بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان سبەینێ شەممە دیاردەی وەرگەڕانی زستانە رودەدات
و یەكەم ڕۆژی وەرزی زستان لەنیوەگۆی باكوری هەسارەی زەوی دەستپێدەكات.
هەواڵ: (KNNC)
بەڕێوەبەرایەتی
کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویكردوەتەوە؛ بەپێی
لێكدانەوە فەلەكییەكان، ڕۆژی شەممە (2024/12/21) كاتژمێر (12:20)ـی پاشنیوەڕۆ بەكاتی
هەولێر، دیاردەیوەرگەڕانی زستانە (WinterSolstice) رودەدات،
واتە یەكەم ڕۆژی وەرزی زستان لەنیوەگۆی باكوری هەسارەكەمان دەستپێدەكات.
رونیكردوەتەوە كە یەكەم رۆژی زستان، درێژترین شەوی ساڵە و ماوەكەی
دەگاتە (13) كاتژمێر و (44) خولەك و یەك چركە، ماوەی ڕۆژیش كورترین ئاست تۆمار
دەكات كە دەگاتە (10) كاتژمێر و (15) خولەك و (59) چركەیە.
رونیكردوەتەوە، بەپێی لاریی گۆشەیی خولانەوەی تەوەریی زەوی لەسەر
خولگەكەیدا، تیشكی خۆر ستونی دەبێت لەسەر (خولگەی گیسك) لەنیوەگۆی باشوری زەوی،
هەر بۆیە تیشكی خۆر زیاتر بەرە و نیوەگۆی باشوری زەوی دەكشێ تا دەگاتە ئاستی (23-پلە)
و (26) خولەك بەرەو باشور، كە ئەمەش واتای كشانێكی زۆر دەنوێنێ لە تیشكی خۆر لە
نیوەگۆی باكور بەرەو باشور، ئەوكاتە بۆ دانیشتوانی نیوەگۆی باشووری زەوی، دەستپێكی
وەرزی هاوینە، واتەوەرگەڕانی هاوینە (Summer Solstice) دەبێت.
كەشناسی سلێمانی ئاشكرایكردوە، هۆكاری درێژبونەوەی ماوەی شەو و
ڕۆژو دابەزینی پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكوری زەوی هۆكارەكەی بۆ لاربونەوەی
تیشكی خۆرە، نەك دوركەوتنەوە و نزیكبونەوەی زەوی لە خۆر، چونكە لەڕاستیدا وەرگەڕانی
زستانە لە نیوگۆی باكوری زەویدا كاتێك رودەدات كە هەسارەی زەوی بەرەو نزیكترین خاڵ دەڕوات لەگەڵ خۆردا.
هاوكات، بەو پێیەی ئەو ناوچانەی دەكەونە نێو بازنەی جەمسەریی
باكور لە هێڵە پانییە بەرزەكان، خۆر یەكجار زۆر زیاتر لە ئاسمانیان دور دەكەوێتەوە،
تا وای لێدێت خۆر بۆماوەی شەش مانگ لەو ناوچانەدا نابینرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە،
لە ناوچەكانی نێو بازنەی جەمسەریی باشوردا خۆر بۆماوەی شەش مانگ هەڵدێت و لە كاتی
ئاوابونیدا لەسەر ئاسۆی ڕۆژئاوا دەبێ و پاشان بۆ باكوری رۆژئاواو ئینجا باكور و
پاشان بۆ باكوری ڕۆژهەڵات و ئینجا دوبارە لەڕۆژهەڵاتدا بەرز دەبێتەوە بۆ ناوەڕاستی
ئاسمان.
بەڕێوەبەرایەتی
کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی راشیگەیاندوە: تەواوی
دیاردەكانی هەڵگەڕانەوەی زستانە لە نیوەگۆی باكور لە (20 – 21 یان 22ـی كانونی
یەكەم)ـی هەمو ساڵێكدا رودەدات، بەڵام یەكجار زۆر بە دەگمەنی لە (23ـی كانونی
یەكەم)ـدا رودەدات، بۆیە، دوایین هەڵَگەرانەوەی زستانە لە (23ـی كانونی یەكەمی
ساڵی 1903) رویداو لە (23ـی كانونی یەكەمی 2303)ـدا دوبارە دەبێتەوە.
356 جار خوێندراوەتەوە