بۆچی لە شوێنی کار یان کۆبونەوەکان خەوت لێدەکەوێت؟

KNN : Kurdish News Network
04:03 - 03/10/2024
تەندروستی
+
-

ئەگەر تۆ کارمەندێک بیت، بێگومان رەنگە رۆژێک ئەوەت بەسەرهاتبێت، لە شوێنی کارەکەت خەوت لێکەوتبێت، یان رەنگە دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ، خەو بتباتەوە و ماندوت بکات، لەم بابەتەدا هۆکارەکانت پێدەڵێین.

 

تەندروستی:KNNC

 

بەپێی نوێترین راپرسی کۆمپانیای ( Sleep Doctor)، زۆرێک لەو کەسانەی کاردەکەن دەڵێن: رۆژانە لەشوێنی کارەکەیان سەرخەو دەشكێنن، هەربەپێی راپرسییەکە لەهەر سێ کرێکارێک یەکێکیان دان بەوەدا دەنێت کە لە شوێنی کارەکەی دەخەوێت.

 

مایکل بریوس، دامەزرێنەری کۆمپانیای ( Sleep Doctor)دەڵێت: ئەگەر شەوی پێشتر بەباشی نەخەوتبیت، لە رۆژدا لە شوێنی کارەکەت دەتوانیت 20 بۆ 25 خولەک بخەویت، ئەوەش یارمەتیت دەدات چالاک بیتەوە و توانای کارکردنت زیاتر دەکات، بەڵام بەمەرجێک سەرخەوشکاندن نەبێت بە خو.

 

هەروەها، زۆرێک هەن لەدوای خواردنی نانی نیوەڕۆ هەست بە خەواڵویی دەکەن، بەرای پسپۆڕانی تەندروستی هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە، بۆ دابەزینی پلەی گەرمی ناوەکی جەستە بەتایبەت دوای خواردنی ژەمی نیوەڕۆ، بۆیە ئەو کەسانەی شەو بەپێی پێویست نەخەوتون رەنگە لە شوێنی کارەکەیان دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ خەویان لێبکەوێت.

 

دکتۆر رافایل پێلایۆ، مامۆستا لە بەشی پزیشکی زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت: خەوت لە شوێنی کار حاڵەتێکی ئاساییە، بەتایبەت ئەگەر لەلایەن خاوەن کارەکەتەوە هاوکاری بکرێیت و شوێنێکت هەبێت بۆ خەوتن.

 

ئالاینا تیانی دەرونناس لە کلینیکی کلیڤلاند دەڵێت: رۆژانە خەوتن بۆ ماوەی (20 بۆ 30) خولەک، یارمەتی بە ئاگابونت دەدات و بۆماوەیەکی درێژتر بە چالاکی دەتهێڵێتەوە.

 

ئەنجامی راپرسییەکان لە نێو ئەو کەسانەی خەویان لێدەکەوێت ئەوەیان دەرخستوە، (16%)ـی بەشداربون وتویانە، لانیکەم مانگی جارێک بەهۆی خەو-ـەوە کۆبونەوەکانیان لەدەستدەدەن، 27%ـیشیان دەڵێن، لە کۆبونەوەیەکی دورو درێژدا خەویان لێکەوتوە و ئاگاداری کۆبونەوەکە نەبون.

 

توێژینەوەکانی پەیمانگای سالک دەریدەخەن، چالاکیی مێشک و بیرەوەری و باری دەروونی و هێز، بە درێژایی ڕۆژ بەرزتر دەمێنێتەوە بە بەراورد بە چالاکیی مێشکی ئەو کەسانەی کە ناخەون، سەرخەوشکاندن رێگرییەکەی گەورەدەکات لە دروستبونی سترێس، هەروەها سیستمی بەرگری لەش بەرزدەکاتەوە و ئاستی کۆرتیزۆڵ لەناو خوێندا کەمدەکاتەوە.

323 جار خوێندراوەتەوە