وتەبێژی وەزارەتی کارەبا: خەرجی مانگانەمان 100 ملیۆن دۆلارە و بە پارەى هاوڵاتییان وەزارەتەکەمان بەڕێوەدەبەین

KNN : Kurdish News Network
10:49 - 08/07/2024
کوردستان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، خەرجی مانگانەی وەزارەتەکەیان 100 ملیۆن دۆلارە و بەو داهاتەی مانگانە لە هاوبەشانی کارەبای کۆدەکەنەوە خەرجی وەزارەتەکە دابین دەکەن.

 

هەواڵ:KNNC

 

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمى کوردستان بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زۆر سنوردارە و تەنها دەتوانرێت سێ هەزار و 500 بۆ چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنرێت، رۆژانە 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتییان دابین دەکەن.

 

راشیگەیاند، خەرجی مانگانەی وەزارەتی کارەبا 100 ملیۆن دۆلارە و هیچ بڕە پارەیەکیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ خەرج ناکرێت، بۆ کڕینی وزە و پێداویستییەکانی وەزارەتەکە تەنیا سود لە 8٪ی ئەو داهاتە وەردەگرن کە مانگانە لە هاوبەشانی کارەبای وەردەگرنەوە.

 

ئاماژە بەوەشدەکات، بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتییانەوە، هاوبەشانی کارەبا قەرزێکی زۆریان لەسەر کەڵەکە بوە و مانگانە ناتوانن پارەی کارەبا بدەن بەوهۆیەوە داهاتی وەزارەتەکەیان کەمە.

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: هەنگاو دەنێن بۆئەوەی سود لە وزەی خۆر وەربگرن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و هەنگاوی باش نراوە، ئێستا لە زۆرێک لە باڵەخانە و مزگەوت و شوێنە گشتییەکان سیستمی سۆلار دانراوە و هەوڵەکانیان بۆئەو مەبەستە چڕتر دەکەنەوە.

713 جار خوێندراوەتەوە