لەگەڵ هاتنى وەرزى زستان، بەهۆى گۆڕانى کات
و درێژبونى شەوان کێشەى زیادبونى کێش لەنێو کەسانێکى زۆر دروست دەبێت، چونکە لەو
وەرزەدا خواردنە قورسەکان زیاتر دەخورێت و رێژەى خواردنیش زیاتر دەبێت.
تەندروستى:KNNC
لەگەڵ ئەوەى لە زستاندا زیاتر دەخۆین، لەو
وەرزەدا گۆڕان لە هۆرمۆنەکانیش رودەدەن وەک هۆرمۆنى میلاتۆنین کە کاتژمێرى
بایۆلۆجى جەستە رێکدەخات و کۆنتڕۆڵى هەستى برسێتى دەکات کە بەڕێژەى 80% لە زستاندا
زیاد دەکات ئەمەش رۆڵێکى گرنگیی دەبێت لە زیادبونى کێش.
بەوهۆیەوە؛ پێگەیەکى تەندروستى کۆمەڵێک رێنمایی
خستوەتەڕو بۆئەوەى ڕێگریی لە زیادبونى کێشى لەش بکەین لە وەرزى زستاندا کە
ئەمانەن:
-هەوڵبدە خواردن و میوە و سەوزە تایبەتەکان بە
وەرزى زستان بخۆن وەک گێزەر و شێلم کە پڕن لە سەرچاوەى خۆراکیی گرنگ و کالۆریشیان
زۆر کەمە، ئەمەش هەستى تێربون زیاد دەکات و رێگرییش دەکات لە زۆرخۆریی.
-لە خواردنەکاندا رێژەى بەکارهێنانى بەهارات زیادبکەن بەتایبەت
زەنجەبیل و بیبەرى وشککراو و زەردەچەوە ئەمەش وادەکات هەم خواردنەکان تامیان خۆشتر
بێت و هەم گەرمیی لەش بەرز دەکاتەوە و هەم پرۆسەى سوتانى چەوریی خێرا دەکات.
-ئاو و چا و شەربەتى لیمۆ زۆر بخۆنەوە چونکە بڕێکى باش دژە ئۆکسانیان
تێدایە و یارمەتیدەرن بۆ سوتاندنى چەوریی لە لەشدا.
-ئەگەر هەستت بە برسێتى کرد پێویستە سوکە ژەمى تەندروست بخۆیت کە
رێژەیەکى کەم چەوریی و کالۆرییان تێدایە تا رێگە لە زیادبونى کێشت بگریت.
-پسپۆڕان رێنمایی دەکەن کە خواردنى گازۆ و کەتان و بادەم و تۆوى چیا
لە ژەمەندا بەکاربخێنن چونکە یارمەتى دەدەن لەڕێی چەوریی سودبەخشەوە هەستى تێربون
زیاتر ببێت و هاوکاریی رێکخستنى رێژەى کالۆریش دەدەن لە لەشدا.
166 جار خوێندراوەتەوە