داهاتوى ئەوانە چۆنە کە کەمخەون؟ زیرەکى دەستکرد و پسپۆڕان وەڵام دەدەنەوە

KNN : Kurdish News Network
08:53 - 16/12/2024
تەندروستی
+
-

وەک پێشتر زانراوە کەمخەوى دەبێتەهۆى دروستبونى چەندین لێکەوتەى خراپ بۆ جەستە وەک هەستکردن بە هیلاکى و شەکەتى، بەڵام وێنەیەک کە بە زیرەکى دەستکرد دروستکراوە دیوێکى دیکەى ئەو خوە خراپەمان نیشان دەدات.

 

تەندروستى:KNNC

 

راپۆرتێک ئاشکرایکردوە کە ئەو خێراییەى ژیانى رۆژانەى مرۆڤ بەخۆیەوە دەبینێت وادەکات رۆژانە کەسەکان لە شەش کاتژمێر زیاتر نەخەون و ئەمەش دەبێتەهۆى چەندین گۆڕانکاریی لەسەر جەستە.


بۆ زانینى ئەو گۆڕانکاریی و کاریگەرییانەش کە کەمخەوى بۆسەر جەستە دروستى دەکات یەکێک لە کۆمپانیاکان بە هەماهەنگى لەگەڵ پزیشک و پسپۆڕانى بوارى خەو، وێنەیەکى گریمانەییان بۆ ئەو کەسانە دروستکردوە کە لە شەو و رۆژێکدا کەمتر لە شەش کاتژمێر دەخەون و ناویان لێناوە (هانا).


ئەم جەستە گریمانەییەى دروستکراوە لە ساڵى 2005 لەدایکبوە و لەساڵى 2050 دەبێتە 45 ساڵ، بەڵام بەدرێژایی زۆرینەى تەمەنى رێژەیەکى باش نەخەوتوە کە کەمتر یاخود شەش کاتژمێر بوە.


بەپێی ئەو زانیارییانەى پسپۆڕان لەسەر هانا ئاشکرایانکردوە، ئەوکەسە کێشەى ئازارى بەردەوامى پشتى هەیە، قژى دەڕوتێتەوە و قاچەکلانى دەئاوسێن، ناو چاوى بەردەوام سورە و ماسولکەکانى قۆڵ و قاچیشى زۆر لاوازن.


سەربارى هەمو ئەم کێشانەى کەمخەوى توشى هانا-ى کردوە، کێشەیەکى دیکەش لەم کەسەدا هەیە ئەویش لەبیرچونەوەیە و زیاتریش لە کەسێکى ئاسایی توشى  ئەنفلۆنزا دەبێت، چونکە سیستمى بەرگریی لەشى لاوازە.


هەروەها پسپۆڕان زیاتریان رونکردوەتەوە کە بەهۆى ئەوەى ئەمکەسە باش نەخەوتوە و بەردەوام هەست بە هیلاکى دەکات، کێشە لە هۆرمۆنەکانى دروستبوە بەتایبەت هۆرمۆنى برسێتى و تێربون و ئەمەش وایکردوە کێشى زیاد و ناڕێک بێت.

ئەم وێنە گریمانەییەى (هانا) کە پسپۆڕان کردویانەتە نمونەیەک بۆ ئەو کەسانەى کەمخەون، تەواوى وردەکارییەکانى کاریگەریی کەوخەویی لەسەر دروستکراوە و چەندین پسپۆڕى تەندروستى کاریان لەسەر کردوە.


362 جار خوێندراوەتەوە