ھۆکارەکانی ڕاچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا چین؟

KNN : Kurdish News Network
10:15 - 04/10/2024
تەندروستی
+
-

راچڵەکین زیاتر لە هەمو جەستەدا رودەدات لە کاتی خەوتن، بەڵام هەندێک جاریش رەنگە تەنها بەشێکی لەش بگرێتەوە وەک، قۆڵەکان، قاچ، هەندێک جاریش کەسەکە لەوانەیە دەنگێکی لێوەبێت یان بقیژێنێت، وە هەندێک جاریش کەسەکە لە خەو هەڵدەستێت و هەستی کەوتنە خوارەوەی لا دروست دەبێت.

 

تەندروستی:KNNC

 

ئەنجامی توێژینەوەکان دەڵێن: 70%ی خەڵک توشی راچڵەکین و لەرزین دەبن لەکاتی خەودا، راچڵکەین و لەرزین لەکارتی خەودا لە ئەنجامی گرژبونی ماسولکەکانەوە رودەدەن و بەشێوەیەکە کەسەکە خۆی بێئاگایە.

 

زۆرێک لەتوێژینەوەکان دەڵێن: ئەم جوڵە و لەرزینە لەئەنجامی خاڵیبونەوەی بارگەی کارەبایە لە دەمارەکاندا، کەبەشێوەی سیگناڵ بۆ مێشک دەڕوات و مێشکیش بە شێوەی جوڵەیەک دەریدەبڕێت .

 

د. هەڤین کەمال شا، پزیشکی پسپۆڕی بەنج و ئازارشکاندن باس لە چەند هۆکارێک دەکات کە دەبنەهۆی راچڵەکین و لەرزین لە کاتی خەودا.

 

- دوو دڵی و سترێس: شێوازی ژیان کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کاتی پشودان و خەوتن، لەبەر ئەوەی سترێس و شڵەژانی دەرونی مێشک بە ئاگایی دەهێڵێتەوە، ئەوەش وادەکات مێشك سیگناڵی کارەبایی بنێرێت بۆ دەمار و ماسولکەکان، ئەوەش دەبێتەهۆی راچڵەکین و گرژبون.

 

- زۆربەکارهێنانی وریاکەرەوەکان: کافاین و نیکۆتین کاریگەرییان لەسەر توانای لەش بۆ خەوتن بەشێوەیەکی سروشتی هەیە، یاخود توانای مانەوە لە خەودا بۆ کاتی پێویست، ئەم وریاکەرەوانە وادەکەن مێشکی مرۆڤ پشوی تەواو نەدات و نەچێتە قۆناغی خەوی قوڵەوە.

 

- ئەنجامدانی وەرزش: کاریگەرییەکی باشی هەیە لە چالاککردنی جەستە، بەڵام ئەنجامدانی لەکاتێکی درەنگی ئێوارەدا و نزیکی کاتی خەو، وادەکات جەستە نەتوانێت پشوبدات لەکاتی خەو، ئەوەش دەبێتەهۆی راچڵەکین و لەرزین.

 

- هەندێک خوی خراپ پێش خەوتن یان لەکاتی خەوتن، بۆ نمونە خەوی ناڕێک و پچڕ پچڕ، درەنگ خەوتن، بەکار‌هێنانی ئامێری زیرەک پێش خەوتن.


دەشڵێت: راچڵەکین لە کاتی خەو، مانای ئەوەنییە ئەو کەسە نەخۆشە، بەهەندێک گۆڕان لە شێوازی ژیان و لایف ستایلدا، دەتوانرێت راچڵەکین و گرژی کەمبکرێتەوە، ئەویش بە دورکەوتنەوە لە کافاین و ئەنجام نەدانی وەرزش بە شەو.

896 جار خوێندراوەتەوە