پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک دەستگیركردنی بەرپرسی باندێكی
سواڵكەری لە شارەكە راگەیاند كە منداڵی بەكرێی رۆژانەی (10) هەزار دینار بەكرێ
گرتوە.
هەواڵ: (KNNC)
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک بڵاویكردەوە؛ دوای
دواداچونی ورد و ئەمنی، هێزەكەیان سەرۆکی باندێکی گەورەیان لە نزیك بینای
قائیمقامیەت دەستگیركردوە كە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی فراوانی سواڵکەران
لە شارەکە.
رونیكردوەتەوە؛ دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسی
فریاكەوتنەوە گومان لە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (جێب) دەكرێت، لە خاڵێكی پشكنین داوای
لێدەكرێت بوەستێت، بەڵام شۆفێرەكە هەوڵی هەڵاتنی داوە، بۆیە بەفەرمانی بەڕێوەبەری
پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك گەمارۆدراوە و دەستگیركراوە.
ئەوەیخستوەتەڕو، دوای پشكنینی ئۆتۆمبێلە گومان
لێكراوەكە، دەركەوتوە كە دو كەسی خەڵكی كەركوك و بەغدادی پێبوە، ئەو جگە لە
دەستبەسەردا گرتنی ژمارەیەك ئامێری پەیوەندی نایاسایی، مۆبایل و بڕەپارەیەك
هەروەها تابلۆی نوسراوی ساختەیان كە بۆ بەدەستهێنانی
هاوسۆزی هاوڵاتیان بەکاریانهێناوە.
فریاكەوتنی كەركوك راشیگەیاندوە: باندەکە تۆڕێکی بەرفراوانی
منداڵانی سواڵکەریان بەڕێوەبردوە، کەڕۆژانە لە شەقامەکاندا دابەشیانكردون بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە سۆزی خەڵك رابكێشن
و مناڵەكان بۆ بەدەستهێنانی پارە بەكاربهێنن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک ئاماژەی بۆ
ئەوەشكردوە، دواتر بەدواداچونیان كردوە و دەركەوتوە كە ئەو منداڵانەی لەلایەن هێزە
ئەمنییەكانەوە رزگار كراون دانیان بەوەدا ناوە کەڕۆژانە بڕی (10) هەزار دیناریان بۆ
سواڵكردن وەرگرتوە، تەواوی ئەو پارەیەشی
كۆیانكردوەتەوە دراوە بەسەرۆكی باندەكە.
428 جار خوێندراوەتەوە