ئەو كەسانە كێن نابێت شوتی بخۆن؟

KNN : Kurdish News Network
04:35 - 28/06/2024
تەندروستی
+
-

لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرما و بۆ فێنكبونەوە و زیادكردنی بڕی ئاوی لەش، ژمارەیەكی زۆری خەڵك پەنابۆ خواردنی هەندێک میوەی هاوینە دەبەن كە دیارترینییان شوتییە، بەڵام رێنماییە تەندروستییەكان ئامۆژگاری هەندێ كەس دەكەن كە شوتی نەخۆن.

 

 

تەندروستی: (KNNC)


هەردو ماڵپەڕی تەندروستی (healthline) و (ndtv) ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، سەرەڕای تام و چێژ و سودە تەندروستییەکانی، بەڵام هەندێك كەس نابێت شوتی بخۆن، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت.

 

ئەوشیان رونكردوەتەوە، رێنماییە تەندروستییەكان ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكەن كە نەخۆشی شەكرە، نەخۆشیەكانی دڵ، كێشەی هەرس، هەوكردنی جگەر و حەساسیەت-یان هەیە، شوتی نەخۆن و هۆكارەكانیشیان بەم جۆرە رونكردوەتەوە.

 

نەخۆشانی شەکرە
شوتی شەکری سروشتی تێدایە، پێدەچێت لەكاتی خواردنیدا ببێتە هۆی بەرزبونەوەی کتوپڕی ڕێژەی شەکر لە خوێندا، بەتایبەتی کاتێک بە ڕێژەیەکی زۆر بخورێت، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە یان بەرگری ئەنسۆلینیان هەیە وریا بن.

 

نەخۆشانی دڵ
بەهۆی هەبونی رێژەیەکی بەرزی پۆتاسیۆم لە شوتیدا، بەڵام خواردنی زیان بە دڵ دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەیە پێویستە لە خواردنی شوتیدا زیادەڕۆیی نەكەن و خۆیان رابێنن كە رێژەیەكی كەم بخۆن.

 

ئەو کەسانەی کێشەی هەرسیان هەیە:
زۆر خواردنی شوتی دەبێتە هۆی ئاوسانی سک و غازات و ئازاری سک ئەوەش کێشە بۆ هەرسکردن دروست دەكات، چونکە ڕێژەیەکی زۆر ئاو و ڕیشاڵی تێدایە.

 

ئەو کەسانەی کە هەوکردنی جگەریان هەیە
ئەو کەسانەی بەدەست هەوکردنی جگەرەوە دەناڵێنن، پێویستە خۆیان لە خواردنی بڕێکی زۆر لە شوتی بەدور بگرن، چونکە  خواردنی رێژەیەکی زۆر دەبێتە هۆی زیادبونی هەوکردنی جگەر.

 

دروستكردنی حەساسیەت
پێدەچێت هەندێک جار خواردنی شوتی حەساسیەت بۆ لەشی مرۆڤ دروست بكات، کە نیشانەکانی بریتین لە خوران و سەختی هەناسەدان بۆیە واباشترە ئەو كەسانەی دوچاری حەساسیەت دەبن خۆیان لە خواردنی شوتی بەدوربگرن.

1668 جار خوێندراوەتەوە