەی رێزگرتن لە بڕیاری سیاسی و سیادەی عێراق بە ئەوانیش بگەیەنێت.

9/ ئەگەر کازمی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت: بەشبەحاڵی خۆم ئاسۆیەکی روون سەبارەت بە پرسی کورد لە داھاتووی عێراقدا نابینم، بەھێزبوونەوەی بەغدایەکی نادیموکرات، لەو مەترسییە کەمتر و بچووکتر نابینم، کە نزیک بە (30) ساڵە دەسەڵاتی کوردی، بۆ سەر خۆی و ھاوڵاتیانی کوردستان و ئەزموونەکەی دروستیکردووە.

799 جار خوێندراوەتەوە