وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایدەگەیەنێت؛
ئەو سزا نوێیانەى یەکێتى ئەوروپا و بەریتانیا بەسەر وڵاتەکەدا سەپاندویانە
پێچەوانەى یاسا نێودەوڵەتییەکانە و گواستنەوەى موشەکیش لە وڵاتەکەیانەوە بۆ روسیا
بە "درۆ" ناودەبات.
هەواڵ:KNNC
ئیسماعیل بەقائى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى
ئێران ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند؛ ئەو سزا نوێیانەى یەکێتى ئەوروپا و بەریتانیا
بەسەر ئێراندا سەپاندویانە ناڕەوان.
جەختیشیکردوەتەوە کە ناردنى موشەک لە ئێرانەوە
بۆ روسیا هیچ بنەمایەکى راستیی نییە و "درۆ"یە و ئەو سزایانەش کە
سەپێنراون پێچەوانەى یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
رۆژى رابردو، وەزیرانى یەکێتى ئەوروپا رێککەوتن
لەسەر سەپاندنى سزاى نوێ بەسەر ئێراندا و هۆکارەکەیشیان بۆ ناردنى موشەک لەلایەن
وڵاتەکەوە بۆ روسیا و بەکارهێنانى لە شەڕ دژى ئۆکرانیا گەڕاندەوە.
سزا نوێیەکانى یەکێتى ئەوروپا بۆ ئێران دوو بەندەر دەگرێتەوە کە دەکەونەسەر دەریاى قەزوین و ئەمیرباد و ئەنزەلى،
لەگەڵ کۆمپانیاى کەشتیوانى ئێرانى و سێ کۆمپانیاى کەشتیوانى روسیا، بەریتانیاش
سەرچاوەى کۆمپانیا فڕۆکەوانییە نیشتیمانییەکانى ئێران بلۆک دەکات لەگەڵ ئەو
کۆمپانیایانەى کە هاوکاریی ئێرانیان کردوە لە گواستنەوەى چەک.
هەر دوێنێ، دەیڤد لامى، وەزیرى دەرەوەى
بەریتانیا لەکاتى راگەیاندنى سزاکانى ئێراندا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى
رایگەیاند؛ هەوڵەکانى ئێران بۆ تێکدانى ئاسایشى جیهان کارێکى ترسناک و ناپەسەندە.
289 جار خوێندراوەتەوە