لەماڵەوە شامپۆی هێلکە دروستبکە؛ چارەسەرێکی سادە بۆ کێشەکانی قژ

KNN : Kurdish News Network
02:56 - 07/07/2024
تەندروستی
+
-

هێلکە بەهۆی بونی پرۆتین و ماددە خۆراکیەکانی دیکە، سودێکی ئێجگار زۆر بە قژ دەگەیەنێت، دەتوانیت بەچەند هەنگاوێکی سادە لەماڵەوە شامپۆی هێلکە دروستبکەیت و قژت بە تەندروست بپارێزیت.

تەندروستی:KNNC

 

بەوپێیەی شامپۆ بەرهەمێکی پارێزەری قژە و هەموان بەدوای باشترینەکان دەگەڕێین بۆئەوەی ببینە خاوەن قژێکی تەندروست، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ماددە کیمیاییەکان کە لە ناو شامپۆکاندا هەن زەرەر بە قژ دەگەیەنن، بۆیە، ئەگەر بێزاربویت لە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ قژت، ئەوا دەتوانیت شامپۆی هێلکە دروستبکەیت، چونکە هێلکە پرۆتینی تێدایە کە پێویستە بۆ مانەوەی قژ بە تەندروستی و بە‌هێزی.

 

سودەکانی هێلکە بۆ قژ:

 

شکانی قژ کەم دەکاتەوە، 100 گرام هێلکە لە 12.6 گرام پرۆتین پێکدێت، پرۆتینی ناو هێلکە بە تایبەتی کیراتین یارمەتی بەهێزکردنی تاڵەکانی قژ دەدات و شکان کەم دەکاتەوە و خۆڕاگری بەرز دەکاتەوە.

 

یارمەتی گەشەی قژ دەدات: هێلکە بایۆتینی تێدایە، کە پێویستە بۆ گەشەکردنی قژ.

 

رێگری دەکات لە هەڵوەرینی قژ: ترشە چەورییەکانی ناو هێلکە دەتوانن پێستی سەر شێدار بکەن و خۆراکیان پێبدەن، ئەوەش یارمەتیدەرە لە رێگریکردن لە وشکبونەوە و هەڵوەرینی قژ.

 

 رەونەق دەدات بە قژ: ئەو لێسیتینەی لە هێلکەدا هەیە یارمەتیدەرە بۆ چاککردنەوەی قژی تێکچو هەروەها نەرم و رەونەقداری دەکات،  هەروەها ڤیتامینەکانی A و C کە لە هێلکەدا هەن دەتوانن پێکهاتەی قژ باشتر بکەن و بریقەیەکی سروشتی زیاد بکەن.

لەماڵەوە بەم شێوەیە شامپۆی هێلکە دروستبکە:
یەک هێلکە

یەک کەوچکی چێشت زەیت، کە دەتوانێت زەیتی زەیتون یان گوێزی هیندی بێ

یەک کەوچکی چێشت هەنگوین

چەند دڵۆپێک زەیتی سروشتی

هێلکەکە لە ناو قاپێکدا تێک بدە، پاشان لەگەڵ زەیتی زەیتون یان گوێزی هیندی تێکەڵیان بکە.

قژت تەڕ بکە پاشان شامپۆی هێلکە بدە لە پێستی سەرت و قژت، دوای مەساجکردن بە نەرمی با نزیکەی پێنج بۆ 10 خولەک بمێنێتەوە. پاشان بە ئاوی سارد بە باشی بیشۆ.

ئەو کەسانەی قژیان وشکە دەتوانن ئەوم شامپۆ سروشتییە لە هەفتەیەکدا یەک بۆ دوو جار بەکاربهێنن، بەڵام ئەو کەسانەی قژیان چەورە دەتوانن لە هەفتەیەکدا یەک جار بەکاریبهێنن.

سەرچاوە/ سایتی HEALTH SHOT

319 جار خوێندراوەتەوە