شارەوانی سلێمانی: لە سێ رۆژدا مەیدانی ئاژەڵان چۆڵ بکرێت

KNN : Kurdish News Network
11:19 - 08/07/2024
کوردستان
+
-

شارەوانی سلێمانی داوا دەکات لەماوەی سێ رۆژی داهاتو مەیدانی ئاژەڵان چۆڵبکرێت و کاسبکارانی مەیدانەکەش دەڵێن: تا قەرەبو نەکرێنەوە چۆڵی ناکەن.

هەواڵ:KNNC

 

پەیامنێری کەی ئێن ئێن رایگەیاند، شارەوانی سلێمانی ماوەی حەوت رۆژی بۆ کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵان دیاریکردوە تا چۆڵی بکەن، لەو وادەیەش تەنیا سێ رۆژ ماوە، بەڵام کاسبکاران رەتیدەکەنەوە مەیدانەکە چۆڵ بکەن.

 

هاوکات بەشێک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵفرۆشان بە کەی ئێن ئێن-یان راگەیاند، ئەو کاتەی کە لەو مەیدانە زەوییان وەرگرتوە بێبەرامبەر پێیان دراوە و هیچ برە پارەیەکیان لێوەرنەگیراوە، بەڵام ئێستا لەو مەیدانە نوێیەی بۆیان دروستکراوە 200 مەتر زەوییان پێدەدرێت بە 10 ملیۆن دینار، ئەو برەپارەیەش لە توانای ئەواندا نییە.

 

دەشڵێن: ئەو مەیدانە نوێیەی بۆیان دروستکراوە هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی لێنییە، بۆیە هەتا قەرەبو نەکرێنەوە شوێنەکانی خۆیان چۆڵ ناکەن.

 

بەوتەی کاسبکاران، لە مەیدانەکە نزیکەی هەزار خانی بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە و بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە، داواش لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەن بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچێت و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، زەوی مەیدانی ئاژەڵان دراوە بە کۆمپانیایەک و دەکرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبون، لە ئێستاشدا کارکردن لەبەشێکی پرۆژەکە دەستیپێکردوە.

187 جار خوێندراوەتەوە