نۆ نهێنى ژیانت بۆ هیچ کەسێک باس مەکە

KNN : Kurdish News Network
12:39 - 06/07/2024
تەندروستی
+
-

زانستى دەرونناسى کۆمەڵێک لایەنى ژیانى دیاریکردوە کە پێویستە بۆ هیچ کەسێکى باس نەکەین، ئەمەش پەیوەست ناکات بە بێدەنگ بونمان و دورەپەرێزیمان لە کۆمەڵگا، بەڵکو پەیوەستکراوە بە دانانى هێڵێکى تایبەت بۆ ژیانمان.

 

تەندروستى: KNNC

 

پێگەى "هاک سپیرێت" ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە بەشداریپێکردنى زانیارى زۆر و ورد لەسەر ژیانى تایبەت زۆرینەى جارەکان ئەو کەسە روبەڕوى هەڵە تێگەیشتن لەلایەن چواردەورەکەى یاخود روبەڕوبونەوەى مەترسیی دەکاتەوە، هەربۆیە کۆمەڵێک نهێنى ژیانى تایبەتى دیاریکردوە کە پێویستە بۆ خۆمانى بهێڵنەوە و لەگەڵ هیچ کەسێک بەشداریی پێنەکەین.


ئامانجە کەسییەکانمان:
دانانى ئامانج هەر تاکێکدا بەشێکى گرنگى ژیانیەتى، ئیتر پەیوەندى بە کارەوە هەبێت یان کۆمەلایەتیی بێت یاخود پەرەپێدانى کەسیی، هەرچییەک بێت؛ هەرکەسێکمان بەدواى ئامانجێکەوەین و هەوڵى بۆ دەدەین، زانستى دەرونناسى رێنماییمان دەکات کە ئەم ئامانجانە بۆ خۆمان بهێڵینەوە و بە کەسانى چواردەورمانى نەڵێین، هۆکارەکەیشى بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەگەر زۆر باسى ئامانجەکانت بکەیت هەستێکت بۆ دروست دەبێت کە هەر بەڕاست ئامانجەکەت بەدیهێناوە، ئەمەش وادەکات سارد ببیتەوە و هەوڵدانت کەم بکەیتەوە یاخود بیوەستێنیت.

بیروباوەڕە کەسییەکان:
زۆرینەى توێژینەوەکان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە بەشێک لە بیروباوەڕە کەسییەکان باس نەکەین، ئەمەش پەیوەندیی بە شاردنەوەى کەسایەتیتەوە نییە، بەڵکو هەندێک جار دەبێتە هۆى دروستبونى گفتوگۆى توندى ناپێویست بەتایبەت لە پرسە ئایینى و سیاسییەکاندا، ئەمە بە ماناى ئەوە نایبەت کە ناتوانیت بەرگریی لە بیروڕات بکەیت، بەڵام توێژینەوەکان هانمان دەدەن لەو گفتوگۆ ناپێویستانە دوربین.

 

پەشیمانییەکانت لە رابردو
دەستگرتنت بە رابردوەوە و دەربڕینى پەشیمانى ئەگەرى هەیە کاریگەریی نەرێنى لەسەر جەستەت جێبهێڵێت، توێژینەوەکان دەریانخستوە کە بیرکردنەوە لە رابردو و هەستکردن بە پەشیمانى دودڵیی لە ژیانمان زیاد دەکات و ئەمەش سەردەکێشیت بۆ چەندین نەخۆشى لەنێویاندا نەخۆشییەکانى دڵ، بۆیە گرنگە ئەم هەستانە چارەسەر بکرێن و توێژەرانیش رێنمایی دەکەن کە ئەو روداوانەى لە رابردودا بون، بۆ کەسیان باس نەکەین، ئەگەریش پێویستمان بە چارەسەر بو پێویستە پەنا بۆ توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان ببەین.

 

کارە چاکەکانمان
ئەنجامدانى کارى چاکە و خێر، کارێکە هەستى مرۆڤەکان خۆش دەکات، بەڵام گرنگە ئەم کارانە بە نهێنى بێت و تەنها بۆ خۆت بێت چونکە کەسێکى دەرون دورست خێر و چاکە بۆ هاوکاریی کەسانى دەوروبەر دەکات، نەک بۆ جوانکردنى وێنەى خۆى لاى خەڵک و کۆمەڵگا.

 

کێشە خێزانییەکان
هەمو خێزانێک کێش و ئاڵنگاریی روبەڕو دەبێتەوە، زۆرینەى کێشەکانیش تایبەت و کەسین و قورسە کەسانى چواردەور تێی بکەن، بۆیە بەشکردنى ئەم کێشانە لەگەڵ کەسانى دیکە رەنگە هەڵە تێگەیشتن دروست بکات و هەندێک جاریش رێنمایی هەڵە بدرێتە کەسەکان بۆ چارەسەرى کێشەکە، توێژینەوەکان دەڵێن: بردنە دەرەوەى کێشە خێزانییەکان رێز لەناو تاکەکانى ئەو خێزانە ناهێڵێت و زۆر گرنگە ئەو نهێنییانە بپارێزرێن.

 

ترس و هەستنەکردن بە پارێزراوە
هەبونى ترس و هەستنەکردن بە پارێزراوى حاڵەتێکە ماناى لاوازیی نییە، هەمو کەسێک ترسى لە شتێکى دیاریکراو هەیە و ئەوە بەشێکە لە مرۆڤبونمان، بەڵام باسکردنى ئەم ترسانە زۆرجار هێزێکى زیاتر دەدات بەو ترسانە لە ژیانماندا، هەربۆیە ئەگەر پێویستت بە دەربازبونت بو لەم ترسانە پێویستە پەنا بۆ پزیشکى پسپۆڕ ببەیت، نەک لاى کەسانى دیکە باسى بکەیت.



رۆتینى ڕۆرژانە و گرنگیدان بە جەستەت
گرنگیدان بە جەستە و رۆتینى رۆژانە  کارێکى زۆر گرنگە، زۆر رێگاى جیاواز و جۆراوجۆر هەیە کە دەتوانین بیگرینەبەر بۆ پارێزگارى لە کێشى لەشمان، بەڵام دەرونناسان دەڵێن: باسکردنى ئەم رۆتینە تایبەتانە لەوانەیە زیانى زیاتر بێت لە سود چونکە دەکرێت بەراوردى خۆت لەگەڵ کەسانى دیکە بکەیت و بەهۆى ئەوەى لەشى هەمو کەسێکیش لەوى دیکە جیاوازە، تێنەگەیشتن دروست دەبێت.

 

بارى دارایی
لە زۆرینەى کەلتور و نەریتەکاندا، باسکردنى بارى دارایی رێگەپێدراو نییە، چونکە ئەگەر کەسەکە دەوڵەمەند بێت یان هەژار کۆمەڵێک لێکەوتەى لەسەرى دەبێت، گەر کەسەکە دەوڵەمەند بێت ئەگەرى دروستبونى چاوپیسى و بۆچونى ناواقعى دروست دەبێت، بە پێچەوانەشەوە کەسەکە هەژار بێت روبەڕوى سەرژەنشت و هەندێک رێنمایی ناپێویست دەبێتەوە کە زۆرجار بارى دەرونى خراپتر دەکات.

 

هەڵبژاردە کەسییەکانى ژیان
وردەکاریی ژیانى هەرکەسێک، کەسەکە خۆى خاوەنییەتى، ئەو بژاردانەى دەیانکات گەورە بێت یان بچوک کەسایەتییەکەى دیاریدەکات، جا کەسەکە بڕیار بدات سینگڵ بمێنێتەوە، یاخود منداڵى نەبێت، یاخود رێگاى کارکردنى جیاواز هەڵبژێرێت، بۆیە ئەم بڕیارانە بۆکەس باسمەکە و هەوڵمەدە رێنمایی لەبارى بڕیارەکانتەوە لە کەسانى دیکە وەربگریت.

914 جار خوێندراوەتەوە